بەرپرسانی بەغدا بۆ ڕاوێژكاری خامەنەیی:
ئێمە كارمەندی تۆ نین و بۆ تۆ كار ناكەین

:: AM:09:18:19/02/2018 ‌
لێدوانەكانی ڕاوێژكاری باڵای عەلی خامەنەیی ڕێبەڕی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە بەغدا، بەرپرسانی عێراقی لە بەغدا بە تەواوی تووڕە كردووە و ئەوان دووپات لەوە دەكەنەوە، كە كارمەندی ئێران نین و ئامانجی عێراقیش خزمەتكردنی پڕۆژەی تاران نییە، بەڵكو پڕۆژەی نیشتمانی عێراقە.

عەبدولكەریم عەبتان ئەندامی هاوپەیمانی نیشتمانی ئاشكرای كرد، لێدوانەكانی ڕاوێژكاری خامەنەیی لە عێراق جێی نیگەرانییە و بە توندی ڕەتی دەكەینەوە، ئێمە بۆ ویلایەتی و غەیری ویلایەتیش كار ناكەین و كارمەندی ئەوان نین، ئێمە عێراقین و پڕۆژەی ئێمە پڕۆژەیەكی نیشتمانییە، ئەگەر لە عێراق ویلایەتی دەسەڵاتی بەسەر كەسێك و دووان هەیە، ئەو دەسەڵاتە بەردەوامی نابێ، یان ئەگەر پێگەی لە عێراق هەیە لەسەر حیسابی خەڵكی عێراق، ئەوا لە ویلایەتی و هیچ كەسێكی تر قبووڵ ناكرێ دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی عێراق بكات.

ئەو قسانەی عەبتان لە كاتێكدایە لە ڕۆژی شەموو عەلی ئەكبەر ویلایەتی ڕاوێژكاری باڵای خامەنەیی لە عێراقە و لەمیانەی دیداری لەگەڵ بەرپرسان هەڕەشەی توندی لە ئەمەریكا كرد و دووپاتی كردەوە، كە بەرەی بەرەنگاری لە نێوان سووریا و عێراق و تاران درێژەی دەبێ و ئەوان ئەمەریكا بۆ بەری ڕۆژهەڵاتی فورات دەگەڕێننەوە.

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق لەوبارەوە گوتی، بەهیچ شێوەیەك قبووڵ ناكەین، شیعەی عێراق و عێراق ببێتە پاشكۆی ئێران و هەر وڵاتێكی تر، شیعەكان كەسی نیشتمانپەروەرن و ئەوانیش لەگەڵ ئەوەدا نین ببنە پاشكۆی ئێران، ئێمە لە پێناوی عێراق و سەروەرییەكەی هەمووان قوربانیمان داوە و ڕێ نادەین عێراق ببێتە پاشكۆی هیچ وڵاتێك.

رائید فەهمی سكرتێری حزبی شیوعیی عێراق و كاندید لە هاوپەیمانی سائیروون دووپاتی كردەوە، لێدوانەكانی ویلایەتی دەستوەردانە لە كاروباری عێراق و بە تەواوی پێچەوانەی دەستوورە و پێویستە ڕوونكردنەوەی لەوبارەوە لێ وەربگیرێت.

هاوكات عزەت شابەندەر سیاسەتكاری عێراق ڕەخنەی لەو لێدوانانە گرت و دووپاتی كردەوە، پێویستە شیعەی عێراق بە تایبەتی سەركۆنەی ئەو جۆرە لێدوانانە بكەن، چونكە ئەم لێدوانانە بەردەوام عێراق لە بەردەم هاوپەیمانەكانی شەرمەزار دەكات و سەلمێنەری ئەوەیە، بەغدا سەروەری خۆی لە دەستدا نییە.

سەرچاوە/العربیە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د