"بڕیاری تێكدانی چەند گەڕەكێكی كورد لە كەركووك مانای دەركردنە لەو شارە"

:: PM:07:02:13/03/2018 ‌
تادێت دۆخی شاری كەركووك بۆ هاووڵاتییانی كورد خراپتر دەبێت و ڕۆژانە سەرباری ئەنجامدانی چەندان تاوانی كوشتن و دزی كردن، ئێستە دەستكراوە بە تێكدانی چەند گەڕەكێكی كوردی شارەكە كە بەرپرسانی كورد بە مەترسی دەبینن بۆ داهاتووی كورد لەو شارەدا.

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كەركووك-گەرمیان ڕای گەیاند، حكوومەتی عێراق پیلانی هەیە بۆ ئەوەی كورد لە شاری كەركووك دەربكات و ئەو شارە تەعریب بكاتەوە، بۆیە ئێستە هەوڵێك بۆ تێكدانی سێ گەرەكی كوردی دەدرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 13ی ئادار/ مارس، دیاری حوسێن جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كەركووك-گەرمیان، بە "وشە"ی راگەیاند، حكوومەتی عێراق پیلانی نەهێشتنی كوردی هەیە لە كەركووك و دەیەوێت لە رێگەی رووخاندنی خانووەكانیان لەشارەكەدا دەریان بكات و ئەو هەوڵەیشی بە تێكدانی سێ گەرەكی شاری كەركووك دەست پێ كردووە بە بیانووی ئەوەی ئەو گەڕەكانە لە دوای ساڵی 2003 وە دروست كراون و تاپۆیان نییە.

زیاتر گوتی، ئەوكارەی دەسەڵاتدارانی كەركووك دەیكەن بیانووە بۆ تەعریبكردنەوە و دەیەوێت دەنگی كورد لە كەركووك كەم بكاتەوە، ئەگینا تا ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو پارێزگای كەركووك هیچ كێشەیەك نەبووە لەو گەڕەكانەدا و پڕۆژەی خزمەتگوزارییان بۆ ئەنجام دراوە لەلایەن حكوومەتی عێراقییەوە.

ئەو بەرپرسەی پارتی بە پێویستی زانی كە لایەنە كوردییەكان لە كەركووك تێگەیشتنی ئەوەیان بۆ دروست ببێت كە حكوومەتی عێراق نیازی خراپە و هەوڵی نەهێشتنی كورد لە كەركووك دەدات و دەیەوێت " لە هەڵبژاردنی داهاتوو كورد هیچ دەنگ بەدەست نەهێنێت".

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كەركووك-گەرمیان دەڵێت، پاڵەپەستۆكان لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و هاوپەیمانانیش لەسەر حكوومەتی عێراق بەردەوامە بۆ رێگریكردن لەو كارەی حكوومەتی عێراق، بۆیە چاوەرێ دەكەین بگەنە ئەنجامێك و رێگری لەو پێشێلكارییانە بكرێت لە كەركووك.

" پێویستە پرسی كەركووك لەگەڵ بەغدا یەكلا بكرێتەوە و ناكرێت هەندێك حزب بۆ خۆیان لە كەركووك بن و بێدەنگ دانیشن و حكوومەتی عێراقیش ستەم لە كورد بكات و لەشارەكەدا دەریان بكات". دیاری حوسێن وا دەڵێت.

دووپات لەسەر ئەوەیش دەكاتەوە كە كەركووك شارێكی كوردییە و بەعس نەیتوانی لە تەعریبكردنی شارەكە سەركەوتوو بێت ئەوە هیچ حكوومەتێكی تر ناتوانێت.

لەبارەی دۆخی تەناهیی شاری كەركووك كە دوابەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو بە تەواوی تێكچووە، ئەو بەرپرسەی پارتی گوتی، دۆخی تەناهیی شاری كەركووك زۆر خراپە و هیچ كەسێك لە ماڵی خۆیشی پارێزراو نییە، بەردەوام ترسی كوشتن و رفاندن هەیە لەشارەكەدا.

ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چاوساغی چەند كەسێكی ناو یەكێتی هێرشیانكردە سەر كەركووك و داگیریانكرد، لەوكاتەوە تا ئێستە شارەكە بە داگیر كراوی ماوەتەوە و حزبە سیاسییەكانی كەركووكیش بە تەواوەتی پەرتەوازە بوون.

لەدوای ئەو ڕووداوانەوە لە كەركووك بەردەوام دژایەتی كورد لە شارەكەدا دەكرێت و ناوچە كوردییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش بەردەوام هەوڵی تەعریبكردنیان لەسەرە بەجۆرێك بەسەتان عەرەب هاوردەی كەركووك و دەوورووبەری كراون.

لەدوایین پێشهاتدا، سەرباری رێگری كردن لە یادكردنەوەی جەژنەكانی نەورۆز و ئادار پارێزگاری كەركووك نووسراوێكی دەركردووە و تیایدا داوای رووخاندنی سێ گەرەكی شاری كەركووكی كردووە كە كورد نشینن ئەوانیش پێكدێن لە گەڕەكەكانی پەنجا عەلی و بارووتخانە و فەیلەق، ئەمەیش وای كردووە كە خەڵكی ئەو ناوچانە نارەزایەتی توند دەربرن، چونكە ئەو گەرەكانە كە دروست كراون حكوومەتی عێراق و ئیدارەی پارێزگا لاری نەبووە و هەموو خزمەت گوزاریەكشیان بۆ دابین كراوە.

حەشدی شەعبی لەدوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە لەشاری كەركووك بەردەوام خەڵكی كوردی كەركووك دەرفێنن و سەتان حاڵەتی كوشتنیش لە شارەكەدا تۆمار كراوە لەو كاتەوە، جگە لە تاوانەكانی تری دزی و رووداوی تر، سەرباری ئەوەی شەوانەیش بەبیانووی گەران و پشكنین دەچنە سەر ماڵە كوردەكان و گەنجەكانیان دەگرن.

ئێستە خەڵكی كورد لە كەركووك بە ترسەوە لە شارەكەدا دەژین و تا ئێستەیش حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان هیچ هەڵوێستێكی توندیان بەرانبەر دۆخی شارەكە نەبووە، تەنانەت بۆ یادكردنەوەی نەورۆز داوای مۆڵەت لە عەرەب دەكەن، بەردەوامی دۆخی كەركووك بەم شێوەیە بە بڕوای چاودێرانی سیاسیی هەنگاوی داهاتووی كورد لە عێراقدا بەرەو پێش نابات و زیانی گەورەی لێ‌ دەكەوێتەوە.


وشە/ بڵند ئیبرهیم



وشە - سه‌رخێڵ هاشم