چالاكیی مافیاكانی مادەی هۆشبەر سنوورەكانی عێراق دەبڕێت

:: PM:04:07:17/03/2018 ‌


ئەگەرچی هێزە تەناهییەكان لە پارێزگاكانی باشووری عێراق دەیان ئۆپراسیۆنیان دژ بە مافیا و بازرگانەكانی مادەی هۆشبەر ئەنجام داوە و چەند بازرگانێكیان لێ گرتوون، بەڵام ئەوان لە چالاكییەكانیان بەردەوامن و سنووری عێراقیش بە ئاسانی دەبەزێنن بۆ گەیاندنی مادەی هۆشبەر بە سعوودیە و وڵاتانی تری كەنداو.

سەرچاوەیەك لە پۆلیسی موسەننا "370 كم باشووری بەغدا" ئاشكرای دەكات، پرسی بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر بە شێوەیەكی زۆر بەربڵاو لە پارێزگاكە بڵاوەی كردووە و ئێرانیش بنكەی سەرەكیی گەیاندن و گواستنەوەی مادەی هۆشبەرە بۆ عێراق لە رێی پارێزگای بەسڕە، دواتریش بەشێك لەو مادە هۆشبەرە بازرگانەكان لە رێی پارێزگای موسەننا و پارێزگاكانی تر دەیگەیەنن بە عەرەبستانی سعوودیە كە سنوورێكی زۆر بەرفراوانی لەگەڵ عێراقدا هەیە.

ئەو سەرچاوەیەی پۆلیس بۆ "عەرەبی جەدید" قسەی كردووە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە سنووری عێراق لەگەڵ سعوودیە ئەگەرچی هێزێكی زۆری پاراستنی سنووری لێیە، بەڵام نەیانتوانیوە وەك پێویست كۆنتڕۆڵی بكەن كە بە بیابانەكانی عەڕعەڕ تێدەپەڕن.

ئەوەشی خستەڕوو كە دەشتی سەماوە ناوبانگی دەركردووە و بووەتە شوێنێكی ئارام بۆ ئەوانەی كاری ئاودیوكردنی مانگا و مەڕو ماڵات و چەك دەكەن، تەنانەت پێش رووخانی رژێمی بەعسیش ئەو ناوچەیە وەك وێستگەیەكی گەیاندنی مادەی هۆشبەری ئاودیوكراو لە ئێران بۆ عەرەبستانی سعوودیە، دۆخەكەش دوای رووخانی رژێمی بەعس لە 2003 بەردەوامی هەبووە بەهۆی لاوازی و نەبوونی چاودێری حكوومەت لەو ناوچەیەدا.
 
لە سەرەتای ئەمساڵدا پۆلیسی موسەننا ئاشكرای كرد كە چەند رێیەكی گواستنەوەی مادەی هۆشبەریان دەستنیشان كردووە و كۆنتڕۆڵیان كردوون كە دەكەونە ناوچە بیابانەكانی وەعرە، كە ناوچەگەلێكن ئاسانی كۆنتڕۆڵ ناكرێن. پۆلیس دەڵێ ئۆپراسیۆنەكە بە هاوكاریی سوپای عێراق، هێزی عەشایەر و دەشتییەكانی نیشتەجێی بیابان ئەنجام دراوە.

حوسێن میاحی سەركردەی تیرەیەكی عەشایەرە دەڵێ، گەنجانی پارێزگای موسەننا خۆیان هەڵساون بە بەرەنگاربوونەوەی مەترسی بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر لە پارێزگاكە و بەگوێرەی زانیارییەكانی دەست كەوتوون، زۆرینەی ئەوانەی كاری قاچاخچێتی مادەی هۆشبەر دەكەن، ئەوا بیابان بەكار دەهێنن بۆ گەیاندنی كەلوپەلەكانیان بە عەرەبستانی سعوودیە.

حوسێن بۆ "عەرەبی جەدید" گوتی، "سەركردەی عەشایەرەكانی موسەننا زیاد لە جارێك كۆ بوونەتەوە بۆ رێگرتن لەو دیاردە بەربڵاوە، بەڵام هەوڵەكانیان شكستی خوارد بەهۆی ئەوەی بازرگانەكانی مادەی هۆشبەر هێز و پارەیان هەیە كە عەشایەر نیەتی".

