یەكێتی بەبێ‌ ئەنجوومەنی پارێزگا گۆرانكاری لەچەند پۆستێكی تردا دەكات

:: PM:09:52:12/03/2018 ‌

بەرپرسێكی یەكێتی ئاشكرای دەكات یەكێتی دەیەوێت گۆڕانكاری لە ژمارەیەك پۆست بكات لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و شارۆكەی پێنجوێن و شارەزوور بۆ ئەو مەبەستەیش چاوەرێی بریاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە.

ئەمڕۆ دووشەم 12ـی ئادار، ئەحمەد قەدەفەری جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی نۆی شارەزووری یەكێتی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەمەبەستی گۆرانكاری لەچەند پۆستێكی حكوومی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و شارۆكەكانی پێنجوێن و شارەزوور لە رێگەی حیزبەكەمانەوە، داوامان كردووە بۆ ئەوەی جێگری سەرۆكی حكوومەت رەزامەندی دەرببرێت بۆ ئاڵوگۆركردنی ژمارەیەك پۆست .

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی نۆی شارەزوور دەڵێت، لەداواكاریەكەماندا داوامان كردووە كە یان رەزامەندی لەسەر (علی عوسمان) پارێزگاری ئێستە بەوەكالەت دەرببرێت بۆ ئەوەی كە بەفەرمی وەك پارێزگار دەستبەكار بێت یان كەسێك وەك پارێزگار دەستبەكار بێت و بریاری دامەزراندی بۆ دەربكرێت.

قەدەفەری ئاشكرای كرد جگە لە پۆستی پارێزگار لەداواكاریەكەماندا داوای گۆرینی ژمارەیەك بەرپرسمان كردووە لە پشكی یەكێتی خۆیەتی لەوانەش، بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی هەڵەبجە كەتاكو ئێستە وەكالەتە بەرێوەبەری گشتی تەندروستی شارەزور و بەرێوەبەری شارەدیی خورماڵ و سەرۆكی شارەوانی خورماڵ و بەرێوەبەری شارەدێی گەرمك لە شارۆكەی پێنجوێن و لێپرسراوانی هەرسێ فەرمانگەی (ئاو و تاپۆ و دارایی) لە شارۆكەی  شارەزوور.

خەجیجە عبدولجەبار ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و دانیشتوی پارێزگای هەڵەبجە بۆ "وشە" گوتی، دانانی هەر بەرێوەبەرێك بە وەكالەت لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیران دایە، بەڵام جیا لەوە دانانی بەرێوەبەری گشتی و فەرمانگەكان هەمووی لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگادایە و دەبێت ئەنجوومەنی پارێزگا ئاگەداربێت و رەزامەندبێت لە سەر هەر ئاڵوگۆرێك دەكرێت، بەڵام بەداخەوە لە ماوەی رابردوو لە پارێزگای سلێمانی ئەوە رویداوە و بەبێ ئاگەداری ئەنجوومەن بووە.

گۆڕینی بەڕێوەبەر و پۆستە ئیدارییەكان ماوەی ساڵێكە دەستی پێ كردووە و لە حكوومەتە خۆجێییەكان هەر حزبێك پشكی خۆی پڕ دەكاتەوە.

هەڵەبجە/ سەلام هاندنی 



وشە - رامیار جەواد