عێراق دەبێتە گۆڕەپانی بەربەرەكانی چەكی ئەمەریكا و رووسیا

:: PM:07:28:24/02/2018 ‌

شارەزایەكی عێراقی ئاشكرای دەكات كە ئەمەریكا پاڵەپەستۆی زۆری خستووەتە سەر حكوومەتی عێراق بۆ رێگرتن لە كڕینی فڕۆكەی سەربازی و مووشەكی پێشكەوتووی رووسیایی و ئاماژەی كرد كە ئەمەریكا بەڵێنی بە عێراق داوە ئەگەر لە كڕینی فڕۆكەی رووسیایی لە جۆری (سیخۆی 35) و سیستەمی مووشكی لە جۆری (ئێس 400) پاشگەز بێتەوە، لە ماوەی چەند مانگێكی تر 13 فڕۆكەی سەربازی لە جۆری ئێف16ی پێ دەدات.

سەفا ئەعسەم، شارەزای سەربازیی عێراقی ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند كە واشنتن پاڵەپەستۆی گەورە دەخاتە سەر حكوومەتی عێراق بۆ ئەو مەبەستە بۆ كڕینی چەكی پێَشكەوتووی رووسیا، ئەوەیش دوای ئەوەی بەغدا بڕیاری خۆی یەكلا كردەوە بە كڕینی ئەو سیستەمە مووشەكییەی رووسیا كە بە پێشكەوتووترین لە دنیا دادەنرێت.   

زیاتر گوتی، ئەو پاڵەپەستۆیەی ئەمەریكا بە پاڵنەری ئەمەریكایە كە ترسی لەوە هەیە عێراق چەكی پێشكەوتووی هەبێت بەتایبەتی لە بواری بەرگریی ئاسمانی كە هەڕەشە بخەنە سەر فڕۆكە پێشكەوتووەكانی كە لە ناوچەكە زۆر دیارن. 

دووپاتی كردەوە، ئەمەریكا بەڵێنی بە عێراق داوە كە لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا 13 فڕۆكەی پێشكەوتووی جۆری ئێف16ی پێ بدات لە بەرانبەر چاوخشاندنەوەی بەغدا بە كڕینی فڕۆكە پێشكەوتووەكانی رووسیا لە جۆری سیخۆی 35.

لای خۆیەوە حاكم زاملی، سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە عێراق سوورە لەسەر بوونی بە خاوەن سیستەمی مووشەكی پێشكەوتووی رووسیایی لە جۆری ئێس 400، چونكە ئاماژە بەوە هەیە كە تیرۆریستان دەیانەوێت لە رێگەی فڕۆكەوە مەزارە ئاینییە پیرۆزەكان بكەنە ئامانج و دووپاتیشی لەوە كردەوە كە واشنتن نایەوێت عێراق ببێتە خاوەنی چەكی پێشكەوتوو، بەڵكو دەیەوێت وەك گۆڕەپانێكی كراوە بۆ جێبەجێكردنی پلانەكانی بمێنێتەوە.  

دووپاتی كردەوە، عێراق مافی خۆیەتی ببێتە خاوەنی چەكی پێشكەوتوو بۆ پاراستنی ئاسمان و زەوییەكەی لە هەڕەشەی دەرەكی و عێراق وڵاتی بەئامانج كراوە لە لایەن تیرۆریستان و ئێمەیش خاوەنی مەزاری پیرۆزین لای هاووڵاتییانی. ئەو ئاماژەی كرد كەو ئاماژە هەیە بەوەی شوێن و مەزارە پیرۆزەكان رەنگە لەلایەن تیرۆریستانەوە هێرشی ئاسمانییان بكرێتە سەر و ئەوەیش مایەی نیگەرانی هاووڵاتییانە وەك ئەوەی لە تەقاندنەوەی مەزارە ئاینییەكانی سامەرا روویان دا. 

