ژمارەیەك ئەندامی پەرلەمان و ئەنجوومەن هێشتە لە كوردستان بەردەوامن و كاندیدن بۆ بەغدا

:: PM:09:07:18/02/2018 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕای گەیاند، لە رووی یاساییەوە هیچ كێشەیەك لە خۆكاندیدكردنی ئەو كەسانەدا نییە كە لە هەرێمی كوردستان پەرلەمانتارن و كاندیدن بۆ پەرلەمانی عێراق. ئەوە لەكاتێكدایە كە بەشێك لە حزبەكانی كوردستان ئەو كەسانەیان كاندیدكردووەتەوە كە لە كوردستان خاوەنی پۆست و پلەی باڵان و لەكارەكانیشیان تا ئێستە بەردەوامن.

بۆ هەڵبژاردنی ئایاری ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگاكانی هەرێم ژمارەیەك پەرلەمانتار و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا كە هێشتە دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەش نەكردووە و لەكارەكانیان بەردەوامن خۆیان كاندید كردووە.

د. شێركۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكگرتوو بە "وشە"ی راگەیاند، خۆكاندیدكردنی پەرلەمانتار و ئەندامانی ئەنجوومەن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە رووی یاساییەوە هیچ كێشەیەك دروست ناكات، چونكە مەرج نییە هەموو كاندیدەكان دەربچن.

شێركۆ جەودەت زیاتر گوتی، هەركات هەڵبژاردن كراو ئەنجامە بەراییەكان راگەیەندرا، ئەوكات كاندیدەكان بۆیان دەردەكەوێت دەرچوون یان نا.

ئاماژەی بەوەیشكرد كە ئەو كاندیدەی دەردەچێت ئەگەر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بێت یان ئەنجوومەنی پارێزگا دەبێت پێش ئەوەی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سوێندی یاسایی بخوات لە كاری پەرلەمانتاری یان ئەنجوومەنی پارێزگا دەستلەكار بكێشێتەوە، ئینجا بڕواتە بەغدا و لە پەرلەمان دەستبەكار بێت.

بڕیارە رۆژی 12ی ئایاری ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە تەواوی پارێزگاكانی عێراق و هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت و بەشێك لە پەرلەمانتارانی كوردستانیش خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كاندید كردووە.

سلێمانی/ هەستیار



وشە - سه‌رخێڵ هاشم