مێركڵ بە توندی رەخنە لە ئەردۆغان دەگرێت

:: PM:01:40:24/11/2016 ‌

ئەنجێلا مێركڵ راوێژكاری باڵای ئەڵمانیا بە توندی رەخنە لە سیاسەتەكانی ئەردۆغان دەگرێت و پێی وایە ئەو دەسەڵاتە بە بێ پاساو خەڵك دەگرێت و لە بنەماكانی دیموكراسیش دوور كەوتووەتەوە.

ئەو كە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا لەبارەی سیاسەتەكانی حكوومەت قسەی دەكرد و گوتی، سیاسەتەكانی توركیا پێچەوانەی بەها دیموكراتیكەكانە و پێویستە سەركردایەتیی سیاسیی توركیا بكەوێتە بەر پەلاماری رەخنە و گازندەوە.

ئەو باسی لەوەش كرد كە لە قازانجی ئەڵمانیادا نییە كۆتا بە دانوستانەكان لەگەڵ بەرپرسانی توركیادا بهێنێت ئەگەرچی سنوورداركردنی ئازادییەكان لە توركیا هیچ پاساوێك هەڵناگرێت.

ئەو هەروەها ئاماژەی بە سەردانی ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ توركیا كرد و گوتی، بە قازانجی ئەڵمانیایە بە شێوەیەكی لۆجیكی درێژە بە هاوكارییەكانی لەگەڵ توركیادا بدات.

پیشتر توركیا رەخنەی ئەوەی لە ئەڵمانیا گرتبوو، هاوكاری هێزە تیرۆریستییەكان دەكات و خەڵكێكی داڵدە داوە كە توركیا بە تیرۆریستیان هەژمار دەكات. ئەنجێلا مێركڵ لە وەڵامی ئەوەدا گوتی، ئەڵمانیا هاوشێوەی وڵاتانی تری ئەوروپا خەریكە لە دژی تیرۆر دەجەنگێت.

ئەمە بە یەكەم وتاری ئەنجێلا مێركڵ هەژمار دەكرێت دوای ئەوەی ئاشكرای كرد دەیەوێت بۆ خولی چوارەم خۆی بۆ پۆستی راوێژكاری باڵای ئەڵمانیا بپاڵێوێت. ئەو یەكشەمی رابردوو لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركرادیەتیی پارتی دیموكرات مەسیحی لە بەرلین ئاشكرای كرد، لە هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوودا بەشداری دەكات.

سەرچاوە/دۆیچەوێلێ


وشە - سلێمان تاشان