وه‌ك چۆن قه‌ڵه‌وی خۆی له‌خۆیدا كێشه‌یه و ده‌یان نه‌خۆشی وه‌ك نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و شه‌كره‌ی پێوه‌یه، لاوازیش به هه‌مان شێوه هه‌ر زیانبه‌خشه و ده‌بێ مرۆڤ هه‌میشه ناوه‌ندێك بۆ خۆی بهێڵێته‌وه.
ئاسانترین رێگه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی چه‌ند كیلۆ بین باشه، ئه‌وه‌یه خۆت بپێویت، چه‌ند سانتیم بووی، ئه‌وه‌نده كیلۆش ببی باشه، بۆ خانمان دوو كیلۆ كه‌متر بێت باشتره و بۆ پیاوان تا دوو كیلۆ زیاتریش بێت هه‌ر ئاساییه. بۆ نموونه، ئه‌گه‌ر خانمێك 165 سانتیم بوو، ئه‌وا 100 سانتیمه‌كه فه‌رامۆش بكه، 65 كیلۆ كێشێكی باشه، ئه‌گه‌ر 63 كیلۆش بیت باشتره. ئه‌گه‌ر پیاوێك 175 سانتیم بوو، ئه‌وا 75 كیلۆ بێت باشه، تا 77 كیلۆش هه‌ر گونجاوه.
پێشتر له به‌شی ته‌ندروستی، چه‌ندان هۆكاری خۆ لاوازكردنمان باس كردووه، لێره‌دا ده‌مانه‌وێ باسی ئه‌وه بكه‌ین ئه‌گه‌ر لاواز بیت، چۆن خۆت بگه‌یه‌نیته ئه‌و ڕێژه‌یه‌ی له‌سه‌روه باس كراوه، پێش ئه‌وه ده‌بێ بزانین هۆكاری لاوازی چییه:
- گرفتەكانی پێوەست بە ئارەزووی خواردن و جۆری خواردن.
- كێشە دەروونییەكان.
- نەخۆشییە درێژخایەنەكان.
- زێده‌ڕۆیی له وەرزشكردن به‌بێ پابه‌ندبوون به خواردنی گرنگ.
- بەساڵاچوون لەبەر كەمبوونەوەی بەرە بەرە لە هەستەكانی چێژكردن و بۆنكردندا.
زیانه ته‌ندروستییه‌كانی لاوازی چین:
- پەككەوتنی دڵ.
- هەندێك جۆری شێرپەنجە.
- لە ئافرەتە پیرەكانیشدا لەوانەیە كە ئێسكەكانیان تووشی پووكانەوە بن.
چی بكرێت تا كه‌مێ گۆشتن بیت؟
ئەگەرچی بۆ زیادكردنی كێشی لەش پێویستە كە بڕی وزەی رۆژانە بە كالۆری لە خۆراكەوە زیاد بكرێت، بەڵام بەگشتی بۆ زیادكردنی كێشی لەش هەرگیز ئامۆژگاری زیاد خواردنی خۆراكی خێرا و خواردنەوە گازدارەكان و چەورییە خراپەكانی وەك چەورییە تێرەكان و چەورییە نێوەندییەكان ناكرێت، بەڵكوو وا باشترە كە وزەی زیاتر لەو خۆراكانە وەربگیرێت كە سەرەڕای وزەی بەرز ماددەی خۆراكی سوودبەخش و تەندروستییانە لەخۆدەگرن بە بێ هیچ مادەیەكی خۆراكیی خراپ، بۆ نموونە:
- چەوری لە جۆری ئۆمێگا3 كە لە گوێز و ماسی تونا و ماسی سالمۆندا هەیە.
- سەرچاوە باشەكانی پرۆتین وەك: گۆشتی كەم چەوری، شیر، ماسی، گۆشتی پەلەور، پاقلەمەنییەكان، تۆوە رووەكییەكان.
- كاربۆهیدراتە باشەكان وەك: سەوزە و میوەكان و پەتاتە و دانەوێڵە.
چه‌ند ژه‌م بخورێ؟
بۆ زیادكردنی كێشی لەش، باشترە كە رۆژانە 6-5 ژەم بخورێت ژه‌می به‌یانی له هه‌موویان زیاتر و ئه‌وانی تر هاوسەنگ بن، لە جیاتی سێ ژەمی گەورە و سەرەكی خۆراك بخورێت بەتایبەتی بۆ ئەو كەسانەی كە ناتوانن بڕێكی باشی خۆراك لە ژەمێكدا بخۆن.
سەرچاوە: ئیلاف