له هه‌رێمی كوردستان پێگه‌ی كار كه بناغه‌ی گه‌شه‌ی ئابوورییه، زۆر نزمه و به‌گوێره‌ی پێویست فه‌رمانبه‌ران كار و ئه‌ركه‌كانی خۆیان راناپه‌ڕێنن. ئه‌وان پێشتر كه ته‌واو مووچه‌یان وه‌رده‌گرت كاره‌كه‌یان به ناڕێكی ده‌كرد، ئێسته كه حكوومه‌ت نیوه‌مووچه‌یان پێ ده‌دات، زۆر كه‌متر له‌و مافه‌ی پێیان ده‌درێت كار ده‌كه‌ن.
كار بریتییه له ئه‌رك و تێكۆشانێكی جه‌سته‌یی و فكری بۆ ئامانجێكی دیاریكراو كه له بری مووچه و ماف به فه‌رمانبه‌ر یان كرێكار ده‌درێت. له كه‌رتی تایبه‌ت تا راده‌یه‌ك ئه‌مه رێكخراوه و ئه‌رك و مافه‌كان جۆرێك هاوسه‌نگیان هه‌یه، هه‌رچه‌نده لایه‌نی سوودمه‌ند خاوه‌نكاره، به‌ڵام له كه‌رتی گشتی پرسه‌كه زۆر ئاڵۆزه. له هه‌رێمی كوردستان كۆمه‌ڵێك كێشه له كاری رۆژانه‌ی فه‌رمانبه‌راندا هه‌یه كه هۆكارن له گه‌نده‌ڵی و به‌فیڕۆدانی كات و سامانی گشتی و دواكه‌وتووی وڵات.
ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی فه‌رمانگه‌كان به‌راورد به‌و كاره‌ی پێویسته له فه‌رمانگه‌كه راپه‌ڕێنرێت زۆره. بۆ نموونه له ژوورێكی ئیداری به تێكڕا رۆژانه پێویسته كاروباری 50 هاووڵاتی راپه‌ڕێنرێت. ئه‌گه‌ر چوار فه‌رمانبه‌ر به هه‌شت سه‌عات كاری به‌رده‌وام بتوانن وه‌ڵامده‌ری ئه‌م ئه‌ركه بن، كاتێك ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران بۆ دوو هێنده زیاد بكات، ئه‌وا ئه‌ركی هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك بۆ چوار سه‌عات كه‌م ده‌بێته‌وه و ئه‌گه‌ر ژماره‌كه ببێته 16 فه‌رمانبه‌ر، ئه‌وا هه‌ر كامێكیان دوو سه‌عات كاریان به‌رده‌كه‌وێت.
له هه‌رێمی كوردستان جگه له چه‌ند فه‌رمانگه‌یه‌كی وه‌ك په‌روه‌رده و ته‌ندروستی زۆربه‌ی فه‌رمانگه‌كان به ده‌ستی زۆری ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ره‌وه ده‌ناڵینن. هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه له رابردوودا دامه‌زراندنی فه‌رمانبه‌ران له‌سه‌ر هه‌ر بنه‌مایه‌ك بووبێت، ئه‌وا له‌سه‌ر بنه‌مای پێداویستی كار له فه‌رمانگه‌كان نه‌بووه، بۆیه دۆخێكی له‌م شێوه‌یه خوڵقاوه.
له زۆر فه‌رمانگه‌ی هه‌رێمی كوردستان تا پێش ئه‌و دۆخه تایبه‌تییه‌ی روو له هه‌رێمی كوردستان بكات و مووچه‌یان كه‌م بكرێته‌وه، له سه‌عات 8:30 خوله‌ك ده‌ستیان به كاركردن ده‌كرد و له زۆربه‌ی فه‌رمانگه‌كانیش سه‌عات دوو ده‌ستیان هه‌ڵده‌گرت، كه ده‌یكرده پێنج سه‌عات و نیو. هه‌ڵبه‌ت ژماره‌یه‌كی كه‌می فه‌رمانگه تا سه‌عات سێ كاریان ده‌كرد. كه‌م نه‌بوون ئه‌و فه‌رمانگانه‌یش هه‌ر كه سه‌عات ده‌بووه یه‌كی نیوه‌ڕۆ فه‌رمانگه‌كانیان داده‌خست و به‌یانیانیش نیو سه‌عات دره‌نگتر ده‌ستیان به كار ده‌كرد كه له رۆژێكدا ده‌یكرده چوار سه‌عات و له هه‌فته‌یه‌كدا 20 سه‌عات.
ئه‌گه‌ر تێكڕای كاتی كاركردن بۆ هه‌ر رۆژێكی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان به پێنج سه‌عات ده‌ستنیشان بكه‌ین، ئه‌وا له هه‌فته‌دا كه بۆ زۆربه‌ی فه‌رمانگه‌كان دوو رۆژ پشووه ده‌گاته 25 سه‌عات كار.
ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ی پێ كرا هی پێش دۆخی تایبه‌تی دارایی كوردستان بوو، به‌ڵام له‌وه‌ته‌ی حكوومه‌ت له چوارچێوه‌ی پاشه‌كه‌وت مووچه‌ی كه‌م كردووه‌ته‌وه، دۆخه‌كه زۆر خراپتر بووه. جگه له بندیواره‌كان كه هه‌ر كار ناكه‌ن و سافی وه‌رده‌گرن، له زۆربه‌ی فه‌رمانگه‌كانی كوردستان له پێنج رۆژه‌كه‌ی هه‌فته سێ رۆژ كار ده‌كرێت و له فه‌رمانگه‌كان به نۆره فه‌رمانبه‌ران ده‌وام ده‌كه‌ن و له هه‌فته‌دا سه‌عاتی كاری به‌شێكی به‌رچاو له فه‌رمانبه‌ران ده‌گاته 15 سه‌عات.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له دوای وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده له گرنگترین وه‌زاره‌ته‌كانه كه كاریان له وه‌زاره‌ته‌كانی تر زیاتره و فه‌رمانبه‌ره‌كانیان ماندووترن، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مه وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به نموونه ده‌هێنینه‌وه.