زاملی روونی كردەوە، ئەمەریكا زیاتر لە هەر وڵاتێكی تر پێشكەوتوو ترە، بەڵام تەلاری سەنتەری نێودەوڵەتی بازرگانی لە نیۆیۆرك كرایە ، بۆیە عێراق ئەوەندە پارێزراوە كەو هێرش نەكرێتە سەر مەزارەكانی، بۆیە عێراق سوورە لەسەر بوونی بە خاوەن سیستەمی مووشەكی ئێس400 بۆ پاراستنی خاك و ئاسمان و پیرۆزییەكانی و ئێمەیش پاڵپشتی لە كڕینی ئەو چەكە دەكەین.  

ئاماژەی كرد كە ئەمەریكا هەوڵ نادات بۆ دانی چەكی پێشكەوتوو بە عێراق بۆ پاراستنی خاك و ئاسمانەكانی، بۆیە عێراق ناچارە بۆ دەستخستنیان و ئێستەیش ئەو سیستەمە مووشەكییە پێشكەوتووەی رووسیا دراوەتە ئێران و هەندێك لە وڵاتانی ناوچەكە و عێراقیش مافی ئەوەی هەیە كە بەدەستی بێنێت.

زاملی روونی كردەوە، ئەمەریكا دەیەوێت عێراق گۆڕەپانێكی كراوە بێت بۆ جێبەجێكردنی پلانەكانی بە شێوەیەكی ئاسایی و ئەو كاتەیش كە دەیەوێت وڵات بكەوێتە پشێوی و دۆخی جەنگێكی تایفییەوە دوور نییە كە كار بۆ تەقاندنەوەی مەزارێكی پیرۆز بكات و رەنگە لەوەیش سەركەوتوو بێت.

شایەنی باسە هیزەر نویرت، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رۆژی پێنجشەم وریایی دایە عێراق لە لێكەوتەكانی كڕینی چەكی پێشكەوتووی رووسیایی، ئەوەیش بەپێی یاسای رووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی ئەمەریكا لە رێگەی سزاكانەوە (كاتسا).

لەبارەی ئەو نیازەی عێراق بۆ كڕینی سیستەمی پێشكەوتووی مووشەكی لە جۆری ئێس400 روونی كردەوە، ئەمەریكا قسەی لەگەڵ زۆر لە وڵاتان كردووە لەوانەیش لەگەڵ عێراق بۆ روونكردنەوەی هۆكاری ئەو یاسایە و لێكەوتەكانی بەستنی دەستەوارەی كڕینی چەكی بەرگری لەگەڵ رووسیا. ئەگەرچی ئەو گوتەبێژە بێئاگایی خۆی پێشان دا كە ئاخۆ عێراق و رووسیا دەستەوارەكەیان واژوو كردووە یان نا.

لای خۆیەوە رۆژنامەی "ستار ئاند سترایب"ی ئەمەریكایی ئەمڕۆ شەموو ئاشكرای كرد كە كە فرقەی چیایی ئەمەریكایی لە بنكەی (فۆرت درووم) رێوڕەسمی ئامادەسازیان بۆ 500 سەربازی ئەمەریكایی ئەنجام داوە بۆ رەوانەكردنیان بۆ عێراق.

زیاتر گوتی، شەوی رابردوو 500 سەربازی ئەمەریكا لە بنكەی ئاسمانی (فۆرت درووم) رێوڕەسمی ئامادەسازیان بەر لە هاتنیان بۆ عێراق ئەنجام دا، كە ئەو فرقە شوێنی سێیەم فرقە دەگرێتەوە كە لە پایزی رابردووەوە عێراقن. 

ئەو سیستەمە مووشەكییە پێشكەوتووەی رووسیا (ئێس400)، ئێستە لە ناوچەكە لە سووریا هەیە كە رووسیا بنكە سەربازییەكانی خۆی پێ دەپارێزێت لەسەر خاكی ئەو وڵاتە، جیا لەویش چین و سعوودیە و توركیا دەستەوارەیان لەگەڵ رووسیا هەیە بۆ كڕینی و ئێرانیش لە هەوڵی بەردەوامە بۆ دەستخستنی.






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل