پرۆسه‌ى ته‌عریب له كه‌ركووك
سه‌ره‌تاى پرۆسه‌ى ته‌عریب له پارێزگاى كه‌ركووك بۆ جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌ى ئاودێریى حه‌ویجه له سییه‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌و پڕۆژه‌یه له ساڵى 1941 كۆتای هات، به‌هۆیه‌وه پانتایییه‌كى به‌رفره‌وان له زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانى كه‌ركووك له جووتیارانى كورد وه‌رگیرایه‌وه و به جووتیارانى عه‌ره‌ب درا. له وێستگه‌ى دووه‌مدا، پرۆسه‌ى نیشته‌جێكردنى عه‌شیره‌ته عه‌ره‌بییه به‌ده‌وییه‌كان ده‌ستى پێ كرد و پانتایییه‌كى به‌رفره‌وانى زه‌وى كشتوكاڵیى كه‌ركووك جارێكى تر بۆ نیشته‌جێكردنى عه‌شیره‌ته عه‌ره‌بییه‌كان ته‌رخان كرا.
ته‌عریب له‌گه‌ڵ هاتنه پێشه‌وه‌ى به‌عسییه‌كان له عێراق، به لووتكه‌ى خۆى گه‌یشت. له ساڵى 1963دا كاتێك ده‌سه‌ڵاتدارێتى عێراق بۆ چه‌ند مانگێك له به‌رژه‌وه‌ندیى به‌عسییه‌كان وه‌رچه‌رخا، له‌و چه‌ند مانگه‌دا چه‌ندان گوند و ناوچه‌ى كوردنشین له دووبزه‌وه تا مه‌خموور راگوێزران، كاتێكیش به‌عسییه‌كان له 1968دا ده‌سه‌ڵاتى عێراقیان له ده‌ست گرت، ئیتر پرۆسه‌ى ته‌عریب له پارێزگاى كه‌ركووك به‌شێوه‌یه‌كى به‌رنامه بۆ داڕێژراو ده‌ست پێ كرا.
لێره‌وه سه‌ره‌تاى پرۆسه‌ى ته‌عریب له پارێزگاى كه‌ركووك به گۆڕینى خاوه‌ندارێتى زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان ده‌ست پێ ده‌كات، ئامانجه‌كه‌یش گۆڕانكارى دیمۆگرافییه له پارێزگاى كه‌ركووكدا. سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى به‌عس پاڵپشت به چه‌ند یاسایه‌كى وه‌ك "چاكسازى كشتو‌كاڵى" پرۆسه‌كه به‌ڕێوه ده‌بات، به‌ڵام نووسراو و به‌ڵگه‌نامه‌كانى به‌عس روونى ده‌كه‌نه‌وه، ئامانجه‌كه بریتییه له گۆڕانكارى دیمۆگرافى، كاتێك له چه‌ندان نووسراودا دووپات له "كوژاندنه‌وه‌ى مافى به‌كارهێنانى زه‌وى بۆ جووتیارانى جگه له عه‌ره‌ب" ده‌كرێته‌وه، له‌ناویاندا نووسراوى تایبه‌ت و نهێنى به ژماره (7)ى رێككه‌وتى 25ى كانوونى دووه‌مى 1995 كه له‌لایه‌ن محه‌مه‌د حه‌مزه زوبه‌یدى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق و ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تیى به‌عسى هه‌ڵوه‌شاوه، ئاراسته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى كشتو‌كاڵى كه‌ركووك كراوه و تیایدا دووپات له كوژاندنه‌وه‌ى مافى به‌كارهێنانى هه‌موو زه‌وییه‌كى كشتو‌كاڵى كراوه‌ته‌وه كه خاوه‌ندارێتییه‌كه‌ى بۆ جووتیارانى جگه‌له عه‌ره‌ب ده‌گه‌ڕێته‌وه.
