ترەمپ: ڕووس سەركەوتن لە تێكدانی ڕیزەكانی ئەمەریكا

:: AM:09:14:19/02/2018 ‌

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا "دۆناڵد ترەمپ" ئاشكرای كرد، ڕووسەكان سەركەوتن و ئەوەی بەدەستیان هێناوە لە خەونیش بیریان لێ نەدەكردەوە، ئەوان توانییان یەكڕیزی ناو ماڵی ئەمەریكییەكان تێك بدەن، ئەمەیشی لە پەراوێزی دانیشتنەكانی كۆنگرێسی ئەمەریكا لەبارەی دەستوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنی 2016ی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا ڕاگەیاند.

ترەمپ لە بارەی دانیشتنەكانی كۆنگرێس لەسەر ئەو پرسە لە تویتەر نووسیویەتی، ڕووسەكان سەركەوتن و ئێستەیش خەریكە بەهۆی پێكەنینی زۆریان بە ئێمە، دەپچڕێن، ئەی ئەمەریكا لەسەر پێ بوەستە.

ئەو تویتەری ترەمپ یەكێك بوو لەو زنجیرە تویتەی لەسەر پرسی دەستوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنی ئەمەریكا بڵاوی كردووەتەوە، دوای ئەوەی "رۆبێرت مۆلەر" لێكۆڵەری تایبەت بە پرسی دەستوەردان لە هەڵبژاردنی ئەمەریكا، ڕۆژی هەینی 13 كەسی ڕووسی ڕاگەیاند، كە دەستیان لە پیلانگێڕی و دەستوەردان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی 2016ی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێ هەبووە.

ترەمپ هێما بۆ ئەوە دەكات، هەوڵەكانی ڕووسیا بۆ بەكارهێنانی ئامرازەكانی ڕاگەیاندن و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی و سیخوڕە مەیدانییەكانیان بەردەوامە و چڕ كراوەتەوە، لە پێناوی قووڵكردنەوەی دابەشكاری و ناكۆكییەكانی نێوان لایەنەكانی ئەمەریكا، لەلایەكی ترەوەیش سەرۆكایەتی دەزگەی هەواڵگریی ئەمەریكا هۆشداری دەدەن، كە دەستوەردانی ڕووسیا تا ئێستەیش بەردەوامە و چاوەڕوان دەكرێ دەستوەردان لە هەڵبژاردنی كۆنگرێسی ئەمەریكایش بكەنەوە.

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، ئامانجی ڕووسیا بریتییە لە چاندنی دووبەرەكی و ناكۆكی و ئاڵۆزی لە ناوخۆی ئەمەریكا، لەگەڵ هەر دانیشتن و لێكۆڵینەوە و ڕق و تووڕەیی حزبی، ئەوان سەركەوتنی زیاتر بەدەست دێنن و ئەوەی خەونیان پێوە دەبینی، بۆیان دەهێنرێتە دی.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د