بەرپرسێكی یەكێتی: ئاڵا تاڵەبانی و سروە عەبدولواحید خۆفرۆش و خیانەتكارن

:: PM:06:38:20/02/2018 ‌
بەرپرسێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هێرش دەكاتە سەر ئاڵا تاڵەبانی و سروە عەبدولواحید و بە خیانەتكار و خۆفرۆشیان دادەنێت، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی ئەو دوو پەرلەمانتارەی عێراق بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو خۆیان لەسەر لیستێكی عەرەبی كاندید كردووە.

هەریەكە لە ئاڵا تاڵەبانی پەرلەمانتاری یەكێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری گۆڕان خۆیان لەسەر لیستێكی عەرەبی لە بازنەی بەغدا كاندید كردووە.

حەمید سۆران بەرپرسی كۆمیتەی یەكێتی لە شارەدێی مەیدانی سەر بە گەرمیان ئەو دوو پەرلەمانتارە بە خیانەتكار ناو دەبات و دەڵێت" بۆ هەتا هەتایە تاجی خیانەتیان كردە سەریان".

ئەو بەرپرسەی یەكێتی لە لاپەڕی خۆی لە فەیسبووك ڕای گەیاندووە، ئاڵا تاڵەبانی و سروە عەبدولواحید چوونە ڕیزی خۆفرۆش و خیانەتكارانەوە و تاجی سەرشۆڕی مێژوویان خستە سەرسەری خۆیان و لە دەرەوەی حزبەكانیان خۆیان كاندید كردووە.

"پێویستە یەكێتی بەزووترین كات هەڵوێستی توند بەرانبەر ئاڵا وەربگرێت و لە ڕیزەكانی یەكێتی دوور بخرێتەوە، چونكە ئەگەر رێوشوێنی توندی بەرانبەر نەكرێت هیچ كادر و ئەندام و لایەنگری یەكێتی باوەڕی بە كاندیدەكانی یەكێتی نامێنێت" بەرپرسەكەی یەكێتی وادەڵێ‌.

ئەوە لەكاتێكدایە كە دوێنی نەسروڵا سورچی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بۆ "وشە" نیگەرانی خۆی بەرانبەر ئەو كارەی ئاڵا تاڵەبانی دەربڕی و ڕای گەیاند، یەكێتی بڕیار لەسەر دەركردن یان مانەوەی ئاڵا تاڵەبانی دەدات.

سەرچاوەیەكی تایبەت لەناو یەكێتی بە "وشە"ی ڕاگەیاندبوو، ئاڵا تاڵەبانی كە تا ئێستە ئەندامی پەرلەمانی عێراقە لە فراكسیۆنی یەكێتی لە لیستێكی عەرەبی خۆی كاندید كردووە و بەوپێیە بێت دەبێت ئەندامێتی لەوكەسە وەربگیرێتەوە لەناو یەكێتی.

ئاڵا تاڵەبانی یەكێكە لە ئەندامانی بنەماڵەی تاڵەبانی ماوەی دوو خوولە ئەندامی پەرلەمانی عێراقە لە فراكسیۆنی یەكێتی و یەكێك بووە لەوانەی كە بەردەوام هەڵوێستی جیاوازی لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكان هەبووە و زۆرجار هەڵوێستەكانی زیانی گەورەی لە كوردستان داوە لە بەغدا، هاوكات ئاڵا تاڵەبانی پشتیوانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردووی كرد كە لەلایەن چەند كەسێكی ناو یەكێتی خیانەتەكە لە كوردستان كرا.

پێشتر لەمیانەی دیدارێكی لەگەڵ كەناڵی "ئیفاق"ی سەر بە نووری مالیكی، ئاڵا تاڵەبانی سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەكرد كە تاڵەبانییەكان لە بنەڕەتدا شیعەن و سەر بە عەشیرەتی "ئەسەدی" شیعەی عێراقن.    

هاوكات لە بەرانبەر كاندید بوونی سروە عەبدولواحید لەسەر لیستەكەی عەبادی، ڕێبوار ئەحمەد ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بزووتنەوەی گۆڕان هیچ قسەیەكی لەوبارەوە نەكردووە و ئاگەدار نەبووە، چونكە ئەو بابەتە پێوەندی بە فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان هەیە لە بەغدا.

ئەندامەكەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان دووپاتی لەسەر ئەوە كردووە كە گۆڕان ئەو پرسەی داوەتە دەست فراكسیۆنەكەیان لە بەغدا و ئەوان پرسەكە یەكلا دەكەنەوە، بۆیە ئێستە هیچ قسەیەكی لەبارەوە ناكەن.

پێشتر سەرچاوەیەك لە هاوپەیمانی نەسر كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات، دووپاتی كردەوە كە پەرلەمانتاری گۆڕان "سروە عەبدولواحید" لە چوارچێوەی لیستی نەسر یەكێك دەبێ لە كاندیدەكان بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان.

سروە عەبدولواحید خوشكی شاسوار عەبدولواحیدی خاوەنی كۆمپانیای نالیایە، براكەیشی لە چوارچێوەی لیستی نەوەی نوێ بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكات، پێشتر سروەی پەرلەمانتاری گۆڕان لە چوارچێوەی دیدارێكی لەگەڵ كەناڵێكی عەرەبی هێرشی توندی كردە سەر پێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدان.

سروە لە دایكبووی شاری سلێمانییە و لە ساڵی 1996 لە ڕۆژنامەی "الاتحاد"ی زمانحاڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستی بە كاری ڕۆژنامەوانی كردووە، دواتر كۆلێژی ئاداب بەشی عەرەبی تەواو كردووە و ماوەی چوار ساڵ وەك مامۆستا وانەبێژ بووە، پێشتر لە ڕیزەكانی یەكێتی بووە، بەڵام دواتر لە میدیا بیانییەكان وەك ڕۆژنامەوان كاری كردووە، پاش دامەزراندنی كەناڵی ئێن ئاڕ تی لەلایەن براكەیەوە، كراوەتە بەرپرسی نووسینگەی هەولێری ئێن ئاڕ تی، لە 2014 لەسەر لیستی گۆڕان كاندیدی هەڵبژاردن بووە و وەك یەكێك لە كاندیدە دەرچووەكان چووەتە پەرلەمانی عێراق، لەمیانەی چوار ساڵی ڕابردوویش زۆرترین لێدوانی دژی مافەكانی گەلی كوردستان و خەڵك و دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە و هێزە تەناهییەكان داوە، بە تەواویش لێدوانەكانی خزمەت بوون بەرانبەر بەو ڕەوتە شۆڤێنییەی لە بەغدا دژی هەموو مافێكی خەڵكی كوردستانن، ئەمیش بۆ خۆبردنە پێشەوە و كاندیدكردنی لەسەر لیستی ئەوانەی دژایەتی كوردستان دەكەن، لەو كارانەی بەردەوام بوو، ئێستەیش بەرهەمی دەچنێتەوە و دەچێتە ڕیزی عەبادی كە بڕیاری هێرشكردنە سەر كوردستانی دا و ڕۆژێك مووچە دەنێرێت و ڕۆژی دواتر لێی پەشیمان دەبێتەوە.







وشە - سه‌رخێڵ هاشم