پوتین خۆی بۆ ویلایەتی چوارەم ئامادە دەكات

:: PM:02:53:12/03/2018 ‌



لە كاتێكدا ئەگەر بردنەوەی لە هەڵبژاردن و بوونەوەی بە سەرۆك بۆ خولی چوارەم بەدوای یەكدا بەگوێرەی زۆرینەی راپرسییەكان یەكلا بووەتەوە، بەڵام پوتین هەڕەشەی بەكارهێنانی چەكی ناوەكی دژ بە رۆژئاوا و ئەمەریكا دەكات ئەگەر ببنە مەترسی بۆ سەر رووسیا و هاوپەیمانانی.

بڕیارە لە 18ی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی رووسیا ئەنجام بدرێت، بەڵام سەركەوتنی ڤلادیمێر پوتین بۆ خولی چوارەمی سەرۆكایەتی تا ئاستێكی زۆر یەكلا بووەتەوە، كەچی هێشتا ناوبراو هەڕەشەی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆم دەكات ئەگەر وڵاتەكەی لەلایەن ئەمەریكاوە رووبەڕووی هێرشی ئەتۆمی ببێتەوە.

چاوەڕوان دەكرێت بەكرێگیراوی پێشتری دەزگەی هەوڵگری سۆڤیەتی (كەی جی پی) سەركەوتنی بەرچاو بەدەست بهێنێت و تا ساڵی 2024 لە پۆستی سەرۆك كۆماری رووسیا بمێنێتەوە ئەگەر هیچ پێشهاتێك روو نەدات. بەڵام هەڵبژاردنی ئەمجارەی رووسیا پێ ناچێت بێ رووداگەلێك بە ئاسانی تێپەڕێت بە تایبەت ئێستە ئەو وڵاتە لەگەڵ رۆژئاوا لە رووبەڕووبوونەوەیەكی دیپلۆماسیی گەورەدایە.

پێگەی "گازیتا راشا" دەڵێ، پێ دەچێ ناكۆكییەكانی نێوان رووسیا و رۆژئاوا گەیشتبێتە ئاستێكی مەترسیدار و پێشبینی نەكراو كە هاوكاتە لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی رووسیا.

ڤلادیمێر پوتین ئامادەكاری بۆ خولی چوارەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی رووسیا دەكات كە هاوكاتە لەگەڵ گرژیی قووڵ لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا كە پوتینی ناچار كرد هەڕەشەی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆم دژی ئەمەریكا بكات ئەگەر ئەو وڵاتە دەست بۆ رووسیا یان هەر وڵاتێكی هاوپەیمانی رووسیا درێژ بكات. ئەمە لە كاتێكدایە هێشتا لێكۆڵینەوەكانی ژەهرخواردكردنی سكریپاڵ سیخوڕی رووسی لە بەریتانیا تەواو نەبووە كە پەیامێك بوو بۆ رووسیا هێشتا گرژییەكانی لەگەڵ رۆژئاوا كۆتای نەهاتووە.

بەگوێرەی راپرسییەكانی تا ئێستە ئەنجام دراون، دەركەوتووە پوتین 70%ی دەنگەكان بەدەست دەهێنێت و بە جیاوازییەكی زۆر پێش نزیكترین ركابەری بكەوێت كە باڤێڵ گرودینین-ە، كە بەگوێرەی راپرسییەكان 7.8%ی دەنگەكان دەهێنێت.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا پوتین (65 ساڵ) ئاماژەی بە نوێترین چەكی وڵاتەكەی كرد، لەو گوتارەیدا كە زیاتر زمانی سەربازی بەسەر سیاسی و دیپلۆماسی زاڵ بوو، دیارترین گوتاری پوتین بوو كە تێیدا دژایەتی زۆر و هەڕەشەش دژ بە رۆژئاوا بكات لە ماوەی 18 ساڵی رابردووی دەسەڵاتی.

 پوتین گوتی "ئەگەر رووسیا رووبەڕووی هێرشی چەكی ئەتۆم ببێتەوە، یان هەر وڵاتێكی هاوپەیمانی رووسیا، ئەوا دەستبەجێ بەو چەكە نوێیانە وەڵامیان دەدەینەوە كە نازانێت شكست چییە".

