لەسەر حوسێن شیرازی..شیعەی دنیا دژی ئێران دەوەستنەوە

:: AM:10:47:12/03/2018 ‌


دوای ناونانی خامەنەیی بە فیرعەون، حوسێن شیرازی نەوەی سادق شیرازی یەكێك لە مەرجەعەكانی شیعەكانی عێراق لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری قوم دەگیرێت. هاووڵاتییانی پارێزگاكانی نەجەف و كەربەلا لە بەردەم كونسوڵخانەی ئێران ناڕەزایەتی دەردەبڕن و دروشمی توند دژی خامەنەیی بەرز دەكەنەوە كە لە دوای 2003ەوە عێراق ئەوەی بە خۆیەوە نەبینەوە، عەبادیش لە ترسی رەنگدانەوەی رەوشەكە بەسەر حكوومەتەكەی و هەژموونی گەورەی ئێران بەسەر عێراق، رەتی دەكاتەوە دەستوەردان بكات. خۆپیشاندان دژی گرتنی شیرازی تەنیا پارێزگاكانی باشووری عێراقی نەگرتووەتەوە، بەڵكو شیعەكانی كوێتیش خۆپیشاندانیان دەستپێكردووە و لە لەندەنیش شیعەكان هێرشیان كردووەتە سەر باڵوێزخانەی ئێران.

هەواداران و لایەنگرانی مەرجەعی سادقی شیرازی لە ئێران كە حوسێن شیرازی لە جێی باپیری دادەنیشێت، رووبەڕووی بەربەست و ئاستەنگ بوونەتەوە بەهۆی ئەوەی حوكمی ویلایەتی فیقهی رەتدەكەنەوە و داوای جیاكردنەوەی حەوزەی عیلمی و مەرجەعە باڵاكانی شیعە لە كاروباری دەوڵەت دەكەن. ئەم هەڵوێستەی شیرازییەكان دژی فەلسەفەی مەرجەعی باڵای شیعەكانی ئێرانە كە لەسەر بنەمای ویلایەتی فیقهی حكوومەت بەڕێوە دەبەن.

تەنگژەی ئەمجارە دوای گوتنەوەی وانەیەك دێت لەلایەن حوسێن شیرازی بە ناونیشانی بێویژدانان و دەسەڵاتیان لە وڵاتانی ئیسلامی كە لە ناوەڕۆكدا ئاماژە بە عەلی خامەنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران كرا بوو، بە فیرعەونی چواندبوو.

دواتر دادگای پیاوانی ئاینی كە سەر بە خامەنەیی خۆیەتی، سێشەمی رابردوو بڕیاری گرتنی شیرازی دەركرد، سەرچاوە هەواڵییەكانی رەوتی شیرازییەكان دەڵێن هەواڵگری ئێرانی بە داری كارەبایی لە شیرازییان داوە و خستوویانەتە ناو قەفەزەوە.

دوا بە دوای گرتنی شیرازی، لایەنگرانی ناڕەزایەتییان دەربڕی، سەرەتا لە لەندەن هەڵیانكوتایە سەر باڵوێزخانەی ئێران، پاشان بازنەی ناڕەزایەتی فراوانتر بوو پارێزگاكانی باشووری عێراق كە زۆرینە شیعەنشینن بە تایبەت لە نەجەف، كەربەلا و بەسڕە خۆپیشاندان لەبەردەم كونسوڵخانەی ئێران دەستی پێكرد و داوایان لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانیش كردووە دەستوەردان بكات بۆ ئازادكردنی شیرازی، هاوكات بازنەكە فراوانتر بووە و شیعەكانی كوێتیش لە بەردەم باڵوێزخانەی ئێران لە وڵاتەكەیان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای ئازادكردنی شیرازی دەكەن.

محەمەد نازك یەكێك لە پێڕەوانی مەرجەعیەتی شیرازی لە كەربەلا دەڵێ، ناڕەزایەتی دەربڕین لەبەردەم كونسوڵخانەی ئێران هیچ دەرئەنجامێكی هێشتا نەبووە، چونكە لایەنی ئێرانی هیچ هەڵوێستێكی لەسەر گرتنەكە نییە.گوتی "مەرجەعی شیرازی لە ئێران هێڵی سوورە و رێ نادەین دەسەڵاتی ویلایەتی فیقهی دەستی بۆ ببات".

نازك كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، روونی دەكاتەوە دەسەڵاتدارانی ئێران لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن زۆر دیكتاتۆرانە مامەڵە دەكات و گوتی، "تەنانەت رێیان نەداوە خێزان و مندڵەكانی لە گرتووخانە سەردانی بكەن بۆ پێدانی دەرمانی نەخۆشیی شەكرە".

هەوڵەكانی شیرازییەكان بەردەوامە، پێنجشەمی رابردوو هەندێك لە مەرجەعە شیعەكانی عێراق سەردانی عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراقیان كرد كە دەستوەردان بكات بۆ ئازادكردنی، بە تایبەت خێزانی دووەمی سیستانی لە بنەماڵەی شیرازییەكانە.

رەوتی شیرازییەكان لە عێراق و ئێران لە دیارترین رەوتی دژ بە ویلایەتی فیقهین و پێیان وایە ویلایەتی فیقهی دیكتاتۆریی بەرهەم دەهێنێت و داواش دەكات لە پرسەكاندا بۆچوونی مەرجەعەكانی تریش وەربگیرێت. هەر لە ساڵی 1979دا شیرازییەكان داوایان لە خومەینی كرد كە ویلایەتی فیقهی تێكەڵ بە سیاسەت و كاری دەوڵەتەوە نەكات، لەسەر ئەمە دەسەڵاتدارانی ئێرانی محەمەد شیرازی مەرجەعی شیرازییەكانی لە ماڵەكەی خۆیدا دەستبەسەر كرد تا ساڵی 2001 كۆچی دوایی كرد، پاشان براكەی سادق شیرازی شوێنەكەی پڕ كردەوە.

دوای ئازادیی عێراق لە 2003، شیرازییەكان چالاكییەكانیان لە عێراق پەرەی سەند و بە هێزەوە گەڕانەوە گۆڕەپانی عێراقی و بنكەی جەماوەرییان بەهێز كرد، لەگەڵ رەوتی سەدر و مەرجەعی باڵا سیستانی كۆكن لەسەر جیاكردنەوەی ئاین لە دەوڵەت، ئەمەش وایكرد كاریگەرییان جارێكی تر لە ئێران دەربكەوێتەوە بە تایبەت دوای گوتنەوەی وانەكانیان بە شێوەی رۆژانە و هەفتانە لە شاری قوم كە قسەیان لەسەر رەوشی سیاسی و ئابووری وڵاتیش دەكرد، ئەمەش وایكرد پێگەی جەماوەرییان بەهێزتر بێت و رەوتی تریش هەنگاوی ئەوان هەڵگرن.

هەر لەسەر خۆپیشاندانی شیرازییەكانی عێراق، سەرچاوەیەكی نزیك لە عەبادی ئاماژەی بەوەدا، ململانێی نێوان مەرجەعەكان لە ماوەی رابردوودا بە شێوەیەكی بەرچاو گەورە بووە چ لە ناوخۆی عێراق یان لە دەرەوە، ئەمەش وایكردووە عەبادی نەیەوێت دەستوەردان لە وەها كارێك بكات بە تایبەت كە ئێران هەژموونێكی ئێجگار گەورەی بەسەر عێراق و حكوومەتەكەیەوە هەیە.

ئەو سەرچاوەیە نەیشاردەوە كە زۆرینەی مەرجەعە شیعەكانی عێراقی دژی ویلایەتی فیقهی و سەركوتكردنی ئۆپۆزسیۆن و فراوانكردنی هەژموونی خۆیان لە دەرەوەی وڵات، ئەم پرسەش خرایە بەردەم عەبادی، بەڵام ئەو پێی باشبوو دەستوەردان نەكات و پرسەكە لە نێوان مەرجەعەكان خۆیان بمێنێتەوە.

بەڵام خۆپیشاندەران چڕتر داوای دەستوەردانی دەسەڵاتدارانی عێراق دەكەن بۆ ئازادكردنی شیرازی، لەم ناوەندەدا ئەحمەد جبووری ئەندامی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، حكوومەت بەرپرسە لە پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی خۆی چ لە ناوخۆی عێراق بێت یانیش دەرەوەی عێراق، ئەم پرسەش دەكەوێتە سەر ئەستۆی وەزارەتی دەرەوە.

ئەحمەد بۆ "عەرەبی جەدید" قسەی كردووە و دەڵێ، پێویستە وەزارەتی دەرەوە بێتە سەر خەت بۆ ئازادكردنی سادقی شیرازی و نەوەكەی حوسێن شیرازی كە ئێران گرتوونی، تەنانەت كاری باڵوێزخانەی عێراقە لە تاران بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بكات و لە سەلامەتی و تەندروستی بپرسێتەوە.

 بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان مەرجەعە شیعەكان، دیوانی وەقفی شیعی لە عێراق هیچ بەیاننامەیەك و دەستوەردانێكی نەكردووە بەهۆی ئەوەی زۆرینەی فەرمانبەرانی دیوانەكە سەر بە مەرجەعی شێخ محەمەد یەعقووبین كە خۆیان لەو كێشە بە دوور دەگرن و سەرقاڵی كاری حزبی و هەڵبژاردنن كە سەركردایەتی حزبی فەزیڵە دەكەن.  

جێی باسە گرتنی شیرازی، كەلێن و ناكۆكییەكانی نێوان مەرجەعە شیعەكانی دەرخست بە تایبەت جیاوازی لە نێوان مەرجەعە عەرەبی و ئێرانییەكان كە عەرەبییەكان باوەڕیان بە جیاكردنەوەی ئاین لە دەوڵەت هەیە، كەچی ئێرانییەكان لە رێی ویلایەتی فیقهی دەستیان بەسەر دەوڵەت گرتووە و دەوڵەتیان پڕ بە كراسی ئاین بۆ خۆیان دووریوە.



وشە - فه‌رمان سادق