حكوومەتی ئێران شیری لە قوتابخانەكان بڕی

:: PM:04:14:17/02/2018 ‌

رۆژانە لە قوتابخانەكانی قۆناغی سەرەتایی ئێران بەخۆڕایی شیر بەسەر قوتابییاندا دابەش دەكرا و مەبەستەكەش ئەوە بوو قوتابییان تووشی كێشەی بەدخۆراكی نەبنەوە. بەڵام بەهۆی تەرخان نەكردنی بودجە چیتر شیر بە قوتابییان نادرێت.

حكوومەتی ئێران ساڵانە لەگەڵ پەسندكردنی بودجە، بڕێك بودجەی لەسەر وەزارەتی پەروەردە بۆ مەبەستی دابینكردنی شیر بۆ قوتابخانە سەرەتایییەكان دابین دەكرد، ئەو پڕۆژەیە تا ئەم رۆژانە بەردەوام بوو، بەڵام ئێستە میدیاكانی ئێران باس لە پچڕاندنی دەكەن.

لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە پڕۆژەكە دەستی پێ كرابوو و لە چەند ساڵی رابردووشدا چەند جارێك بە شێوەیەكی كاتی راوستاوە، بەڵام دواتر دەستی پێ كردووەتەوە.

 لە یاسای بودجەی ساڵی نوێی ئێران داواكرابوو ٧٠٠ ملیار تمەن بۆ ئەم خۆراكە دابین بكرێت، كەچی تەنیا ١٨٠ ملیار تمەنی بۆ تەرخان كراوە و ئەویش بەشی دانەوەی بەشێك لە قەرزەكانی پیشوو دەكات.

حكوومەتی حەسەن رووحانی لە دابینكردنی بودجە بۆ بوارە جیاوازەكان لەگەڵ كێشەیەكی گەورە بەرەوڕووە و پێشبینی كورتهێنانی بودجە بەڕێژەیەكی بەرچاو دەكرێت.





وشە - سلێمان تاشان