لە حەوتی مانگی رابردوو، واشنتن رای گەیاند لە هێرشەكانی لە سووریا توانیویەتی 100 چەكداری رژێمی ئەسەد و هەندێك رووس بكوژێت، لە وەڵامدا مۆسكۆ نەیشاردەوە كە لەو هێرشەدا پێنج هاوڵاتی رووس كوژراون بەڵام سەرباز نەبوونە.

چاودێران پێیان وایە ئەوەی رووی دا رووبەڕووبوونەوەیەكی دەگمەنی راستەوخۆ بووە لە نێوان سوپای رووسیا و ئەمەریكا، ئەمە لە كاتێكدایە پێوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتە لە خراپترین دۆخدایە بەهۆی تۆمەتباركردنی رووسیا بە دەستوەردان لە هەڵبژاردنی 2016ی سەرۆكایەتی ئەمەریكا كە هێشتا لێكۆڵینەوەكانی لیژنەی دەرخستنی راستییەكان لەسەر ئەو پرسە كۆتای نەهاتووە.

گرژییەكانی روسیا لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا، زیاتر پەرەی سەند كاتێك پۆلیسی بەریتانی رای گەیاند كە سێرگی سكریپاڵ سیخوڕی پێشتری رووسیا و بەكرێگیراوی دووسەرە كە بۆ بەریتانیاش كاری كردووە، لە ناوچەی ساڵزبڕەی باشووری بەریتانیا دووچاری هێرشكردن بە غاز بووەتەوە، لەو كاتەوە قسە لەسەر ئەوە دەكرێت ناوبراو لەلایەن رووسیا خۆیەوە هێرشی كراوەتە سەر.

چاودێران پێیان وایە هەموو ئەو ناكۆكییانەی ئێستە رووسیا لەگەڵ رۆژئاوا هەیەتی لە بەرژەوەندی پوتین دەشكێتەوە، وا نیشان دەدرێت كە وێنەی رووسیا نوێ لەلایەن رۆژئاواوە كراوەتە ئامانج، ئەمەش وادەكات رووسەكان زیاتر یەكگرتوو بن لە پرسی دەنگدان بە پوتین.

 لەسەر كوژرانی سكریپاڵ، فیلیپ هاموند وەزیری دارایی بەریتانیا رای گەیاند، ئەگەر سەلمێنرا وڵاتێكی بیانی دەستی هەبووە لە ژەهرخواردكردنی سكریپاڵی سیخوڕی پێشتری رووسی لەسەر خاكی بەریتانیا ئەوا بە "بەشێوەیەكی گونجاو" وەڵامی دەدەینەوە. ئەمە لە كاتێكدایە میدیاكانی بەریتانیا، رووسیا تۆمەتبار دەكەن بە كوشتنی سكریپاڵ.

لەسەر ئەو پرسە پۆلیسی بەریتانی لە لێكۆڵینەوەدایە، هاموند دەڵێ چاوەڕێی راپۆرتی پۆلیسین، بەڵام ئەگەر ئاشكرا بوو وڵاتێك لە پشتەوەی رووداوەكە بووە، ئەمە پرسێكی مەترسیدارە و حكوومەتی بەریتانیا بە شێوەیەكی گونجاو وەڵامی دەبێت.

 سكریپاڵ (66 ساڵ) باوكی یولیا (33ساڵ) لە چواری ئەم مانگەوە لە نەخۆشخانەیە دوای ئەوەی لەسەر شۆستەی شارۆكەی ساڵزبری لە باشووری بەریتانیا بە بێ ئاگایی بینرا و رەوانەی نەخۆشخانە كرا.

میدیاكانی بەریتانیا بڵاویان كردەوە رەنگە رووسیا لە پشتەوەی هێرشكردنە سەر سكریپاڵ بێت، بەڵام وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رای گەیاند هێشتا زووە پەنجەی تۆمەت بخرێتە پاڵ هەر كەس و لایەنێك.

سكریپاڵ، یەكێكە لە دەیان سیخوڕی رووس كە بەكرێگیراوێكی دووسەرە دەرچووە و كاری بۆ بەریتانیاش كردووە، دوای ئاشكرابوونی ساڵی 2004 لە رووسیا، دادگا حوكمی 13 ساڵ زیاندانی بەسەردا سەپاند و ساڵی 2010 مافی پەنابەرێتی لە بەریتانیا وەرگرت دوای ئاڵوگۆڕ پێكردنی بە سیخوڕێكی تری رووس.

 
سەرچاوە/ عەرەب


وشە - فه‌رمان سادق