هاوسەرۆكی پەیەدە: توركیا دەیەوێ هەرێمی كوردستانیش داگیر بكات

:: PM:01:11:15/03/2018 ‌


لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی، ئەمڕۆ پێنجشەم هەریەك لە شاهۆز حەسەن هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكرات "پەیەدە" و مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، باسیان لە مەترسییەكانی هێرشی توركیا بۆسەر عەفرین كرد و هاوسەرۆكی پەیەدە دووپاتی كردەوە، ئامانجی توركیا تەنیا عەفرین نییە، بەڵكوو مەنبەج و هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.

شاهۆز حەسەن هاوسەرۆكی پەیەدە گوتی، ئەو هەڕەشەیەی توركیا كردوویەتیە سەر عەفرین، ئامانجەكەی تەنیا داگیركردنی ئەم شارە نییە، بەڵكو دەیەوێت دواتر مەنبەج و لە داهاتوودا هەرێمی كوردستانیش داگیر بكات.

بە گوتەی شاهۆز حەسەن، ئامانجێكی تری توركیا ئەوەیە ناكۆكی و ململانێ لە ناو گەلی كورددا هەبێت، بۆیە داوای لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كرد لە چوارچێوەی هێڵێكی نەتەوەیی و دیموكراتیك زیاتر لە یەكتر نزیك بكەونەوە و لە رێی تێكۆشانی دیموكراتیك خۆیان بەهێزتر بكەن.

لە لایەكی ترەوە مەلا بەختیار داوای چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان گەلی كورد و توركیا لە رێی ئاشتی كرد و گوتی، هاوخەم و پاڵپشتی عەفرینن لەو هێرشانەی دەكرێتە سەر ئەم شارە.

ئەو گوتی، جیاوازیی ئێستەی شەڕی عەفرین لەگەڵ كۆبانی ئەوەیە لە كۆبانێ ئەو پێویستییە سەربازییەی هێزی پێشمەرگە پێشكەشی كرد لە ئارادا بوو، بەڵام ئێستە بە خۆشییەوە لە عەفرین لە رووی توانای سەربازی و تەكنەلۆجیای جەنگ پێشكەوتوون و پێویستیان بە یارمەتی پێشمەرگە نییە و ئەگەر هەرێمی كوردستان هەنگاوێكی لەم شێویەش بنێت، ئەوا دەبێت حیساب بۆ سێ وڵات بكات.

نزیكەی دوو مانگە سوپای توركیا بە یارمەتی میلیشیاكانی سوپای ئازاد و داعش هێرشی كردووەتە سەر كانتۆنی عەفرین و چەند كیلۆمەترێكی ماوە بگاتە شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستان.





وشە - سلێمان تاشان