بۆچی داعش دەستی لە عێراق و سووریا بەرنابێت؟

:: PM:10:11:20/02/2018 ‌

سەرەڕای ئەو دۆڕاندنانەی رووبەڕووی داعش هاتووەتەوە لە عێراق و سووریا، بەڵام ئەوە رەت ناكانەوە كە تا ئێستەیش كێشەیەكی گەورەیە لەو دوو وڵاتە و ناكرێت فەرامۆش بكرێت، بەتایبەتی لە سایەی بەردەوامیی كۆنترۆلكردنی چەند ناوچەیەكی سنووری، لەپاڵ سووربوونی لەسەر كۆكردنەوەی پاشماوەی چەكدارەكانی وەك خۆئامادەكردنێك بۆ ئەنجامدانی هێرشی تری تیرۆرریستی.

لە كاتی كۆبوونەوەی وەزیرانی وڵاتانی هاوپەیمان لەدژی داعش لە كوێت كە لە 13ی ئەم مانگە هاتە سازكردن ریكس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئاماژەی كرد، هاوپەیمانان توانیان 98%ی خاكی عێراق لەو ناوچانەی پێشتر داگیری كردبوون، ئازاد بكەنەوە بەڵام ئەو وریایی دا كە داعش تا ئێستەیش مەترسی و هەڕەشەیە بۆ سەر ناوچەكە، بەتایبەتی كە ئێستە كار بۆ رێكخستنەوەی ریزەكانی و جێبەجێكردنی میكانیزمی جیاواز بۆ رێكخستنی ئەندامی نوێ و گەیاندنی پەیام بە توانای بۆ ئەنجامدانی هێرشی نوێ بۆ قۆناغی داهاتوو دەكات. 

چالاكی و جموجۆڵی داعش لەو ناوچانەی لە ساڵانی دوایی تیایاندا دەسەڵاتی هەبوو بەرەو دواوە كشایەوە، ئەوەیش بەهۆی ئەو گورزە سەربازییانەی لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و لایەنەكانیتریش لە جەنگ لەدژیدا لێیان وەشاند، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا چەند ئاراستەیەك هەن وای دەبینن كە بەشێك لە چەكدارانی رێكخراوەكە تا ئێستەیش دەستیان بە مانەوەی لە ناو خاكی عێراق و سووریادا گرتووە، ئەوەیش لەبەر چەندان هۆكار وەك لە خوارەوە هاتووە:   

1-نوێبونەوەی چالاكی و جموجۆڵ، تا ئێستەیش هەندێك لە گرووپە لاوەكییەكانی سەر بە رێكخراوەكە بە شێوەیەكی نیوچە بەردەوام دەجولێنەوە، سەرەڕای گورزە سەربازییەكانی ئاراستەیان دەكرێت، ئەوەیش وای كردووە كە لە ماوەی جیاجیادا هێرشی تیرۆریستی ئەنجام بدات، وەك ئەو هێرشەی لە 14ی كانوونی دووەمی 2018 كە گرووپێكی سەر بە "ئەحراری شام"ی لە كەمپی یەرمووك لە سووریا كردە ئامانج و وای كرد كە كۆنترۆڵی بەشێكی كەمپەكە بكات. 

2-ژینگەی لەبار بۆ گەشەكردن، زۆرێك لە ناوچەكانی كە رێكخراوی داعش لەناو خاكی سووریا و عێراق تیایاندا چالاك بوو بریتییە لە ژینگەیەكی لەبار بۆ مانەوەی پاشماوەی چەكدارانی، ئەوەیش بەهۆی جیاوازیی هزری یان هۆكاری تایفی كە خۆی لەو هێرشانەدا دەبینێتەوە كە دەیانكاتە سەر هێزەكانی نەیاری وەك میلیشیاكانی حەشدی شەعبی.

هەروەها ئەوانەی ناویان دەنرێت بە "بەچكەشێرانی خیلافەت"، ئەوانەی كە بە سەرچاوەیەكی گرنگی مرۆیی بۆ داعش دادەنرێن و پشتیان پێ دەبەستێت لە رووی رێكخستنەوە بۆ داهاتوو، ئەوانە بە پێی چەند راپۆرتێكەوە تا ئێستەیش لەو ناوچانەدا ماون، جیا لەوەیش دۆخی ئەو دوو وڵاتە تا ئێستە لە رووی تەناهییەوە لەرزۆكە بەهۆی لاوازیی هەردوو حكوومەتی ناوەندی و بڵاوبوونەوەی رێكخراوە چەكدارییەكان و تیرۆریستییەكانەوە، ئەوەیش هەوڵەكانی داعش بۆ مانەوە لەو ناوچانە بەهێزتر دەكات.  

