داعش هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر بیره‌ نه‌وته‌كانی كه‌ركووك

:: PM:09:07:24/02/2018 ‌
كه‌مێك به‌ر له‌ ئێسته‌ داعش یه‌كه‌م هێرشى به‌فه‌رمى له‌ نزیك کێڵگەی نەوتی (خەبازە) لە باشووری شارى کەرکووک ده‌ست پێ كرد و شه‌ڕ و پێكدادنێكى چڕ ڕووی داوه‌.

نەقیب سوفیان، لە فرقەی ئاڵتوونی عێراقی تایبەت بە "وشە"ی رای گەیاند، سەعات هه‌شت و نیوى ئه‌م ئێواره‌یه‌ لە نزیک کێڵگەی نەوتی (خەبازە) لە باشووری شارى کەرکووک چەند چەکدارێکی داعش تەقەیان لە ڕەبایەیەکی هێزەکانی پۆلیسی ئامادەی نەوتی کەرکووک کردووه‌، له‌ ئه‌نجامدا دوو کارمەندی پۆلیس گیانیان لەدەست دا و یەکێکی تریش بریندار بوو، کوژراوەکانیش لە نەتەوەی کوردن".

زیاتر گوتی، له ‌به‌یانییه‌وه‌ هێزه‌كانى داعش جوڵه‌یان هه‌بووه‌ و له‌ناو خه‌ڵكى گونده‌كان بڵاو یان كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌مڕۆه‌ ده‌ست به‌ هێرش ده‌كه‌ین.

شایەنی باسە چه‌ند شه‌وێكه‌ بە هەمان شێوە شەڕ لە گەڕەكەكانی عرووبە و پەنجا عەلی رووی داوە و ئەمڕۆیش خەڵكی كەركووك شڵەژانیان پێوە دیاربوو بەهۆی بوونی دەنگۆی هەوڵەكانی داعش بۆ هێرشێكی گەورە بۆ سەر شارەكه‌.   

لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كاتێك لە یارمەتی گرووپێكی ناپاكی ناو هێزێكی سیاسیی كوردستان، هێزەكانی عێراق و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هەڵیانكوتایە سەر كەركووك و ناوچە دابڕێندراوەكان و داگیریان كردن، لەو ساتەوە جیا لە پێشێلكارییەكان لە دژی كورد لەلایەن ئەوانەوە، دۆخی تەناهی ناوچەكە لەژێر كۆنترۆڵدا نییە و داعش لە ناوچەكە هێرش دەكات.



وشە - محەمەد میران