زاواكەی ترەمپ.. بڕیار بەدەستی شاراوەی كۆشكی سپی

جارید كۆشنەر لە 10ی كانوونی دووەم/یەنایەری 1981 لە خێزانێكی جوو لە ویلایەتی نیوجێرسی لەدایك بووە و لە بنەڕەتدا خێزانەكەی لەڕووی سیاسییەوە پشتیوانی پارتی دیموكراتەكانی ئەمەریكایان كردووە و پێوەندی تۆكمەیان لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانی ئیسرائیل و كۆمیتەی پێوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئەمەریكا هەیە كە بە "ئایپاك" ناسراوە، خێزانی جارید تا بڵێی دەوڵەمەندن و ئەو كوڕە گەورەی چارلز كۆشنەرە كە یەكێكە لە گەورەترین سەرمایەدارانی بواری خانوو و زەویوزار لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، دوو خوشك و برایەكی تریشی هەیە و سەرەتا لە ناوچەی لیفنگستۆن لە شاری نیوجێرسی گەورە بوو.

دواتر لە زانكۆی هارڤار دەستی بە خوێندنی زانستی كۆمەڵایەتی كردووە و ئینجا لە زانكۆی نیویۆرك دووەمی لە بەڕێوەبردنی كار و بزنس بەدەست هێناوە، لە 2005 لەوكاتەی تەمەنی 25 ساڵ بوو، كۆشنەر بووە بازرگانێكی زۆر گەنج و سەرمایەیەكی یەكجار زۆری لە بەردەست بوو، بەوهۆیەوە ڕۆژنامەی "نیویۆرك ئۆبسێرڤەری" بە دەیان ملیۆن دۆلار كڕییەوە و ئێستەیش ئەو تاكە خاوەنی ئەو ڕۆژنامەیەیە، لە 2007 لە زانكۆی نیویۆرك دەستی بە خوێندنی باڵا لە بواری یاسا و بەڕێوەبردنی بازرگانی كردەوە و دواتر تەواوی كارە بازرگانییەكانی خێزانەكەی گرتە دەست.

لە 2008 بووە بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای خێزانەكەی، دوای ئەوەی باوكی لە 2005 بە تۆمەتی خۆدزینەوە لە بەخشینی باج و پێشكەشكردنی پارە بۆ هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی نایاسایی، یاریكردن بە بڕوانامەی ساختە، دۆسیەكە لەلایەن كریس كریستی حاكمی ویلایەتی نیوجێرسی جووڵێنرا.

لە 2009 جارید كۆشنەر لە ئیڤانكای كچی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئێستەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا نزیك بووەوە و توانی باوەڕی پێ بهێنێ، ئاینی خۆی بگۆڕێ و ببێتە جوو، پاشان هاوسەرگیری لەگەڵ كرد و ئاهەنگی هاوسەرگیرییەكەیان لە بارەگای یانەی ترەمپ بوو بۆ یاری گۆلف لە نیوجێرسی، ئێستەیش سێ منداڵیان هەیە.

كۆشنەر لە بنەڕەتدا كوڕی خێزانێكی جووی ئەڵمانیایە و كەسوكاری و زۆر لە خزمەكانی لەلایەن نازییەكانەوە سووتێنراون و كۆمەڵكوژ كراون، بۆیە بووەتە جوویەكی توندڕەو دوای ئەوەی خێزانەكەی كۆچیان بۆ ئەمەریكا كردووە.

خێزانی كۆشنەر پێوەندییەكی زۆر تۆكمەیان لەگەڵ وڵاتی ئیسرائیل هەیە و باوكی جارید یەكێك بووە لەو كەسانەی پشكداری و هاوبەشی لە سندووقی وەبەرهێنانی ئەمەریكی –ئیسرائیلی كردووە، بڕی 11.5 فیدان زەوی كڕیوە و نەخۆشخانەی شارزیدیكی لە ئیسرائیل پێ دروست كردووە، جیا لە بەخشینی پارەی زۆر بۆ دروستكردنی باڵەخانەی نیشتەجێكردنی ئیسرائیلییەكان لە قودس.

هاتنە ناو دنیای سیاسەتەوە
جارید كۆشنەر خەریكی بازرگانی و كاركردن بووە بە درێژایی تەمەنی، بەڵام بێ ئەزموونیش نەبووە لە بواری سیاسی، بەڵكو دوای خۆپاڵاوتنی دۆناڵد ترەمپ، هەمیشە لەگەڵ ئیڤانكای كچی لە پشتی ترەمپ وەستاونەتەوە و بەشدارییان لە دیدار و كۆڕ و كۆبوونەوەكانی سەردەمی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە 2016 كردووە، یەكێكە لەو كەسانەی ترەمپ زۆرترین متمانەی پێی هەیە.

ترەمپ دوای سەركەوتنی لە باسی كۆشنەر دەڵێ، ئەو جیا لەوەی بازرگانێكی زۆر سەركەوتوو و خاوەن سەرمایەیەكی زۆرە، بەڵام سیاسییەكی لێزان و وردە، بۆیە باشترین ڕاوێژكاری متمانە پێكراوی من بووە، لە حكوومەتەكەی منیش دەبێتە ئەندامێكی باڵا و سەركردایەتیكردنی ئەمەریكا.

هەریەك رێنس بریباس گەورە كارمەندی كۆشكی سپی و ستیڤ بانۆن گەورە ڕاوێژكاری ستراتیجی ترەمپ كە لە ماوەی ڕابردوو دەستیان كێشایەوە، لەبارەی كۆشنەرەوە دەڵێن، ئامانجی سەرەكیی كۆشنەر لە سیاسەت بریتییە لە گرنگیدان بە پێوەندی و سیاسەتی بازرگانی ئەمەریكا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەوهۆیەوە بڕیاری كشانەوەی ئەمەریكا لە ڕێككەوتنی بازرگانی لە ڕێی زەریای ئەتڵەسی و بڕیاری گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس، بە پلەی یەكەم جارید كۆشنەری گەورە ڕاوێژكاری دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكای لە پشتەوە بووە.

دوای سەركەوتنی ترەمپ، ئەو بە تەواوی دەركەوت و بووە كەسێكی سەرەكی لە حكوومەتەكەی ترەمپ، لەسەر داوای ئەویش كریس كریستی حاكمی ویلایەتی نیوجێرسی لە پۆستی گواستنەوەی دەسەڵات لە حكوومەتی پێشووەوە بۆ حكوومەتی نوێ دوور خرایەوە و ئەركەكە بە مایك پێنسی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا هاتە سپاردن، بەهۆی ئەوەی كۆشنەر لەگەڵ كریستی ناكۆكییەكی قووڵیان هەبوو، كە لەلایەن كریستی حاكمی ویلایەتی نیوجێرسییەوە باوكی خرایە گرتووخانەوە.

بەگشتی لە هەڵمەتی بانگەشەكردنیش بڕی 100 هەزار دۆلاری پێشكەشی تیمی بانگەشەكردنی دۆناڵد ترەمپ كرد و زۆر لە گوتەكانی ترەمپ ئەو دەینووسییەوە و سەرپەرشتی تیمی میدیایی و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی دۆناڵد ترەمپی دەكرد، ئێستەیش وەك یاریدەدەر و ڕاوێژكاری تایبەتی ترەمپ لە كۆشكی سپی كار دەكات و بە گەورەترین بڕیار بەدەستی ناو كۆشكی سپی دادەنرێ و لە پشت پەردەوە، بڕیارەكان بە خەزوورەكەی دەردەكات.

گرێبەستی 110 ملیار دۆلار
زاواكەی ترەمپ بە نهێنی و لە پشت پەردەوە هەموو شتێك ڕێك دەخات و ئەوەی ئەو دەیخوازێت، بە خەزوورەكەی واژووی دەكات، بۆ كۆكردنەوەی سەرمایەی زۆرتر بۆ ناو ئەمەریكا و بەهێزكردنی پێوەندییەكان لەگەڵ سعوودیە، بەر لە یەكەم سەردانی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كۆشنەر لەگەڵ سعوودیە گرێبەستی پێفرۆشتنی چەكی بە بڕی 110 ملیار دۆلاری ئەمەریكی بە سعوودیە بە تەواوی وردەكارییەكانەوە ڕێكخست، كە ئەمەیش گەورەترین گرێبەستی چەك كڕینە تا ئێستە لە دنیا كرابێ، بۆیە ئێستە بە تەواوی چاودێری وردی وەزارەتی بەرگری و پرۆسەی فرۆشتنی چەك بە وڵاتان و هاوكاری بە ڕەوتە جیاجیاكان دەكات،  دۆسیەی فرۆشتنی چەك بە تەواوی لە دەسەڵاتی ئەودایە.

بڕیاری قودس
لەلایەن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاوە وەك ئەوەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان بەڵێنی دا، بڕیاری ناساندنی قودس وەك پایتەختی ئیسرائیل و گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس درا، ئەمەیش هەموو میدیاكانی ئەمەریكا و بەرپرسانی كۆشكی سپی و حكوومەتی ئەمەریكا بە ڕوونی باسی دەكەن و هیچ كات نایشارنەوە، كە كۆشنەر كۆڵەگەی سەرەكیی پشت دەركردنی ئەو بڕیارە بوو.

ئەو بڕیارەی ئەمەریكا ناڕەزایی زۆر توندی وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپای هاوپەیمانی ئەمەریكا و دنیای بەگشتی لێ كەوتەوە، پسپۆڕانی ئەمەریكا بە گورزێكی مەترسیداریان هەژمار كرد، لە سیاسەتی دەرەوە و دیپلۆماسیی ئەمەریكا، بەڵام كاردانەوەكان تەنیا قسەی وڵاتان بوون و هیچ هەنگاوی كردەیییان نەنا، بگرە چەندان وڵاتیش دوای كپبوونەوەی ناڕەزایەتییەكان پشتیوانی خۆیان دەربڕی و ئامادەیییان نیشان دا كە ئەوانیش باڵوێزخانە بۆ قودس دەگوازنەوە.

كۆشنەر لە خێزانێكی جووە و پێوەندی تۆكمەی لەسەر ڕێكخراوی كاروباری ئیسرائیلی- ئەمەریكی "ئایپاك" هەیە، ئەو بە توندی و سەرسەختانە پشتیوانی ئیسرائیل و جوو لە دنیا دەكات و ترەمپیش بەهۆی پشتیوانی جووەكانەوە هاتووەتە سەر حوكم، بۆیە پێشبینی دەكرێ، كۆشنەر لە سیاسەتەكانی بۆ پشتیوانی ئیسرائیل بەردەوام بێ و هەمووان بە دووریشی نازانن، ئەگەر گرژی و پێوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕوو لە زیادبوون بكەن، ئەوا بەدڵنیایییەوە كۆشنەر فەرمانی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمەریكا بەرانبەر بە ئێران بە باوكی هاوسەرەكەی واژوو دەكات.

سەرچاوە/ئەراجیك. ئەلجەزیرە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د


PM:03:00:24/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 2036 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