پیاوێكی كورد دەیەوێت كچەكەی زیندەبەچاڵ بكات

:: AM:10:24:08/03/2018 ‌

ژنێك دوای ئەوی لەلایەن باوكیەوە بە زۆر بە شوو دەدرێت و دەبێت بە دایكی دوو منداڵ، بەهۆی خراپیی هاوسەرەكەیەوە پێوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ هاوڕێیەكی هاوسەرەكەی دادەنێت و دوای ئەوەی ئاشكرا دەبێت، باوكی بڕیار دەدات زیندەبەچاڵی بكات، هاوسەرەكەیشی دوای جیابوونەوە لێی، هەڕیشەی كوشتنی دەكات، بەڵام ئەو بەهاوكاری خۆشەویستەكەی لە ماڵی باوكی ڕا دەكات و خۆی دەگەیەنێتە خانەی داڵدەدانی ئافرەتان.

"هەوری" ناوی خوازراوی ئەو ژنە تەمەن ٢٦ ساڵەیە كە باوكی بە پاساوی هەبوونی پێوەندیی خۆشەویستی بڕیاری زیندەبەچاڵكردنی داوە، ئەو ئێستە لە خانەی داڵدەدانی ئافرەتان "شەڵتەر" دەمێنێتەوە و ترسی گەورەی ئەوەیە بكەوێتەوە بەردەستی باوكی، چونكە بەگوتەی خۆی "هیچ گومانی نییە لەوەی دواین هەناسەكانی دەدات و دەیكوژن". 
هەوری چیرۆكی بە زۆر بەشوودان و ژیانە ناچارییەكەی لەگەڵ هاوسەری بۆ "وشە" دەخاتە ڕوو، لەو خاڵەوە كە دووپاتی دەكاتەوە، هاوسەرەكەی سەرەڕای ئەوەی نەخۆشیی دەروونی هەبوو، گەورەترین گرێی دەروونی لەگەڵ ژندا هەبووە بەهۆی باوەژنەكەیەوە.
هاوسەری هەوری ناوی "بێستوون"ـە، دایكی خۆی نەبینیوە و باوەژن بەخێوی كردووە. بە گوتەی هەوری "بەهۆی خراپی هەڵسوكەوتی باوەژنیەوە بێستوون گرێی دەروونی لەگەڵ ژن بۆ دروست بووە، بۆیە هەڵسوكەوتی بەرانبەر منیش هێندە خراپ بوو".
 هەوری باسی سەرەتای هاوسەرگیرییەكەی دەكات و دەڵێ، "تەمەنم ١٨ ساڵ بوو باوكم لە قوتابخانە دەریهێنام و بە زۆر هاوسەرگیری پێ كردم لەگەڵ بێستوون، نەك خۆشم نەدەویست، زۆریش رقم لێی بوو، چونكە هیچ شتێكی من و ئەو لەیەك نەدەچوو، نە بیروبۆچوون و نە تێڕوانین و نە دنیابینیمان".
"بێستوون لە ڕوانینێكی سەلەفییانەوە هەموو دنیای دەبینی، منیش دەمویست بێ دەرچوون لە هیچ بنەمایەكی كولتووری و ئەخلاقی بە خۆشی بژیم، بەڵام هەموو خەونەكانمی لەناو برد، پێی دەگوتم ژن واتا ماڵ و مێرد و خۆداپۆشین بە پەچە، بێگومان من ڕێزی هەموو ئەوانەم گرتووە و دەیگرم هەرچی ئەویش گوتی كردم، بەڵام هەر سوودی نەبوو" هەوری وای گوت.
ئەو ژنە كە داهاتووی هیچ روونییەكی تیادا نییە و كاتەكانی ژیانی لە شەڵتەر بەسەر دەبات، ئاماژە بەوە دەكات كە هەر كاتێك بێستوون تووشی حاڵەتێكی نائاسایی یا تووڕەبوونێكی سادە بووبێتەوە، ڕاستەوخۆ بە ئەوی ڕشتووە. ئەوەیش دەخاتە ڕوو "رێك بەو شێوە ئازاری دەدات كە باوەژنەكەی بە منداڵی ئازاری ئەوی دابوو، یەك شێوە لێدان و یەك جۆر سووكایەتی. دووپاتی كردەوە لەوەی "هەندێكجار ئەوەندەی لێ داوم، لە هۆش چووم".
