خەڵكی خورماتوو لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق نائومێد دەبن

:: PM:04:48:17/02/2018 ‌

لە شارۆكەی خورماتوو یەكەم هەنگاوی كەمپینی ژیان بەڕێوە چوو، ئامانج لە كەمپینەكەیش  كە كۆمەڵێك كەسایەتی شارۆكەی خورماتوو پێكیان هێناوە وەك خۆبەخش، بۆ كۆكردنەوەی پارەیە بۆ لێقەوماوانی 16ی ئۆكتۆبەر.
 
ئەمڕۆ شەموو 17ـی شوبات، هێمن بەرزان، یەكێك لە سەرپەرشتیارانی كەمپینی "ژیان" بە "وشە"ـی راگەیاند، كەمپینی ژیانمان پێكهێنا بۆ كۆكردنەوەی كۆمەكی پارە بۆ زیانلێكەوتووان و ئاوارەكانی شارۆكەی خورماتوو، بەتایبەت زیانلێكەوتووانی رووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو كە زیاتر لە 10 هەزار دۆلاری ئەمەریكایی كۆكرایەوە وەك هەنگاوی یەكەم.
 
زیاتر گوتی، پاش نائومێدبوونمان لە حكوومەتی ناوەندی و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی حكوومەتی عێراق دەستمان داوەتە ئەم هەڵمەتە، هاوكات دەمانەوێ كەمپینەكە بەرفرەوان بكەین تا ئاستی ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكەشمان بە هەوڵی خۆبەخشی خۆمان، بۆ ئەوەیش لە دەرگەی سەرمایەدار و خاوەن كۆمپانیاكان دەدەین.

ئاشكرای كرد سەرەتا بۆ ماوەی مانگێك لەم هەڵمەتە چڕەی لەسەر ئاستی كوردستان بەردەوام دەبێت و پاشتر لەگەڵ نزیكبوونەوەی مانگی رەمەزان لەگەڵ وەقفی سوننی دەست بە هەڵمەتەكەیان دەكەنەوە.
 
نیگەرانی خۆشی پێشان دا بەوەی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی حكوومەتی ناوەند هێندەی هەندێك لە رێكخراوە خێرخوازییەكانی گەرمیان رۆڵیان نەبینی لە ئاوڕدانەوە لە زیانلێكەوتووانی رووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی پار و ئاوارەكانی خورماتوو.
 
لە16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی پار بەهۆی خیانەتی باڵێكی سەربازی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و رادەستكردنی شارۆكەی خورماتوو و شاری كەركووك بە میلیشیا شیعەكان كوردانی ئەو سنوورە سەرباری ئاواربوونیان، ماڵەكانیان تاڵان كراو سووتێنرا.
 
گەرمیان/ سەبری هۆرینی



وشە - رامیار جەواد