له‌ كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی لبنان سووكایه‌تی به‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌كرێ

:: AM:10:25:17/02/2018 ‌
پێشوازیی لبنان لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ریكس تیلرسن لە كۆشكی سەرۆكایەتیی لبنان، هەڵمەتێكی گەورەی تووڕەیی لە دەزگە میدیایییەكانی ئەمەریكا دروست كردووە و هەمووان رەخنەی توند لە وەزیری دەرەوە دەگرن كە قبووڵی ئەو سووكایەتییانەی كردووە، لەبارەی هۆكاری ئەو سووكایەتییەش میدیاكانی ئەمەریكا دووپات لەوە دەكەنەوە، سەركۆماری لبنان و زاواكەی هاوپەیمانی حزبوڵای لبنانن كە لەلایەن ئەمەریكاوە بە ڕێكخراوێكی تیرۆریستی ناسێنراوە و لە ماوەی ڕابردوویش سزا بەسەر ئەو ڕێكخراوە درا، لە تۆڵەی ئەمە، سەرۆكی لبنان سووكایەتی بە تیلرسن كردووە.

بەگوێرەی وێنەیەك كە پێگەی "ساوس فرۆنت"ی ئەمەریكی بڵاوی كردووەتەوە و تێیدا ریكس تیلرسنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە كۆشكی سەرۆكایەتیی لبنانە و چاوەڕێی دیداری لەگەڵ سەركۆماری لبنان میشال عون دەكات.

ئەو وێنەیە لە زۆربەی ئاژانس و ماڵپەڕە میدیایییەكانی ئەمەریكا بڵاو بووەتەوە و وردەكاریی وێنەكە خراوەتە ڕوو و نووسیویانە، كە كورسیی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە كورسیی سەركۆماری لبنان بچووكتر بووە، هاوكات ئاڵای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە پشت تیلرسنی وەزیری دەرەوە دانەنراوە، هاوكات لبنان پەرداخی ئاویشیان بۆ وەزیری دەرەوەی گەورەترین و زلهێزترین وڵاتی دنیا دانەناوە كە میوانی لبنان بووە.

تیلرسن دوای دابەزینی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی لبنان كە لە وڵاتی شانشینی عومانەوە گەشتەكەی بۆ لبنان دەست پێ كردبوو، ڕاستەوخۆ دوای دابەزینی لە فڕۆكەخانە بەرەو كۆشكی سەرۆكایەتی لبنان بەڕێ كەوت و 10 خولەك بەر لە وادەی دیاریكراوی كۆبوونەوەی هەردوولا، گەیشتە كۆشكی سەرۆكایەتی لبنان، بۆیە چەند خولەكێك بە تەنیا لەبەردەم كامێرای میدیاكان دەركەوت، شاندێكی لبنان و ئەمەریكایش لەگەڵیدا بوون.

تیلرسنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە ژوورێك بە تەنیا بێ ئاڵا و ئاو و لەسەر كورسییەكی بچووكتر لە كورسی هاوتا لبنانییەكەی دانیشت، تا دواتر جبران باسیلی وەزیری دەرەوەی لبنان و زاوای سەركۆماری لبنان گەیشتە ژوورەكە و پاشانیش میشال عونی سه‌رۆكی لبنان هاته‌ ژووره‌كه‌وه‌.

لە بەرانبەر ئەو ڕەخنە و هەڵمەتە گەورەیەی میدیاكانی ئەمەریكا دژ بە سووكایەتیكردن بە وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەیان لەلایەن لبنانەوە دەستی پێ كردووە، نووسینگەی سەرۆكایەتی لبنان ڕەتی كردەوە، هیچ مامەڵەیەكی دەرەوەی پروتۆكۆلی دیپلۆماسی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كرابێ، بەڵكو بەر لە كاتی كۆبوونەوە و دیدارەكانی تیلرسن چەند خولەكێك زووتر گەیشتووە، دواتریش كۆبوونەوەكان دەستیان پێ كردووە.

ئاژانسەكانی ئەمەریكا دووپات لەوە دەكەنەوە، كە میشیال عونی باوكی هاوسەری وەزیری دەرەوەی لبنان یەكێكە لەو سیاسەتكارانەی كە هاوپەیمانی سیاسی توندوتۆڵی لەگەڵ میلیشیاكانی حزبوڵای لبنانی سەر بە ئێران هەیە، كە لە ماوەی ڕابردوو لەلایەن ئەمەریكاوە كۆمەڵێك سزا بەسەر ڕێكخراوی حزبوڵای لبنانی سەپێنرا، ئەمەیش بەهۆكارێك دەزانن كە سەركۆماری لبنان و هاوپەیمانەكەی حزبوڵا لە تۆڵەی ئەمە، سووكایەتی بە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كردووە.

ریكس واین تیلرسن لە 23ی ئادار/مارسی 1952 لە شاری ویتشیتا فولزی ویلایەتی تەكساسی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەدایك بووە، ئەندازیاری بواری مەدەنییە و پێشتر سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای ئیكسن مۆبێل بووە، كە یەكێكە لە زەبەلاحترین كۆمپانیاكانی كەرتی وزە و نەوت، لەوكاتەی لە ساڵی 1975 ەوە لەو كۆمپانیایە دەستی بەكاركردن كردووە، تا یەكی شوبات/فێبرایەری 2017 بەردەوام بوو، بەڵام لەو ڕۆژەوە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە وەك وەزیری دەرەوەی كابینە حكوومییەكەی دیاری كرا، لە كۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیران ڕەزامەندییان لەسەر دا و دەستبەكار بوو.

جوبران باسیل وەزیری دەرەوەی لبنان لە 21 حوزەیران/یۆنیۆی 1970 لە شارۆكەی بترۆنی باكوری لبنان لەدایك بووە و سەرۆكی تەیاری نیشتمانی ئازادە لە لبنان، دەرچووی زانكۆی ئەمەریكییە لە بەیرووت و بەهەمانشێوەی تیلرسن لە ئەندازریای مەدەنی خوێندوویەتی، دواتریش ماستەری لە گەیاندن بەدەست هێناوە، لە 2005 لە بازنەی باكوری لبنان خۆی پاڵاوت، بەڵام بەرانبەر ئەنتوان زەهرا شكستی هێنا، بەڵام 2009 جارێكی تر خۆی پاڵاوتەوە و دووبارە شكستی هێنایەوە، دواتر لە 2015 لە شوێنی عیماد میشال عون وەك سەرۆكی تەیاری نیشتمانی ئازاد هاتە هەڵبژاردن، لە 2008 وەزیری پێوەندییەكان بوو، لە 2009 بوو بە وەزیری وزە و ئاو، پاشان لە 2011 كرایەوە وەزیری وزە و ئاو، لە 2016 وەك وەزیری دەرەوەی لبنان دیاری كرا، هاوسەری شانتال میشال عونی سەرۆكی لبنانه و دەبێتە زاوای سەرۆكی وڵاتەكەی.

دوای سزادانی حزبوڵای لبنانی لەلایەن ئەمەریكاوە، بۆ پشتیوانی ئیسرائیل و پاش بڕیارەكەی ترەمپ بۆ ناساندنی قودس وەك پایتەختی ئیسرائیل، زۆر لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و شیعی بە توندی دژایەتی ئەمەریكا دەكەن و بەردەوام لە میدیاكان هەڵوێستی توند دژی واشنتن و بەرپرسانیان دەردەبڕن.

سەرچاوە/العربیە.






وشە - باز ئه‌حمه‌د