توركیا لە رێگەی چڵە زەیتوونێكی نوێ لە عێراق پەیامێك بۆ واشنتن رەوانە دەكات

:: PM:10:24:11/03/2018 ‌

سەرەڕای سەركۆنەی نێودەوڵەتی بۆ هەڵمەتە سەربازییەكەی سوپای توركیا بۆ سەر شاری عەفرین لە سووریا، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا بڕیاری داوە كە بە هەڵمەتێكی تری سەربازی لەناو خاكی عێراق رووبەڕووی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ببێتەوە بە پاساوی سەقامگیركردنی دۆخەكە و گەڕاندنەوەی ئاوارەكانی بەهۆی جەنگەوە چوونەتە ناو ئەو وڵاتەوە.

بناڵی یەڵدریم، سەرۆك وەزیرانی توركیا لە 9ی ئەم مانگەی رای گەیاند كە ئەگەر پێویست بكات وڵاتەكەی هەڵمەتێكی سەربازی لە باكوری عێراق ئەنجام دەدات. ئەوەیش دوای رێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی عێراق لە دژی داعش و پارتی كرێكارانی كوردستان كە ئەنكەرە بە رێكخراوێكی تیرۆریستی دادەنێت.

مەولوود چاوەیشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی توركیا پێنجشەمی رابردوو رای گەیاند كە توركیا و عێراق هەنگاوی هاوبەش لەدژی پارتی كرێكارانی كوردستان داوێن و پاككردنەوەی خاكی عێراق لە پەكەكە و رێكخراوەكانی تری تیرۆریست تەنیا بۆ توركیا گرنگ نییە، بەڵكو بۆ سووریا و عێراقیش.

ئۆغلو ئاماژەی كرد كە رەنگە ئەو كردە سەربازییە هاوبەشە لە دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق لە ئایاری داهاتوو دەست پێ بكات، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی سوپای توركیا لە دوای تەواوكردنی هەڵمەتی سەربازی بۆ سەر عەفرین، ئەوەی عێراقیش دەست پێ دەكات. 

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە كانوونی دووەمی رابردوو رای گەیاند كەی توركیا سنووری هەڵمەتە سەربازییەكەی لە سووریا لەدژی شەڕوانانی كورد بۆ رۆژهەڵات فرەوان دەكات تا سنوورەكانی عێراق، رۆژی هەینیش گوتی، ئەمڕۆ لە عەفرینین و سبەی لە منبەج و دوای ئەوەیش رۆژهەڵاتی فورات پاك دەكەینەوە تا سنووری عێراق.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی "عەرەبی ئەلجەدید"ی لەندەنی، ئەوجارەیان (چڵە زەیتوون)ێكی نوێی سوپای توركیا لە عێراق دەست پێ دەكات، ئەو ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە توركیا سوود لە سەرقاڵبوونی بەغدا بە هەڵبژاردنەكان و پێویستیی بە هێوربوونەوە لەگەڵ دراوسێكانییەتی، هاوكات دەست پێكردنی كردە سەربازییەكەیەتی لە عێراق لەدژی پەكەكە. 

بەپێی قسەكانی وەزیری دەرەوەی توەركیا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەیەوێت عێراق لە رێكخراوە تیرۆریستیەكان رزگار بكات و ئێستە چەكدارانی پەكەكە بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر حكوومەتی بەغدا و هەرێمی كوردستانیش، تەنانەت ئەوان بەدوای پێكهێنانی قەوارەی ئیدارین لەناو ئەو وڵاتە.

رۆژنامەكە زیاتر دەڵێت، دوای ئەوەی پەكەكە لەگەڵ حەشدی شەعبی نزیك بووەتەوە پێوەندییەكانی ئەو پارتە لەگەڵ پارتە كوردییەكان باش نەماوە، لەو كاتەی توركیا هەوڵی لەناوبردنی بنكە و بارەگەكانی ئەو پارتە دەدات لە چیای قەندیل، جیا لەوەیش رەنگە ئەو هەڵمەتە سەربازییە نوێیەی توركیا بە یارمەتی ئێران بەڕێوە بچێت. كە رەنگە ئاماژە بێت بۆ تێكچوونی پێوەندییەكانی پەكەكە و ئێران بەهۆی سووریاوە و لە چوارچێوەی هەڵمەتی هاوبەشی ئەو سێ وڵاتە بێت لەدژی كورد وەك عەلا برۆگەردی، سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی ئەنجوومەنی شورای ئێران دەڵێت، هاریكارییەكی رژد لە نێوان ئێران و توركیا و عێراق هەیە بۆ پووچەڵكردنەوەی پیلانێكی ئەمەریكا بۆ دابەشكردنی عێراق و جیاكردنەوەی هەرێمی كوردستان.

لەو كاتەی كە سەرچاوەكانی نزیك لە حكوومەتی عێراق گرنگی ئەوتۆیان بە لێدوانەكانی وەزیری دەرەوەی توركیا نەدا بە ئەنجامدانی هەڵمەتە سەربازییە هاوبەشەكە و گوتیان كە ئەو بابەتە ئێستە لە شتە گرنگەكانی حكوومەتی عێراق نییە و هیچ زانیارییەكمان بە بوونی ئەو رێككەوتن و هاریكارییە لە نێوان بەغدا و ئەنكەرەدا نییە. 

لەو كاتەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق لێدوانەكانی وەزیری دەرەوەی توركیای رەت كردەوە و ماجید غەراوی لەو بارەوە گوتی، ئەو قسانەی وەزیری دەرەوەی توركیا رەت كراوەن و هەر كردەیەكی سەربازی توركیا لەناو خاكی عێراق پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عێراقە و پێویستە وەزارەتی دەرەوەی عێراق وەڵامی ئەو قسانە بداتەوە.

چاودێران دەڵێن كە رەنگە توركیا سەرقاڵی بەغدا بە هەڵبژاردنەكان بقۆزتەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتێكی سەربازی لەدژی پەكەكە كە رەنگە ئەو سەرقاڵییەی عێراق بە لاوازی تێبگات كە رێگە بەوە دەدات كە بوونی سەربازییانەی لەناو خاكی عێراق زیاتر بكات.

چاودێرێكی عێراقی لەو بارەوە دەڵێت كە حكوومەتی بەغدا بەرژەوەندی لە لاوازكردنی كورد و تواناكانیان بۆ داواكردنی مافەكانیان هەیە بە تایبەتی لەبارەی پشكی هەرێم لە سامانی عێراق وەك ئەوەی لە بودجە فیڵیان لێ كرا، چونكە كورد ئەمڕۆ لە لاوازترین قۆناغدان و دەستوەردانی توركیایش لاوازتریان دەكات، بۆیە هەردوولای توركیا و عێراق دەیانەوێت سوود لەو ساتە وەربگرن بۆ ئەوەی هەردووكیان لەسەر حسێبی كورد بە ئامانجەكانیان بگەن. 

ئەو زیاتر دەڵێت، بەغدا وا خۆی پێشان دەدات كە زانیاری لەو بارەوە نییە، ئەوەیش بۆ ئەوەی بەر لە دەست پێكردنی جەنگ وا دەرنەكەوێت كە پلانی بۆ لاوازكردن و فەرامۆشكردنی كورد بە هاوشێوەی سوننە دەبات و پاڵنانیان بۆ دەرەوەی پرۆسەی سیاسی، ئەو كاتەی بەغدا توانای ئەوەی بۆ دەرەخسێت كە بەهەوەسی خۆی هاوبەشەكانی لەناو پرۆسەی سیاسی لە كورد و سوننە هەڵبژێرێت، واتە بە میزاجێكی شیعانە. 

لای خۆیە ئەمیر ساعیدی، شارەزای ستراتیجی و سەربازی دەڵێت، وەزارەتی دەرەوەی توركیا ئاماژەیەكی روون دەدات لایەنی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ئەمەریكا بەوەی توركیا دەتوانێت بەدەر لە ویستی واشنتن هەڵمەتی سەربازی لەناو خاكی عێراق جێبەجێ بكات بە هاوكاریكردن لەگەڵ عێراق، ئەگەرچی لە ناوخۆی عێراق لەلایەن كورد و پەرلەمانی عێراقیش ناڕەزایی بۆ هەر دەستوەردانێكی توركیا لە كاروباری عێراق هەیە. 

سەرچاوە: كیتابات 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل