شەقامێك بەناوی پێشمەرگە دەكرێتەوە

:: PM:06:47:17/02/2018 ‌

بەمەبەستی رێزگرتن بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان و لەبەرچاوگرتنی قارەمانیەتی ئەوان بە تایبەتی دژ بە داعش، شەقامێك لە شارۆكەی زاخۆ بەناوی پێشمەرگە دەكرێتەوە كە تیایدا كومەڵێك پەیكەری پێشمەرگەی تیادا دانراون و روویەكی جوان و گەشتوگوزاری بە شارۆكەی زاخۆ دەدات.

ئەمڕۆ شەموو 17ـی شوبات بێوار سندی، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری زاخۆ بە "وشە"ـی راگەیاند، بەمەبەستی رێزگرتن لە پێشمەرگە قارەمانەكان و لەبەرچاوگرتنی قارەمانیەتی ئەوان بە تایبەتی دژ بە داعش و ئەو خەبات و قوربانیدانەی ئەوان بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان داویانە، بۆ یەكەمجار شەقامێكی تایبەت لە شارۆكەی زاخۆ سەر بە پارێزگای دهۆك بەناوی پێشمەرگە دەكرێتەوە كە تێیدا كومەڵێك پەیكەری پێشمەرگە دانراون و روویەكی جوان و گەشتوگوزاری بە شارۆكەی زاخۆ داوە.

بەرپرسی راگەیاندنی گەشتوگوزاری زاخۆ دەڵێت، ئەو پەیكەرانە و شەقامە دەكەوێتە نێوان تونێلی نوێی زاخۆ و زانكوی زاخۆ كە یەكێكە لە گرنگترین و ستراتیژیترین شەقام لە هەموو پارێزگای دهۆك و شارۆكەی زاخۆ و رۆژانە دەیان هاووڵاتی لەو شەقامە تێدەپەرن و لە ڕووی گەشتوگوزارەوە سیمایەكی جوان و سەرنجڕاكێش بە شارۆكەی زاخۆ دەدات و دەیان كەس وەك بیرەوەری وێنە لەگەڵ پەیكەرەكان دەگرن و سۆز و خوشەویستی هاووڵاتییان بۆ پێشمەرگە زیاتر دەبێت.

سندی زیاتر گوتی، ئەو پەیكەرانەی پێشمەرگە كە ژمارەیان زیاترە لە 15 پەیكەر، لەلایەن شارەوانی زاخۆ بە هاوكاری پەیكەرسازانی سنووری پارێزگای دهۆك و زاخۆ دروست كراون.

زاخۆ دەكەوێتە باكوری رۆژئاوای پارێزگای دهۆك و 50كم لە سەنتەری شاری دهۆكەوە دوورە و دەبێتە دەروازەی سەرەكیی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و بە ناوەندێكی بازرگانی و پێشەسازی و هونەری دادەنرێت لە هەرێمی كوردستان و زیاتر لە 290 هەزار دانیشتووانی هەیە.

زاخۆ/ نەوزاد هلۆری





وشە - رامیار جەواد