خاڵى گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌و پرۆسه‌ى گۆڕانكارى له خاوه‌ندارێتى زه‌وى كشتو‌كاڵى له پارێزگاى كه‌ركووك كه له‌لایه‌ن رژێمى به‌عسه‌وه پێڕه‌و كراوه، راسته‌وخۆ له‌ژێر ناونیشانى "ته‌عریب" به‌ڕێوه چووه، ئه‌و چه‌مكه بۆ تێگه‌یشتن له گۆڕانكارییه‌كان به‌ته‌واوه‌تى به‌هاداره و ئامانجى پرۆسه‌كه‌ى تێدا روون ده‌بێته‌وه. به‌پێى نووسراوه‌كانى ماوه‌ى حوكمڕانى به‌عس، چه‌مكى "ته‌عریب" تا ساڵى 2000 له هه‌موو نووسراوه‌كانى پێوه‌ست به پارێزگاى كه‌ركووك به‌كار هێنراوه، به‌ڵام له رێكه‌وتى 7ى ئه‌یلوولى 2000دا وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكوومه‌تى عێراق به نووسراوى ژماره (21350) كه واژووی سه‌عدوون عه‌لوان بریكارى وه‌زاره‌ت بۆ كاروبارى ته‌ناهیی له‌سه‌ر هاتووه و ئاراسته‌ى پارێزگاى كه‌ركووك كراوه، تیایدا داوا له پارێزگاى كه‌ركووك كراوه چیتر له نووسراوه فه‌رمییه‌كاندا چه‌مكى (ته‌عریب) به‌كار نه‌هێنن، به‌ڵكو له شوێنی‌دا چه‌مكى (گه‌شه‌پێدان) بنووسرێت. هه‌ر له‌و نووسراوه‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆدا دووپات له‌وه كراوه‌ته‌وه كه هه‌ڵگرتنى چه‌مكى ته‌عریب و له‌جێدانانى گه‌شه‌پێدان، فه‌رمانێكه له‌لایه‌ن سه‌دام حوسێنه‌وه.
رووبه‌رى ته‌عریبكراو له كه‌ركووك
به‌گوێره‌ى داتاكانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى كشتو‌كاڵى پارێزگاى كه‌ركووك له ماوه‌ى 35 ساڵ فه‌رمانڕه‌وایى به‌عس له عێراق (1968-2003)، له كۆى دوو ملیۆن و 100 هه‌زار دۆنم زه‌وى كشتو‌كاڵى له پارێزگاكه، رووبه‌رى نزیكه‌ى یه‌ك ملیۆن و 200 هه‌زار دۆنم زه‌وى خاوه‌ندارێتییه‌كه‌ى بۆ كه‌سانى عه‌ره‌ب هاتووه‌ته گۆڕین. به‌ڵگه‌نامه‌كان روونى ده‌كه‌نه‌وه كه زیاتر له رێژه‌ى (90%)ى ئه‌و زه‌وییانه خاوه‌ندارێتییان بۆ كورد و نزیكه‌ى (10%)ى رووبه‌رى زه‌وییه ته‌عریبكراوه‌كان خاوه‌ندارێتییان بۆ توركمان ده‌گه‌ڕێته‌وه.
له‌و ناوه‌نده‌دا زه‌وییه‌كان به دوو گرووپى عه‌ره‌بى دراون، به‌شێكیان له ماوه‌ى 1968-2003 له‌لایه‌ن به‌عسه‌وه بۆ كه‌ركووك هاورده كراون و به‌شێكیان پێش ساڵى 1968 هاتوونه‌ته كه‌ركووكه‌وه كه ئه‌و به‌شه له عه‌ره‌به‌كان له پاش 2003ه‌وه وه‌ك خه‌ڵكى پارێزگاى كه‌ركووك هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و خۆیان به خه‌ڵكى ره‌سه‌نى شاره‌كه ده‌زانن.
تێبینى ده‌كرێت رژێمى به‌عس له ته‌عریبكردنى زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانى پارێزگاى كه‌ركووك، به‌گشتى سوودى له یاساى "چاكسازى كشتوكاڵ"ى وه‌رگرتووه و یاساكه‌ى به ئاراسته‌ى سیاسه‌تى به‌عس به‌كار هێناوه، هه‌روه‌ك سوودى له‌و بنه‌ما یاسایییه وه‌رگرتووه كه به‌رژه‌وه‌ندیى گشتى ده‌خاته پێش به‌رژه‌وه‌ندیى تایبه‌ت و تاكه‌كه‌سییه‌وه. به‌و هۆیه‌وه زه‌وییه‌كان له سه‌ره‌تادا به‌ناوى وه‌زاره‌تى به‌رگرى یان وه‌زاره‌ته‌كانى تر كراون، زۆرجار به پاساوى ته‌ناهییه‌وه، به‌ڵام هه‌ر له هه‌مان ساڵ و ماوه‌دا به‌ناوى عه‌شیره‌ته عه‌ره‌بییه‌كانه‌وه تۆمار كراون، ئه‌وه‌ش روونى ده‌كاته‌وه كه پاساوه ته‌ناهییه‌كه بنه‌مایه‌كى واقیعى نه‌بووه، به‌ڵكو ته‌نیا ئامانج ده‌ركردنى جووتیارانى كورد و نیشته‌جێكردنى عه‌ره‌ب بوو له‌سه‌ر زه‌وییه‌كانیان.