فه‌رمانبه‌رێكی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی كه نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت بۆ "وشه" گوتی، ده‌وامی فه‌رمانگه‌كانی ئه‌و وه‌زاره‌ته جیاوازن. به‌ر له‌م دۆخه تایبه‌تییه له بنكه ته‌ندروستییه‌كان سه‌عات هه‌شت تا 12:30 خوله‌ك ده‌وام ده‌كرا و هه‌فتانه رۆژێك پشوویان پێ ده‌درا، به‌ڵام ئێسته له ناو خۆیان رێككه‌وتوون و جگه له هه‌ینی، دوو رۆژ پشوو وه‌رده‌گرن. هاوكات له نه‌خۆشخانه‌كان به سێ شفت ده‌وام ده‌كرێت و ئه‌وانه‌ی شه‌وان پێنج رۆژ جارێك شه‌و تا به‌یانی ده‌وامیان هه‌یه و هی ئێوارانیش رۆژ نا رۆژێك ده‌وامیان هه‌یه و هی به‌یانیانیش هاوشێوه‌ی بنكه‌كانی تر له ناو خۆیان ریككه‌وتوون و چه‌ند رۆژێك پشوو وه‌رده‌گرن. ئه‌گه‌ر ئه‌م وه‌زاره‌ته دۆخی وابێت، ده‌بێت وه‌زاره‌ته‌كانی تردۆخیان چۆن بێت!.
تارا محه‌مه‌د ماسته‌ر له كارگێڕی كار بۆ "وشه" پێی وایه ئه‌وه‌ی ئێسته له كوردستان روو ده‌دات، خۆی به‌ڵگه‌یه‌كه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان پێویستی به نیو هێنده‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه نییه دایمه‌زراندوون. ئێسته له زۆربه‌ی فه‌رمانگه‌كان به تایبه‌تی له سلێمانی هه‌فتانه دوو رۆژ ده‌وام هه‌یه، كه‌چی كاروباری هاووڵاتییانیش هاوشێوه‌ی ئه‌و كاته‌ی كه هه‌موو هه‌فته‌كه كاریان ده‌كرد راده‌په‌ڕێنرێت.
ئه‌و پێی وایه حكوومه‌ت بۆ دامه‌زراندنی فه‌رمانبه‌ر هیچ سیاسه‌تێكی نه‌بووه و له هه‌موو دنیا فه‌رمانبه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای پێویستیی كار داده‌مه‌زرێنرێت. ئه‌گه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌ك به ٢٠ فه‌رمانبه‌ر كاره‌كانی رایی ده‌كرێ، چ پێویست ده‌كات فه‌رمانبه‌ری تری بۆ زیاد بكرێت كه ده‌بێته به‌كاربه‌ر و له جیاتی قازانج زیانیشی هه‌یه، ئاخر ئه‌و فه‌رمانبه‌ره پێویستی به ژوور و به‌كاربردنی كاره‌با و به‌نزین و چه‌ندان پێداویستی تر هه‌یه، كه‌چی هیچ كارێكیش ناكات كه دواجار بۆ ئابووریی وڵاتیش زیانه.
تارا محه‌مه‌د پێشنیاری ئه‌وه ده‌كات حكوومه‌ت ته‌نیا بندیوار له كۆڵ خۆی نه‌كاته‌وه، به‌ڵكو مكانیزمێك بهێنێته كایه‌وه له داهاتوودا فه‌رمانبه‌ران بۆ كه‌رتی تایبه‌ت بگوازرێنه‌وه و مافه‌كانیان له كه‌رتی تایبه‌ت ده‌سته‌به‌ر بكرێت.
به‌گوێره‌ی نوێترین توێژینه‌وه‌ی یۆرۆستات یۆنانییه‌كان هه‌فتانه سه‌رووی 42 سه‌عات و نیو كار ده‌كه‌ن كه به‌راورد به هه‌موو وڵاتانی ئه‌وروپا به‌رزترینه و بۆ هه‌ر رۆژێكیان ده‌كاته هه‌شت سه‌عات و 30 خوله‌ك. كه‌مترین سه‌عاتی كاریش هه‌ر له ئه‌وروپا وڵاتی هۆڵه‌ندایه كه هه‌فتانه 30 سه‌عات و نیو كار ده‌كه‌ن كه بۆ هه‌ر رۆژێكیان ده‌كاته سه‌رووی پێنج سه‌عات.
ئه‌و سه‌عاته‌ی له ئه‌وروپا كاری تێدا ده‌كرێت، كاری سوودبه‌خشه، له كاتێكدا له كوردستان زۆربه‌ی ئه‌و سه‌عاتانه‌ش كه به سه‌عاتی كار ناسراوه، كه‌مترین ماوه كاری به‌سوودی تێدا ده‌كرێت و زۆر له فه‌رمانبه‌ران تا ده‌وامه‌كه‌یان ته‌واو ده‌كه‌ن، به فه‌یسبووك و گاڵته و گه‌پ خه‌ریكن.