چەند چارەسەرێكی ئاسان بۆ قڵێشانی لێو

:: PM:02:32:13/03/2018 ‌

كاتێك پلەی گەرمی نزم دەبێتەوە یان زۆر بەركەوتن بە تیشكی خۆر، وشكبوونەوە و قڵیشانی لێو دروست دەبێت، هەموومان دەزانین كە قڵیشانی لێو دەبێتە هۆی خوێن بەربوون و كزانەوەی لەكاتی خواردندا یان ڕێگە لە دەركەوتنی مەكیاج دەگرێ، بەڵام لێرەدا چەند ڕێگەیەكی ئاسان باس دەكەین كە چارەسەری قڵیشانی لێوەكان دەكات.

یەكەم: بەكارهێنانی پەڕەی گوڵ، ئەگەر لو باخچەكەتدا گوڵ هەبوو بۆ لێوەكانت بەكاری بهێنە، چونكە ڕێگە لە قڵیشانی لێوەكان دەگرێت و ناهێڵێت وشك ببێتەوە و وایان لێ دەكات جوانتر دەربكەوێت، پەڕەی گوڵەكان بشۆرەوە دواتر بیكە كەمێك شیرەوە بۆ چەند سەعاتێك، ئەگەر كێشەی شیرت هەیە دەتوانیت گلیسرین بەكاربهێنیت لەبری شیر، دواتر بۆ لێوەكانت بەكاری بهێنە ڕۆژانە دوو بۆ سێ  جار دووبارەی بكەرەوە و یان شەوان پێش نووستن بەكاری بهێنە.

دووەم: بەكارهێنانی گوڵی بابوە، چارەسەرێكی تر بۆ قڵیشانی لێوەكان بەكارهێنانی گوڵی بابوەیە، چونكە تایبەتمەندی هێوركردنەوەی هەیە، دەتوانن  بە بەكارهێنانی رۆنی گوڵەبەرۆژەیش ئەو گرفتە چارەسەر بكەن،  پێویستت بە دوو كەوچك گوڵی هاڕاوی بابوە دەبێ لەگەڵ چەند دڵۆپێك ڕۆنی گوڵەبەڕۆژە و دوو كەوچك شەكر، ئەمانە تێكەڵی یەكتر بدە و لە لێوەكانتی بدە، دوای چەند خولەكێك لێی بكەرەوە، بەمشێوەیە گرفتی قڵێشانی لێوتان نامێنێت.

سێیەم: رۆنی كاستەر ، رۆنی كاستەر یارمەتی تەڕ كردنەوە دەدات بەتایبەتی بۆ لێوەكان، تەنیا پێویستت بە ڕۆنی كاستەر دەبێت بۆ سڕینەوەی لێوەكان یارمەتی هێوكردنەوەی دەدات، ئەگەر بتەوێت چارەسەری لە ماڵەوە دروست بكەیت، پێویستت بە كەوچكێكی چا ڕۆنی كاستەر دەبێت لەگەڵ گلیسرین و ئاوی لیمۆ، هەمووی تێكەڵ بكە شەوان پێش نووستن بۆ لێوەكانت بەكاری بهێنە، دواتر بە پارچە لۆكەیەكی تەڕ لێوەكانت بسڕەوە.

چوارەم: هەنگوین و شەكر، ئاوێتەیەكی سادەیە كە یارمەتی قڵیشانی لێوەكان دەدات و نەرمی دەكاتەوە، هەنگوین تایبەتمەندی دژە هەوكردن و دژە بەكتریای هەیە، شەكر ڕێگە لە قڵیشان دەگرێت و پێستی مردوو لادەبات، پێویستە بەشێكی یەكسان لە شەكر و هەنگوین تێكەڵ بكەیت و دواتر بۆ لێوەكانت بەكاری بهێنە، دواتر بە ئاوی گەرم بیشۆ، دوای بەكارهێنانی ئەم ئاوێتەیە مەلهەمی لێو بەكاربهێنە.



وشە - ئاوات ئازاد