به‌شێكى تر له زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانى پارێزگاى كه‌ركووك كراونه‌ته ناوچه‌ى پاوانكراوى نه‌وتى یان ناوچه‌ى قه‌ده‌غه‌كراوى نه‌وتى و به پاساوى به‌ڕێوه‌بردنى چالاكییه‌كانى نه‌وتى له جووتیاره كورده‌كان وه‌رگیراون، به‌ڵام راسته‌وخۆ خراونه‌ته سه‌ر ناوى ئه‌ندامانى عه‌شیره‌ته عه‌ره‌بییه‌كان، له هه‌ندێك باردا چه‌ندان گوندى كوردنشین له دوورى چه‌ندان كیلۆمه‌تر له پڕۆژه‌یه‌كى نه‌وتى ده‌ركراون، به‌ڵام عه‌شیره‌ته عه‌ره‌بییه‌كان به چه‌ند سه‌د مه‌ترێك له نزیك پڕۆژه‌كانى نه‌وتى كۆمه‌ڵگه‌ى نیشته‌جێبوونیان بۆ دروست كراوه، وه‌ك ته‌رخانكردنى زه‌وى بۆ دروستكردنى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى نیشته‌جێبوون بۆ عه‌شیره‌ته عه‌ره‌بییه‌كان له سنوورى دووبز به‌دووریى ته‌نیا (300) مه‌تر له لووله‌ى گواستنه‌وه‌ى گاز، ئه‌وه‌ش پاڵپشت به بڕیارى وه‌زاره‌تى ناوخۆ/لیژنه‌ى دابینكردنى زه‌وى به نووسراوى ژماره (104)ى رێكه‌وتى 19ى حوزه‌یرانى ساڵى 1999.
به‌عس به‌رنامه‌یه‌كى به‌ناونیشانى (نیشته‌جێكردنى عه‌شیره‌ته عه‌ره‌به‌كان) له پارێزگاى كه‌ركووك به‌ڕێوه ده‌برد، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا چه‌ندان عه‌شیره‌تى عه‌ره‌بى له پارێزگاكانى سه‌ڵاحه‌دین، دیاله، به‌غدا، دیوانیه، قادسیه و پارێزگاكانى تره‌وه هێنا و له كه‌ركووك نیشته‌جێی كردن، وه‌ك عه‌شیره‌ته‌كانى "عه‌زاوى، ئه‌لبوعه‌لى، ئه‌لعیساوى، ئه‌لبوغانم، ئه‌لبو سه‌لامه، ئه‌لبو ده‌وله، دلێم، به‌نى ته‌میم، ئه‌لبو حه‌مدان و عه‌شیره‌تى شێخ موسه‌نا ئه‌لحه‌واس" و چه‌ندانى تر.
له‌و پرۆسه‌ى ته‌عریبه‌دا، به‌عس نیوه بازنه‌یه‌كى به ده‌ورى پارێزگاى كه‌ركووك كێشا كه له ناوچه‌كانى "شوان تا پردێ و له‌وێوه بۆ رۆژئاواى كه‌ركووك" درێژ ده‌بێته‌وه، ئه‌و نیوه‌بازنه‌یه له نووسراوه فه‌رمییه‌كاندا به (پشتێنه‌ى ته‌ناهیى عه‌ره‌بى) ناو براوه، پارێزگاى كه‌ركووك به ته‌واوه‌تى له پارێزگاكانى تر‌ى هه‌رێمى كوردستان داده‌بڕێت و چوارچێوه‌یه‌ك له دانیشتووانى عه‌ره‌ب ده‌خاته نێوانیانه‌وه و كورده‌كان له ناوه‌ندى شاره‌كه‌دا ده‌توێنێته‌وه و پێوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانى تر‌ى باشوورى كوردستان ده‌پچڕێنێت.
