ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر پێشنیازی كردنەوەی ڕێگەی كەركووك دەداتە حكوومەت

:: PM:08:09:18/02/2018 ‌
ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر تاوتوێی كردنەوەی ڕێگەی سەرەكی هەولێر – كەركووك دەكات و پێشنیاز دەداتە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دەزگە تەناهییەكان كە كار ئاسانی بكەن بۆ كردنەوەی ڕێگەكە تا هاووڵاتییان لەو ڕێگەیەوە هاتوچۆ بكەن.

ئەمڕۆ یەكشەم 18ی شوبات، عەباس محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بڕیارە ڕۆژی سێشەمی داهاتوو ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كۆببێتەوە و تاوتوێی كردنەوەی ڕێگەی سەرەكی هەولێر و كەركووك بكات كە لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە داخراوە.

زیاتر گوتی، پێشنیازەكە دەدرێتە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دەزگە تەناهییەكان تا رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ كردنەوەی ڕێگەكە، چونكە ئێستە تەنیا هاووڵاتییان زیانیان بەركەوتووە لە داخستنی ئەو ڕێگەیە و چەندان سەعات دەبڕن تا دەگەنە كەركووك یان هەولێر.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ڕای گەیاند، بەهۆی داخستنی ئەو ڕێگەیەوە ئاستەنگ بۆ چەندان شەقامی تری هەولێر دروست بووە بەتایبەت ڕێگەی هەولێر و كۆیە، بۆیە ئێستە كاتی ئەوەیە بڕیار لەسەر كردنەوەی ئەو ڕێگەیە بدرێت.

دوای خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بەچاوساغی چەند كەسێكی ناو یەكێتی هێرشیانكردە سەر كەركووك و ناوچە دابڕێنراوەكان لەو كاتەوە ئەو ڕێیانە داخراون و هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش لەو سنوورانە لە ئامادەباشیدان بۆ هەر مەترسییەك كە بكەوێتە سەر هەولێر و شارەكانی تری هەرێمی كوردستان.

هاووڵاتییانی كەركووك ئێستە لە ڕێگەی شارۆكەی كۆیەوە سەردانی هەولێر دەكەن كە چەندان سەعات ڕێگەكەیان لێ‌ دوور كەوتووتەوە و بەهۆی مەترسییەكانی داعش و میلیشیاكانی حەشدی شەعبیش ناتوانن بە ڕێگەی مەخموور هاتوچۆ بكەن.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم