حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ڵێ، له چه‌ند رۆژى داهاتوودا فڕۆكه‌خانه‌كانى هه‌رێم ده‌كرێنه‌وه و په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێ، "كردنه‌وه‌ى فڕۆكه‌خانه‌كه 28ى ئه‌م مانگه ده‌بێت".
حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیران عێراق له دیمانه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ dw ده‌ڵێ، "له چه‌ند رۆژى داهاتوودا فڕۆكه‌خانه‌كانى هه‌رێم ده‌كه‌ینه‌وه". په‌رله‌مانتارێكیش ئه‌مڕۆ له لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى واده‌ى كردنه‌وه‌ى فڕۆكه‌خانه‌كانى ئاشكرا كردووه.
ئه‌مرۆِ دووشه‌م ئه‌سكه‌نده‌ر وه‌تووت ئه‌ندامى لیژنه‌ى ته‌ناهى و به‌رگریى له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، له لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى ئاشكراى كردووه، كردنه‌وه‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێر و سلێمانى له 28ى ئه‌م مانگه ده‌بێت.
ئه‌سكه‌نده‌ر وه‌تووت له لێدوانه‌كه‌یدا ده‌ڵێ، "فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێر و سلێمانى ده‌كرێنه‌وه، هه‌رچه‌نده داواكانى به‌غدا له ده‌روازه سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان جێبه‌جێ نه‌كراوه". دوێنێ بۆ هه‌مان مه‌به‌ست شاندێكى هه‌رێمى كوردستان بۆ كردنه‌وه‌ى فرۆكه‌خانه‌كان سه‌ردانى به‌غداى كردبوو.
له‌دواى ریفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیى كوردستان، حكوومه‌تى عێراق كۆمه‌ڵێك رێكاریى له دژى هه‌رێمى كوردستان گرته‌به‌ر كه یه‌كێك له رێكارییه‌كان داخستنى فڕۆكه‌خانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بوو به ڕووى فڕۆكه‌كانى ده‌ره‌وه، به‌ڵام دواى نزیكبوونه‌وه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم و به‌غدا، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌م مانگه‌دا ئه‌م فڕۆكه‌خانانه بكرێنه‌وه.