"مامۆستای ئاینی كچۆڵەی ئاوارەكانی مارە كردووە و سزا دراوە".

:: AM:10:40:23/11/2016 ‌

بەشوودانی كچانی خوار تەمەن 18 ساڵ لە كەمپی ئاوارەكانی كوردستاندا بوونی هەیە، لایەنە پێوەندیدارەكان ئاماژە بەوە دەدەن كە رێوشوێنی پێویستیان گرتووەتە بەر، بەڵام بەهۆی ئەوەی پرۆسەكە لە دەرەوەی یاسادا بەڕێوە دەچێت، بە هەموو حاڵەتەكان نازانرێت، بە پێچەوانەوە هەر بەشوودانێكی خوار 18 ساڵ هەڵدەوەشێننەوە.

محەمەد گۆمەشینی گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤی كوردستان بە"وشە"ی راگەیاند، "بەشوودانی كچانی خوار 18 ساڵ لەناو ئاوارەكاندا هەیە، بەڵام هێشتا حاڵەتە و نەبووەتە دیاردە. زیاتر ئەو كچانە مارە دەكرێن كە بەهۆی تەقینەوە و شەڕەوە، بەخێوكەر و سەرپەرشتیاریان لە دەست داوە یان باری ئابووریی خێزانەكانیان خراپ بووە".

نزیكەی یەك ملیۆن و 800 هەزار ئاوارەی ناوخۆیی عێراق و پەنابەری سووریایی لە هەرێمی كوردستاندا داڵدە دراون و بەشێك لە كەمپەكاندا و ئەوانی تر لە ناوەندی شار و شارۆكەكاندا نیشتەجێ‌ بوون.

گۆمەشینی ئاماژە بەوەش دەكات "بەشوودانی كچانی خوار 18 ساڵ دەچێتە خانەی پێشێلكاری بەرامبەر بە منداڵ بە پێی جاڕنامەی مافەكانی منداڵ".

"ئەگەری زۆر هەیە بەهۆی نالەباری دۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتی ئاوارەكان و نەبوونی بەخێوكەرەوە بەشوودانی كچانی خوار تەمەن 18 ساڵ لە حالەتەوە ببێتە دیاردە"، گۆمەشینی وای گوت.

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، لە رێگەی ئەفسەر و بنكەكانی پۆلیسەوە چاودێری پرۆسەكانی پێوەست بە بەشوودانی كچانی خوار تەمەن 18 ساڵ دەكەن.

موقەدەمی مافپەروەر ژیلەمۆ عەبدولقادر بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوە و بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە هەولێر بۆ "وشە"ی روون كردەوە، "بەشوودانی كچانی خوار تەمەن 18 ساڵ لە كەمپەكاندا هەبووە، بەڵام ئێمە هەموو كاتێك بە بوونی گرێبەستی هاوسەرگیرییەكە ئاگەدار نین، چونكە لە دەرەوەی یاسا و بە نهێنی دەكرێت، لەكاتێكدا ئەگەر حاڵەتەكە ئاشكرا بێت، رێگری دەكەین و گرێبەستەكە هەڵدەوەشێنینەوە".

ئەو دەڵێ‌، "زۆربەی حاڵەتەكان بە مارەیی و پارەیەكی كەم و بەبێ‌ خواست و رەزامەندی كچەكە ویستوویانە هاوسەرگیرییەكە ئەنجام بدرێت".

لەناو كەمپی ئاوارەكاندا ژمارە مۆبایلی تایبەت بە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان هەڵواسراوە و هەر یەكێك دەتوانێت ئەوان لە هەر پێشێلكارییەك ئاگەدار بكاتەوە.

عەبدولقادر دەڵێ‌، "تیمی تایبەتمان بۆ مەبەستی هۆشیاری لەناو كەمپەكاندا دروست كردووە كە لە توێژەرانی كۆمەڵایەتی پێك دێن، ئەو تیمانە خەڵك هۆشیار دەكەنەوە لەوەی كچانی خوار تەمەن 18 ساڵ بە شوو نەدەن و هاوكات لەگەڵ مامۆستایانی ئاینی ناو كەمپەكانیش قسەیان كردووە لەو رووەوە بۆ ئەوەی كچانی خوار تەمەن 18 ساڵ مارە نەكەن".

بەڕێوەبەرەكەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان ئاشكرای كرد، "مامۆستای ئاینی هەبووە كچانی خوار تەمەن 18 ساڵی مارە كردووە و لە بەرامبەردا سزای یاسایی دراوە".

جوانڕۆ مەجید توێژەری كۆمەڵایەتی پێی وایە، هاوسەرگیریی كچانی خوار تەمەن 18 ساڵ بۆ نەبوونی هۆشیاری كۆمەڵایەتی و خراپی باری دارایی خێزانەكان دەگەڕێتەوە.

ئەو بە "وشە" دەڵێ‌، "هەژاری وا لەو خێزانانە دەكات بەرامبەر بە دەستكەوتنی بڕە پارەیەك كچەكانیان لە تەمەنێكی بچووكدا رووبەڕووی هاوسەر بكەنەوە، ئەوەش لەكاتێكدا روو دەدات كە هۆشیاری كۆمەڵایەتیی خێزانەكان لاوازە و هەست بە بەرپرسیارێتی هاوسەرگیری و خێزان ناكەن".

توێژەرە كۆمەڵایەتییەكە پێی وایە، دەبێت لایەنە پێوەندیدارەكان رێوشوێنی توند لە بەربگرن بۆ رێگەگرتن لە بەشوودانی كچانی خوار تەمەن 18 ساڵ لە كەمپی ئاوارەكاندا.

هەولێر- هێمن رەفیق


وشە - تایبه‌ت