واشنتن پێشوازی لە لابردنی گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەكانی كوردستان دەكات

:: PM:08:47:13/03/2018 ‌

دوای ئەوەی ئەمڕۆ سێشەم حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق وادەی دەست پێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكانی لە فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان راگەیاند، نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش رای گەیاند كە وڵاتەكەی پێشوازی لە بڕیارەكە دەكات.

بریت ماكگۆرك، نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە سووریا و عێراق لە تویتەری خۆی نووسیویەتی، ئەمەریكا پێشوازی لە بڕیاری لابردنی قەدەغەی هاتوچۆی ئاسمانی و گەشتە ئاسمانییەكان لەسەر فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان دەكات.

ئەو لە تویتێك نووسیویەتی، پێشوازی لە كردنەوەی فڕۆكەخانە نێودەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین و ئەوە هەنگاوێكی گرنگە بەرەو گەیشتن بە سەقامگیری لە قۆناغی دوای داعش كە پێویست بە بوونی حكوومەتێكی یەكگرتووی بەهێز دەكات لە چوارچێوەی دەستووری عێراق.

ئەمڕۆ سێشەم حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەكاتی پێشوازیكردن لە كۆمەڵێك ئەفسەری سەربازی كورد لە بەغدا رای گەیاند كە رۆژی پێنجشەم فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان لەبەردەم گەشتەكان دەكرێتەوە كە ئەوە مافی گەلی كوردە، بەڵام سەر بە دەسەڵاتی عێراق دەبن و جیا لەوەیش رێنوێنیمان داوە بە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ بەردەوامبوونی پرۆسەی لێوردبوونەوە لە لیستی مووچەكانیان.

لە 29ی سێپتێمبەری رابردوو لە دوای رۆفراندۆمی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی لە عێراق، بەغدا چەندان رێوشوێنی سزایی لەدژی هەرێم پێڕەو كرد لەوانە داخستنی فڕۆكەخانەكان لە بەردەم گەشتە نێودەوڵەتییەكانەوە كە زیاتر لە پێنج مانگی خایاند.






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل