ڕووسیا: ژێردەریایییە ئەتۆمییەكانمان لە بنكەكانی ئەمەریكا نزیك دەبنەوە

:: PM:03:59:17/03/2018 ‌

بەرپرسێكی سەربازیی ڕووسیا ئاشكرای كرد، ژێردەریایییەكانی وڵاتەكەمان كە هەڵگری كڵاوەی ئەتۆمین لە بنە سەربازییەكانی ئەمەریكا نزیك دەبنەوە، ئەمەیش دوای ئەوە دێ كە باس لە شكاندنی هێڵی بەرگریی ئەمەریكا لەلایەن ڕووسیاوە دەكرێت.

ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕووسیا چەند هەفتەیەك بەر لە ئێستە ئاشكرای كرد، سوپای وڵاتەكەی بە خێرایییەكی زۆر پەرەی بە توانا ئەتۆمییەكانی داوە. سێرگی ستارشینۆڤ ئەفسەر لە هێزی دەریایی ڕووسیا ئاشكرای كرد، ئەركەكانمان بە سەركەوتوویی لە زەریا ئەنجام داوە و ژێر دەریایییە ئەتۆمییەكانمان توانیویانە بە تەواوی لە بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا نزیك ببنەوە، بێ ئەوەی واشنتن هەستی پێ بكات.

ئاماژەی دا، بەهیچ شێوەیەك ژێر دەریایییەكانمان سنوورە ئاوییەكانی ئەمەریكایان نەبەزاندووە، بەڵام بە تەواوی نزیك بوونەتەوە لە بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا. لە بەرانبەر قسەكانی ئەو ئەفسەرەی هێزەكانی دەریایی ڕووسیا وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا "پنتاگۆن" ئامادە نەبوو هیچ وەڵامێكی بداتەوە.

گرژییەكانی ڕووسیا لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕۆژ دوای ڕۆژ ئاڵۆزتر دەبێ، بەهۆی دەستوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا و ئێستەیش كوشتنی سیخوڕێكی ڕووسیا لە بەریتانیا و داگیركردنی دوورگەی كرێما لە وڵاتی ئۆكرانیا و ڕووبەڕووبوونەوەی هێزی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وای كردووە هەردوو جەمسەری هێز بەریەككەوتنیان زیاتر و نزیكتر ببێتەوە.




وشە - باز ئه‌حمه‌د