3-شەڕوانە ناوخۆییەكان، زۆرێك لە چەكدارانی داعش لە سووریا و عێراق لەوانەن كە خەڵكی ئەو دوو وڵاتەن كە لەبەر چەندان هۆكار چوونەتە ریزەكانی داعش، بۆیە رەنگە ئەوان هەوڵی گەڕانەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان بدەن لە بری رۆیشتن لەگەڵ چەكدارانی بیانی بۆ وڵاتانی تر وەك ئەفغانستان و لیبیا.

4-تۆڕی پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكان: هەندێك لە چەكدارانی داعش، بەتایبەتی ناوخۆییەكان، هەوڵی سوود وەرگرتن لە تۆڕی پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیان دەدەن بۆ بەهێزكردنی توانایان بۆ مانەوە لەناو ئەو دوو وڵاتەدا، بەتایبەتی ئەو پێوەندیانەیان بواریان پێ دەدات بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتیی خێزانی و هۆزەكانیان، ئەوەی چەكدارانی بیانی داعش نیانە كە ناچارن هەوڵی رۆیشتن بۆ شوێنیتر بدەن.

میكانیزمە چاوەڕوانكراوەكانی چەكدارانی داعش پەنای بۆ دەبەن لە داهاتوودا:

1-هێرشی تیرۆریستی، پێدەچێت كە رێكخراوی داعش هەوڵی گرنگیدان بە ئەنجامدانی هێرشە تیرۆریستییەكان بدات، بەتایبەتی لە سایەی بوونی چەندان تیرۆریست كە رەنگە ئەو كارەی بۆ ئەنجام بدەن، وەك بەچكەشێرانی خیلافەت و چەكدارانی بیانی، كە لەو كارانەدا زۆر پشتیان پێ دەبەستێت.

2-كردەی خێرا، شێوازی كردە تیرۆریستییەكانی كە داعش بەرپرسیارەتی خۆی لێیان راگەیاندووە لە ماوەی دواییدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەو پشت بە كردەی خێرا دەبەستێت كە گرووپێكی بچووكی تیرۆریستان پێی هەڵدەستن، بەتایبەتی دوای چەكدارانی روویان كردە بیابانەكانی سنووری نێوان سووریا و عێراق، وەك ئەو هێرشەی كردیانە سەر هێزەكانی سووریای دیموكرات لە 13ی ئەم مانگە. 

3-خانە نوستووەكان، پێ دەچێت چەكدارانی داعش هەوڵی مامەڵەكردن لەگەڵ پاڵەپەستۆ تەناهی و سەربازییەكان بۆ سەریان لە رێگەی پشتبەستن بە شێوازی خانە نوستووەكان بدەن، بەتایبەتی لەو ناوچانەی لەژێر كۆنترۆڵی ئەوان دەرچووە.

4-هاوپەیمانیەتی نوێ، سەرەڕای ئەوەی رێكخراوەكە هەوڵی پاڵپشتیكردنی دەسەڵات و چالاكییەكانی بەشێوەی تاك دەدات، بەڵام ئەو پاڵەپەستۆیەی لەم ماوەیەدا دووچاری هاتووەتەوە بەهۆی گورزەكانی نەیارانی، رەنگە پاڵی پێوە بنێن بۆ گەیشتن بە لێكگەیشتن و بەستی هاوپەیمانیەتی نوێ لەگەڵ رێكخراو و گرووپە هاوشێوەكانی كە لەو ناوچەكەدا هەن بۆ مانەوەی لەو ناوچانە و راكێشانی ئەندامی زیاتر. 

لەو سۆنگەیەوەیە كە دەتوانین سووربوونی هەندێك لە بەرپرسان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لێك بدەینەوە بەسەر ئەوەی جەنگی دژ بە داعش كۆتایی نەهاتووە سەرەڕای دۆڕاندنی لە عێراق و سووریا.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل