دیداری ترەمپ و کيم ئون سەرەتای هەڵوەشانەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمییە لەگەڵ ئێران

:: PM:12:09:12/03/2018 ‌


دوای ساڵێك لە ناكۆكی و ململانێی توند لە نێوان ئەمەریكا و كۆریای باكور كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوەڕوانی شەڕی ئەتۆمی دەكرد، دواجار هەردوو سەرۆك رەزامەندییان نیشاندا بۆ كۆبوونەوەی لووتكە و هاوكێشەكە پێچەوانەوە بووەوە، پێدەچێ كۆبوونەوەكە سەرەتای ڕەتكردنەوە و هەڵوەشانەوەی رێككەوتنی ناوەكی بێت لەگەڵ ئێران.

بەرپرسانی رۆژائاوا كە لە دەسەڵاتن و ئەوانەی پێشووش كۆكن لەسەر ئەوەی دیداری لووتكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لەگەڵ كیم جۆنگ ئون سەركردەی كۆریای باكور، سەرەتای رەتكردنەوە و هەڵوەشانەوەی رێككەوتنی ناوەكی ئێران بێت لەلایەن ئەمەریكاوە بە تاكلایەنە كە چاوەڕوان دەكرێت مانگی ئایاری داهاتوو ئەمەریكا دوا قسەی خۆی لەسەر رێككەوتنەكە بكات.

ئۆن سەركردەی كۆریای باكور چاوەڕێی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دەكات لە دەستنیشانكردنی كاتی كۆبوونەوەكە، چاودێران پێیان وایە كۆبوونەوەكەی نێوان ئەو دوو سەركردەیە پێش 12ی ئایاری داهاتوو بێت كە رۆژی گفتوگۆ و بڕیارە لەسەر رێككەوتنی ناوەكی لەگەڵ ئێران لەلایەن ئەمەریكاوە. تا ئێستە ترەمپ رۆژی كۆبوونەوەی لەگەڵ ئون دەستنیشان نەكردووە.

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ The Wall Street Journal" لە راپۆرتێكیدا تیشك دەخاتە سەر دیوێكی كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوەكەی نێوان ترەمپ و ئۆن، ئەویش پرسی رێككەوتنی ناوەكی وڵاتانی پێنج كۆ یەكە لەگەڵ ئێران، كە لە ماوەی رابردوودا لە چەندان بۆنە و تویتدا سەرۆكی ئەمەریكا هێرشی توندی كردووەتەسەر رێككەوتنەكە و هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی تاكلایەنە كردووە، هۆشیداریشی داوە كە واژوو لەسەر درێژكردنەوەی ماوەی هەڵپەساردنی سزاكانی سەر ئێران ناكات كە لە 12ی ئایاری داهاتوو كۆتا رۆژە بۆ واژووكردن لەسەری، ئەمەش وەك گوشارێك لێكدەدرێتەوە بۆ سەر ئێران لەلایەك و وڵاتانی رۆژئاوا (ئەڵمانیا، فڕەنسا و بەریتانیا) لەلایەكی تر.

ئەمەریكا داوای هەمواركردنەوەی رێككەوتنەكە دەكات، بەڵام بەرپرسانی و شارەزایانی ئاگادار لە ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە كە ساڵی 2015 واژوو كراوە، دەمێكە باس لەوەدەكەن كە مانەوە و نەمانەوەی رێككەوتنەكە پێوەستە بە پێوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و كۆریای باكور، بەو پێیەی ئەگەر ئەمەریكا لە رێككەوتنەكە بكشێتەوە، ئەوا ئۆنی سەركردەی كۆریای باكور ناچار دەكات كە باوەڕ بە بەڵێن و گەرەنتییەكانی ئەمەریكا نەكات بەرانبەر بە وازهێنانی لە بەرنامە ناوەكییەكانی.

بەڵام هەندێك لە بەرپرسان دیوەكەی تر وەردەگرن و پێیان وایە رەتكردنەوە و كشانەوە لە رێككەوتنی ناوەكی لەگەڵ ئێران، ئەوا هەڵوێستی ئەمەریكا بەرانبەر بە كۆریای باكور بەهێزتر دەكات.

 ویندی شیرمان دانوستكاری گەورە لە رێككەوتنی ناوەكی لەگەڵ ئێران كە ساڵانێكیشە لە دۆسیەی دیپلۆماسی كۆریای باكور لە ئیدارەی كیلنتن كاری كردووە، دەڵێ لۆجیك وایە ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوەكی لەگەڵ ئێران بكشێتەوە، ئەوا میسداقیەتی واشنتن نامێنێت.

لەگەڵ ئەوەی سەرۆك ترەمپ بەو رێیە دەیەوێت وەها مامەڵە بكات كە رازی نابێت و دانوستاندن بۆ رێككەوتنێكی خراپ ناكات، ئەو كاتە ئەمەریكا رووبەڕووی كارەسات و تەنگژەی دوو وڵاتی خاوەن ئەتۆم دەبێتەوە. شیرمان وا دەڵێت.

دیپلۆماتكارێكی گەورەی رۆژئاوا پێی وایە، ئەگەری هەیە گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ ئون هەواڵی خراپ بە رێككەوتنی ناوەكی لەگەڵ ئێران بگەیەنێت كە بەهۆیەوە سەرجەم سزاكانی سەر ئەو وڵاتە بەشێوەیەكی كاتی هەڵپەسێراون. ئاماژەی بۆ قسەیەكی ترەمپ كرد كە بەو وڵاتانەی گوت پێتان نیشاندەدەم چۆن رێككەوتن دەكەن.