خەمی قووڵی هەوری ئەوكاتە دەستی پێ كردووە كە ماوەیەك ئەم ناخۆشییانەی شاردووەتەوە و دواتر بۆ بەهاناوەچوون، ماڵی خەزووری لە خراپی بێستوون ئاگادار كردووەتەوە، بەڵام ئەوانیش پشتیان تێ كردووە و كوڕەكەیان بە "پەپوولە" و هەوری بە "خەتابار و خراپ" دەزانن. ئەو ژنە نایشارێتەوە كە لە بێ پەناییدا هانام بۆ كەسێك برد ئەو ئاگرەی ناخم كپ بكاتەوە، بۆیە كاتێك هاوڕێی هاوسەرەكەم چەند جارێك لە هەموو كەسە نزیكەكانم زیاتر فریام دەكەوت، وردە وردە پێوەندی لە نێوانمان دروست بوو، تا كار گەیشتە ئەوەی بێستوون بە پێوەندییەكەی زانی.
"قەت بیرم نەچووبوو دایكم و خاوەنی دوو منداڵم، بەڵام نەمتوانی دەست لەوە هەڵگرم كە پیاوێك ژیانێكی نوێی بۆ دروست كردم و لەناو ئەو هەموو بێ مانایییەی تێیدا دەژیام جێی بهێڵـم، خۆم بڕیارم دا لەگەڵ ئەو كەسەدابم بۆ هەموو ژیانم، چاوەڕوانی هەموو كاردانەوەیەكی خراپیش بووم، بێ ئەوەی ترس لە گیانمدا هەبێت، چونكە من خۆم هەر مردبووم لای بێستوون، جا بۆ نەمرم لەپێناو ئاسوودەیی خۆم و خۆشەویستی". ئەمە ئەو پرسیارەی هەورییە كە وەڵامەكەیشی هەر لای خۆیەتی.
دوای ماوەیەك لەو خۆشەویستییە، پێوەندی هەوری لەگەڵ هاوڕێی هاوسەرەكەی ئاشكرا دەبێت و بێستوون ڕاستەوخۆ ڕادەستی باوكی دەكات، خۆی بەم شێوەیە باسی دوا ئێوارە دەكات كە لە ماڵی خۆی دەرچوو، "مۆبایلەكەم تێك چووبوو خۆشەویستەكەم بردی چاكی بكاتەوە، كاتێك بۆی هێنامەوە لە حەوشە لێم وەرگرت، بێستوون بەسەردا هاتە دەرەوە و ئێمەی بینی، ئیتر هەموو شتێك ئاشكرابوو، بەڵام هیچی لێ نەكردین، منی خستە ناو ئۆتۆمبێل و بردمی بۆ ماڵی دایكم".
باوكی هەوری دوای ئەوەی هۆی هاوردنەوەی كچەكەی دەزانێ، بەگوتەی هەوری، "باوكم بە لێدان و جنێو لە ژوورێكی نام و كلیلی دا، درەنگانێك دایكم هات گوتی باوكت بەتەمایە بەیانی لەگەڵ مامەكانت بتبات زیندەبەچاڵت بكەن، بۆیە یارمەتیت دەدەم ڕا بكە با تووشی ئەو جەرگسووتانە نەبم".
بەهاوكار دایكی، هەوری لەگەڵ خۆشەویستەكەی هەمان شەو ڕا دەكات و دەچێتە داڵدەی ئافرەتان، ماوەی چەند مانگێكە لەوێیە و بێستوون لێی جیا بووەتەوە، بڕیارە ڕێچارەیەك بدۆزێتەوە و لەگەڵ خۆشەویستەكەی هاوسەرگیری بكەن، بەڵام بەپێی قسەی ئەو كەسانەی سەردانی هەوری دەكەن لە شەڵتەر، بێستوون و باوكی هەوری چاوەڕوانی ئەوەن بێتە دەرەوە و بیكوژن. بەڵام هەوری دڵنیایی دەدات "تا یەك هەڕەشە لەسەر ژیانی خۆم و خۆشەوستەكەم هەبێت، ناچمە دەرەوە لە شەڵتەر".

وشە/ هەولێر- ئیڤان عەبدوڕەحمان






وشە - تایبه‌ت