زه‌وییه ته‌عریبكراوه‌كان له پاش 2003دا
له پاش ساڵى 2003 و رووخاندنى رژێمى به‌عسى عێراقى له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانى، پاڵپشت به چه‌ند بڕیار و پاشان له چوارچێوه‌ى قۆناغه سه‌ره‌تایییه‌كانى جێبه‌جێكردنى ماده‌ى 140ى ده‌ستوورى هه‌میشه‌یى عێراق، به‌شێك له خاوه‌نه ره‌سه‌نه‌كانى زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانى پارێزگاى كه‌ركووك بۆ سه‌ر زه‌وییه‌كانى خۆیان گه‌ڕانه‌وه، پاش ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن لیژنه‌ى جێبه‌جێكردنى ماده‌ى 140ه‌وه، قه‌ره‌بووى جووتیاره هاورده‌كان كرایه‌وه.
ئه‌و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یه‌ى جووتیاره هاورده‌كان له به‌رانبه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ى زه‌وییه‌كه نه‌بوو، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌وان خاوه‌نى زه‌وییه‌كه نه‌بوون، به‌ڵكو قه‌ره‌بووه‌كه له به‌رانبه‌ر ئه‌و پڕۆژانه بوو كه جووتیاره هاورده‌كه له‌سه‌ر زه‌وییه‌كه‌ى دروست كردبوون، وه‌ك قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى بیرى ئاو و خانوو و... هتد. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا زیاتر له دوو هه‌زار خێزان له‌و عه‌ره‌به هاوردانه‌ى له پاش 1968ه‌وه بۆ سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانى پارێزگاى كه‌ركووك هاورده كرابوون، پاش قه‌ره‌بووكردنه‌وه، بۆ شوێنه‌كانى پێشوویان گه‌ڕانه‌وه و خاوه‌نه ره‌سه‌نه‌كانى زه‌وییه‌كان ده‌ستیان به زه‌وییه‌كانى خۆیان گه‌یشته‌وه، به‌ڵام ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ى له پێش 1968ه‌وه هاورده‌ى كه‌ركووك كرابوون، وه‌ك خه‌ڵكى ره‌سه‌نى كه‌ركووك هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ كرا و هه‌ر له‌سه‌ر زه‌وییه‌كان مانه‌وه.
له‌پاڵ ئه‌وه‌دا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى كشتو‌كاڵى كه‌ركووك سه‌رووى پێنج هه‌زار گرێبه‌ستى كشتو‌كاڵى دووباره هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه كه پێشتر به‌ناوى عه‌ره‌بى هاورده كراون و زه‌وییه‌كانى بۆ خاوه‌نه ره‌سه‌نه‌كان گێڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌پێى داتاى كشتو‌كاڵى كه‌ركووك ئه‌و گرێبه‌ستانه رێژه‌ى 10%ى كۆى گشتى ئه‌و زه‌وییانه كه‌متره كه پێشتر گرێبه‌سته‌كانیان هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه و له خاوه‌نه ره‌سه‌نه‌كانیان وه‌رگیراوه.
به‌غدا ئاسته‌نگى دروست كرد
سه‌ره‌ڕاى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى ئه‌و عه‌ره‌به هاوردانه‌ى له ماوه‌ى حوكمڕانى به‌عس (1968-2003) له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانى پارێزگاى كه‌ركووك جێگیر كرابوون، هه‌روه‌ك گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و خێزانه عه‌ره‌به هاوردانه و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌و گرێبه‌سته كشتوكاڵییانه‌ى له جووتیارانى كورد و توركمان زه‌وت كرابوون و به عه‌ره‌ب درابوون، به‌ڵام ئه‌وان له ئاست حكوومه‌تى عێراقدا رووبه‌ڕووى چه‌ندان كێشه و ئاسته‌نگ بوونه‌وه.
به‌گوێره‌ى به‌ڵگه‌نامه‌كانى به‌عس، خاوه‌ندارێتى زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانى سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك به بڕیارى دوو لایه‌ن هاتووه‌ته گۆڕین كه یه‌كه‌میان سه‌ركردایه‌تیى شۆڕشى به‌عسى هه‌ڵوه‌شاوه و دووه‌میان لیژنه‌ى كاروبارى باكور ده‌گرێته‌وه.
پاش سه‌لماندنى ئه‌و راستییه‌ى كه ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ى له‌سه‌ر زه‌وییه‌كان جێگیر كراون، عه‌ره‌بى هاورده‌ن و له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه قه‌ره‌بوو كرانه‌وه و به‌شێك له زه‌وییه‌كانیان به‌جێ هێشت، ده‌بوو جارێكى تر خاوه‌ندارێتى زه‌وییه‌كان له‌سه‌ر ناوى عه‌ره‌به هاورده‌كانه‌وه بۆ سه‌ر ناوى خاوه‌نه ره‌سه‌نه‌كانى زه‌وییه‌كان بگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و پرۆسه‌یه له ئاست حكوومه‌ت و په‌رله‌مانى عێراق رووبه‌ڕووى ئاسته‌نگ كرایه‌وه.
وه‌ك مه‌هدى موباره‌ك كاكه‌یى به‌ڕێوه‌به‌رى كشتو‌كاڵى كه‌ركووك ئاماژه‌ى بۆ ده‌كات، حكوومه‌تى عێراقى پاساوى ئه‌وه‌ى هێنایه‌وه كه بڕیاره‌كانى سه‌ركردایه‌تیى شۆڕشى به‌عسى هه‌ڵوه‌شاوه، سیفه‌تى یاسایی‌یان هه‌یه و له ده‌سه‌ڵاتى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیراندا نییه هه‌ڵیانبوه‌شێنێته‌وه و ده‌بێت په‌رله‌مانى عێراق به بڕیارێكى تایبه‌ت ئه‌و بڕیارانه‌ى سه‌ركردایه‌تیى شۆڕشى به‌عس هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه. پاش ئه‌وه داوا له ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانی عێراق كرا بڕیاره‌كانى لیژنه‌ى كاروبارى باكور هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه، چونكه ئه‌وه ته‌نیا لیژنه‌یه‌كه، به‌ڵام ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران داواكارییه‌كه‌ى بۆ وه‌زاره‌تى داد نارد و وه‌زاره‌تى داد له حكوومه‌تى عێراق هه‌مان پاساوى هێنایه‌وه كه بڕیاره‌كانى لیژنه‌ى كاروبارى باكوریش سیفه‌تى یاسایی‌یان هه‌یه و ته‌نیا له ده‌سه‌ڵاتى په‌رله‌مانى عێراقدایه ئه‌و بڕیارانه هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه، له ئاستى په‌رله‌مانى عێراقیشدا هیچ كۆبوونه‌وه و دانیشتنێك بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى بڕیاره‌كان نه‌كرا و كێشه‌كه وه‌ك خۆى مایه‌وه.
خاوه‌ن زه‌وییه‌كان سوود له زه‌وییه‌كانیان نابینن
سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى خاوه‌نه ره‌سه‌نه‌كانى زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانى پارێزگاى كه‌ركووك بۆ سه‌ر زه‌وییه‌كانى خۆیان گه‌ڕانه‌وه، به‌ڵام له پاش 2003ه‌وه تا ئێسته، نه‌یانتوانیوه له هیچ پڕۆژه و بڕیارێكى حكوومه‌تى عێراق سوودمه‌ند بن، وه‌ك قه‌رزى كشتو‌كاڵى یان ئه‌نجامدانى هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كى كشتو‌كاڵى و وه‌به‌رهێنان له‌سه‌ر زه‌وییه‌كانیان، چونكه تا ئێسته ئه‌و زه‌وییانه له رووى یاسایییه‌وه هه‌ر به‌ناوى عه‌ره‌به هاورده‌كانه‌وه ماونه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات له رووى یاسایییه‌وه نه‌توانرێت خاوه‌نه ره‌سه‌نه‌كانى زه‌وییه‌كان هیچ هه‌ڵسوكه‌وتێكیان له‌گه‌ڵدا بكرێت.
به‌ڕێوه‌به‌رى كشتو‌كاڵى كه‌ركووك روونى ده‌كاته‌وه، جگه‌له‌وه‌ى جووتیاره ره‌سه‌نه‌كان ناتوانن هیچ پڕۆژه‌یه‌ك له‌سه‌ر زه‌وییه‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن، كێشه‌یه‌كى تر هه‌یه كه زۆرینه‌ى ره‌هاى ئه‌و زه‌وییانه‌ى داگیر كراون، زه‌وى موڵكن، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات له پاش گه‌ڕانه‌وه‌ى خاوه‌ندارێتى زه‌وییه‌كان بۆ سه‌ر ناوى خاوه‌نه ره‌سه‌نه‌كه‌یان، كێشه‌ى (وه‌ره‌سه) روو بدات، چونكه به‌شێك له‌و زه‌وییانه پێش زیاتر له 30 ساڵ له خاوه‌نه ره‌سه‌نه‌كانیان وه‌رگیراون، ئێسته كه جارێكى تر به‌ناوى خاوه‌نه ره‌سه‌نه‌كانیان ده‌كرێته‌وه، وه‌ره‌سه‌یان تێدایه و به ئاسانى چاره‌سه‌ر ناكرێن.
مه‌ترسیى گه‌وره له‌سه‌ر زه‌وییه‌كانى كه‌ركووك هه‌یه
به‌هۆى ئه‌وه‌ى كێشه‌ى خاوه‌ندارێتى زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانى پارێزگاى كه‌ركووك له رووى یاسایییه‌وه چاره‌سه‌ر نه‌كراوه و زه‌وییه‌كان هه‌ر به‌ناوى عه‌ره‌به هاورده‌كان ماونه‌ته‌وه، ده‌شێت له هاتنه پێشه‌وه‌ى هه‌ر بارودۆخێكى نه‌خوازراودا كه پێوه‌ندى به گۆڕانكارى له هاوسه‌نگى هێزدا هه‌یه، كێشه بۆ جووتیاره ره‌سه‌نه‌كان دروست ببێت، ئه‌و كێشه چاوه‌ڕوانكراوه له رووداوه‌كانى پاش 16 ئۆكتۆبه‌رى 2017دا به‌شێوه‌یه‌كى خێرا ده‌ركه‌وت.
وه‌ك فوئاد حوسێن ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك ئاماژه‌ى بۆ ده‌كات، ژماره‌یه‌كى زۆر له‌و عه‌ره‌به هاوردانه‌ى له پاش 2003 له چوارچێوه‌ى ماده‌ى 140ى ده‌ستوورى عێراقدا قه‌ره‌بوو كرانه‌وه و بۆ شوێنه‌كانى پێشوویان گه‌ڕانه‌وه، ئێسته جارێكى تر هاتوونه‌ته‌وه بۆ سنوورى كه‌ركووك و ده‌یانه‌وێت ده‌ست به‌سه‌ر زه‌وییه‌كانیاندا بگرنه‌وه. له‌و روانگه‌یه‌وه داوایان له پارێزگاى كه‌ركووك كردووه و پارێزگاره وه‌كاله‌ته‌كه‌ی كه‌ركووكیش نووسراوى كردووه له‌وباره‌یه‌وه، هه‌روه‌ك پارچه زه‌ویى نیشته‌جێبوون به ئاشكرا و وه‌ك رێزلێنان به‌سه‌ر چه‌كداره‌كانى حه‌شدى شه‌عبى دابه‌ش كراوه.
حوسێن باس له‌وه ده‌كات، به‌هۆى داگیركردنى كه‌ركووك له‌لایه‌ن سوپا و حه‌شدى شه‌عبییه‌وه، به‌ڕێژه‌ى زیاتر (5%)ى دانیشتووانى كه‌ركووك به‌تایبه‌ت خێزانه كورده‌كان ئاواره بوونه‌ته‌وه و خه‌ڵكانێكى عه‌ره‌ب چوونه‌ته سه‌ر ماڵ و خانووه‌كانیان، له كاتێكدا ئه‌گه‌ر ئاواره‌كانى سه‌رده‌مى به‌عس حیساب بكرێت، ئێسته به رێژه‌ى (25% تا 30%)ى دانیشتووانى پارێزگاى كه‌ركووك وه‌ك ئاواره له شار و شارۆكه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا ده‌ژین.