هاوسەرۆكی پەیەدە: توركیا دەیەوێت لە عەفرین تا كەركووك داگیر بكات

:: PM:02:38:14/03/2018 ‌
 هاوسەرۆكی پەیەدە ڕای گەیاند، توركیا لە عەفرین چەكی قەدەغەكراوی بەكار هێناوە و رووسیا گڵۆپی سەوزی بۆ ئەنكەرە هەڵكردووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 14ی ئادار/ مارس، شاهۆز حەسەن هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكرات "پەیەدە" لە بارەگای حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە هەولێر كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دا و ڕای گەیاند، توركیا بەنیازە لە شاری عەفرینەوە تا شاری كەركووك داگیر بكات.

زیاتر گوتی، توركیا لە عەفرین چەكی قەدەغەكراوی بەكار هێناوە و رووسیا گڵۆپی سەوزی بۆ ئەنكەرە هەڵكردووە، سەرباری ئەوەی سوپای توركیا و میلیشیاكانی سووریا كە شەڕ بۆ ئەنكەرە دەكەن، شوێنەوارە مێژوویییەكانی عەفرین دەكەنە ئامانج و دەیانەوێت ناوچەكە داگیر بكەن.

شاهۆز حەسەن داوای لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد، بەرانبەر رەوشی عەفرین هەڵوێستێكی روون بنوێنن و هەڵوێستی باشووری كوردستان بۆ عەفرین نەتەوەیییە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە ماوەی 54 رۆژە سوپای توركیا و میلیشیا چەكدارەكانی سووریا كە شەڕ بۆ ئەنكەرە دەكەن، هێرشی سەر ناوچەكانی عەفرینیان دەست پێ كردووە و تا ئێستە زیاتر لە 230 هاووڵاتی شەهید بوون و 668 كەسی تریش بریندار بوون.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم