لە ئێران نوێژخوێنان لە كاتی وتاری هەینی پشتیان لە مینبەر كرد

:: AM:10:29:17/03/2018 ‌

 

جووتیارانی رۆژهەڵاتی ئیسفەهان لە دوو هەفتەی رابردوودا كۆمەڵێك گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە و دوێنێ هەینیش لە كاتی بەشدارییان لە نوێژی هەینی، لە كاتێكدا پێشنوێژخوێنی هەینی خەریكی پێشكەشكردنی وتاری هەینی بوو، نوێژخوێنان پشتیان لە مینبەر كرد و دروشمیان لە دژی حكوومەت و بەرپرسان دا.

 

دوای دەربڕینی ناڕەزایەتییەكە، كۆمەڵێك گرتەی ڤیدیۆیی و وێنە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كرانەوە. وەك لە گرتەكان دەردەكەوێت نوێژخوێنان دژی حكوومەت دروشم دەدەن و حەسەن رووحانی بە درۆزن ناو دەبەن.

 

یەكێك لە گرنگترین كێشەكانی جووتیارانی ئیسفەهان، كەمبوونەوەی ئاوی رووبارەكان بە هۆی بێپلانیی حكوومەتە. وتاربێژی هەینیش داوای لە خەڵك كرد روو لە ئاسمان بكەن و نزا بكەن خوا بارانیان بۆ ببارێنێت.

 

وشكەساڵی و بێبارانی لە لایەك و بێپلانیی حكوومەتی ئێران لە لایەكی ترەوە، هەڕەشە لە ملیۆنان كەس لە ئێران دەكات و ژمارەیەكی زۆری جووتیار زەوییەكانیان بەجێ هێشتووە و بۆ شوێنی تر كۆچیان كردووە.

 

بە گویرەی "دۆیچەوێلێ" لە كاتی بانگەشەكانی هەڵبژاردن، رووحانی بەڵێنیی بە خەڵكی ئیسفەهان دابوو بە پلان رووبارەكانیان پڕئاو بكاتەوە، بەڵام هەرگیز ئەم پلانە جێبەجێ نەكرا.

 

لە ئێران تەنیا پیاوی یەکەمی دەسەڵات لە شارەکان کە نوێنەری مەرجەعی تەقلیدە بۆی هەیە وتاری نوێژی هەینی پێشکەش بکات. یەکێک لە دروشمی نوێژخوێنان بریتی بوو لە "پشت لە دوژمن دەکەین و روو لە نیشتیمان دەکەین" کە مەبەستیان پشتکردن بوو لە دەسەڵاتی ئێران نەک قیبلە.

 




وشە - سلێمان تاشان