لەسەر ئەو پرسە هەندێ لە رەخنەگرانی رێككەوتنی ناوەكی لەگەڵ ئێران كۆكن، لەوانە جیمس كارافانۆ جێگری سەرۆكی دامەزراوەی كولتووری راستڕەو كە ماوەیەكیش لە تیمی ترەمپ كاری كردووە، دەڵێ ترەمپ مكوڕە لەسەر ئەوەی رێككەوتنی ناوەكی لەگەڵ ئێران رێككەوتنێكی باش نییە، نەك وەك كارتی گوشار.

روونی كردەوە كە كیم ئون سەركردەی كۆریای باكور فێر دەبێت ناوی فەرمی رێككەوتنی ناوەكی لەگەڵ ئێران چییە، پێویستە زۆر لەوەی ئێران بەهێزتر بێت.

ریچارد نیفیۆ بەرپرسی باڵای پێشتر لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكی كە ئەویش یەكێك بووە لە ئەندامانی تیمی ئەمەریكی دانوستانكار لەگەڵ ئێران، پێی وایە ئەو پێشڤەچوونە لە ناكاوە و روونە لەگەڵ كۆریای باكور وادەكات ترەمپ پشتگیری هەردوو حزبی دیموكرات و كۆماری ئەمەریكی بەدەست بهێنێت و لەژێر ئەو گوشارەی كۆمارییەكانیش رزگاری ببێت كە داوای كشانەوەی لە رێككەوتنی ناوەكی لەگەڵ ئێران لێ دەكەن.

زیاتر گوتی "ترەمپ ناتوانێت لە یەككاتدا مامەڵە لەگەڵ دوو تەنگژە بكات ئەگەر دڵنیا نەبێت لەوەی جەنگی هەڕەشە و سزا گەورەكانی بۆ سەر ئێران و كۆریای باكور سەركەوتوو نابێت، بۆیە كارێكی ژیرانە دەكات ئەگەر هەمان یاری لەگەڵ ئێرانیش دووبارە بكاتەوە".

بەڵام بەرنامەی ناوەكی ئێران لەگەڵ كۆریای باكور جیاوازی زۆری هەیە، تاقیكردنەوەكان دەری دەخەن كە كۆریا خاوەنی چەكی ئەتۆمە و تاقیكردنەوەشی لەسەر كردووە، بەڵام هێشتا ئێران بەوە نەگەیشتووە، ئەگەرچی یۆرانیۆمی پێویستی پیتاندووە بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆم. بەڵام ئابووری ئێران لەوەی كۆریای باكور پێشكەوتووتر و كراوەترە، لەگەڵ ئەمەشدا سزا نێودەوڵەتییەكان كاریگەری زووتر لەسەر دادەنێت.

ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی لە مانگی كانوونی یەكەمی 2015 نەیشاردەوە كە ئێران پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام هێشتا ماویەتی بتوانێت ئەو یۆرانیۆمەی لە بەردەستیدایە بەكاری بهێنێت بۆ چەكی ئەتۆم.

جێی باسە یەكێك لە گەورەترین رەخنەكانی ترەمپ لە رێككەوتنی ناوەكی لەگەڵ ئێران كە بەهۆیەوە لەسەردەمی باراك ئۆباما هەموو سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئەو وڵاتە هاتە هەڵپەساردن بەرانبەر بە هەندێك مەرجی توند كە مەرجەكان كاتین، بۆیە كێشەكە چارەسەر ناكات، بەڵكو كێشە ئەتۆمییەكە دوادەخات وەك چۆن ئەمەریكا شكستی هێنا لە رێككەوتن لەگەڵ كۆریای باكور لە ساڵانی نەوەتەكانی سەدەی رابردوو كە دواتر بیۆنگ یانگ بووە خاوەنی چەكی ئەتۆم.

لە بەرانبەردا ئەوانەی پشتگیری لە رێككەوتنی ناوەكی لەگەڵ ئێران دەكەن، پێیان وایە ئێران زۆر لە كۆریای باكور پابەندی رێككەوتنەكە بووە، ئەمەش وادەكات كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئاڵنگاری تر و مەرجی تر رووبەڕووی ئێران ببێتەوە نەك هەڕەشەی ئەتۆم.

 چاگای تزورییل بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی هەواڵگری ئیسرائیل دەڵێ، پێشكەوتنی ناشەرعی بەرنامەی ئەتۆمی كۆریای باكور كاریگەری لەسەر بڕیارەكان دانا كە دژ بە تاران گیرانەبەر لەلایەن ئەمەریكاوە، هەروەها ئێران كاریگەر بوو بە سەركەوتنی كۆریای باكور، بۆیە دوور نییە ئێران و كۆریا هاوئاهەنگی یەكتری بكەن لە شێوازی بەرگریكردن لە خۆیان لەو پاڵەپەستۆیە نێودەوڵەتییەی دەكرێتە سەریان بە هۆی بەرنامەی ئەتۆمیی هەردوو وڵات.

 لەگەڵ ئەوەی نزیكبوونەوە و كۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و كیم ئون هێشتا ئەنجام نەدراوە، قسە لەسەر رەنگدانەوە و كاریگەرییەكانی بەسەر رێككەوتنی ناوەكی لەگەڵ ئێران دەكرێت، كەس ناتوانێت دڵنیایی ئەو كاریگەرییە بە ئەرێنی یان نەرێنی بدات.

سەرچاوە/ سكای پرێس


وشە - فه‌رمان سادق