ئاودیوكردن و بە قاچاخبردنی مادەی هۆشبەر لە رێی پارێزگای موسەننای هاوسنووری سعوودیە، دوای ئەوە دێت ئەو مادەیە لە ئێرانەوە دەگەیەنرێتە بەسڕە باشووری عێراق و هاوسنووری ئێران. لەو شارەدا چالاكی قاچاخچییەكانی مادەی هۆشبەر زۆر بڵاوە و بە ئاشكرا بازرگانی پێوە دەكەن، ئەمەش حكوومەتی عێراقی ناچار كردووە دۆسیەیەك بۆ ئەو بارزگانانە بكاتەوە و لە مانگی رابردووشدا ئۆپراسیۆنێكی دژ بەوان راگەیاند.
 
لەسەر ئەو پرسە پۆلیسی بەسڕە دەڵێ، لەم ماوەیەدا توانراوە گەورەترین ئۆپراسیۆنی گواستنەوەی مادەی هۆشبەر بۆ كوێت لە رێی بەسڕەوە پووچەڵ بكەنەوە كە خۆی لە 16 ملیۆن حەبی هۆشبەر دەبینییەوە.

نەقیب حامد ئەلساعدی لە هێزی پاراستنی سنوور دەڵێ، سنووری عێراق بە رووی ئێران سنوورێكی كراوەیە، ئەمەش هۆكاری سەرەكییە لە بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر بەو قەبارە گەورەیە لە بەسڕە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە مافیاكانی قاچاخچی مادەی هۆشبەر، لاوازیی دەروازە سنوورییەكانیان قۆستووەتەوە و زۆرترین بڕ لە مادەی هۆشبەری لێیەوە دەهێننە ناو عێراق، ئەمەش بە هۆی نەبوونی ئامێری سۆناری پشكنینی مادەی هۆشبەر یان نەبوونی سەگی بۆنكەر و پشكنین و ئاشكراكردنی مادەی هۆشبەر.

فوڕات تەمیمی پەرلەمانتاری عێراقی لەسەر پارێزگای دیالە دەڵێ، دەروازەكانی دیالە بە رووی ئێران بووەتە دەروازەی سەرەكیی بە قاچاخ هێنانی ئەو مادەیە بۆ عێراق.

تەمیمی گوتی "پێویستە ئۆپراسیۆنێكی سەربازیی گەورە لە دیالە ئەنجام بدرێت بۆ بڕینی دەستی قاچاخچییە تایبەتمەندەكانی مادەی هۆشبەر، چونكە ئەوان رێی وشكانییان قۆستووەتەوە بۆ هێنانی زۆرترین بڕی ژەهر بۆ ناو عێراق.

ئەو پەرلەمانتارە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە بەغدا زیاتر گوتی، "ئەوەی ئێستە لە دیالە روو دەدات، پرسێكی مەترسیدارە و رۆژ دوای رۆژ مافیا قاچاخچییەكانی مادەی هۆشبەر بەهێزتر و بە تواناتر دەبن، ئەمەش وایكردووە نیشانەیەكی گەورەی پرسیار لەسەر هێزە تەناهییەكان و پۆلیسی ئەو شارە دروست ببێت".
 
بەگوێرەی زانیارییەكان، كوڕانی بەرپرسانی عێراقی لە بازرگانی مادەی هۆشبەر تێوەگلاون، ئەمەش لەو كاتەدا زیاتر پشتڕاست كرایەوە كە هەفتەی رابردوو سزای گرتنی تاهەتایی بۆ جەواد لوئەی ئەلیاسری كوڕی پارێزگاری نەجەف "180 كم باشووری بەغدا" دەرچوو، دوای ئەوەی لەلایەن پۆلیسەوە هاتە گرتن لەو كاتەی هەوڵی گواستنەوەی بڕێكی زۆر مادەی هۆشبەر بوو لە بەغداوە.

بەگوێرەی راپۆرتی دەزگە تەناهییەكانی عێراق زۆرینەی ئۆپراسیۆنەكانی بە قاچاخ هێنانی مادەی هۆشبەر لە رێی پارێزگای دیالەوە دێتە ناو عێراق، پاشان دەگوازرێتەوە بۆ پارێزگای میسان و بەسڕە باشووری عێراق، لەوێوە جارێكی تر بۆ كوێت و سعوودیە هەناردە دەكرێت.

زانیارییەكانی حكوومەتی عێراق ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن نەك تەنیا مادەی هۆشبەر، بەڵكو ئەو قاچاخچییانە شوێنەواری عێراقیش بە قاچاخ دەبەنە دەرەوەی عێراق.

لەمبارەیەوە پۆلیسی بەسڕە رۆژی چوارشەمی رابردوو ئاشكرای كرد، لەو كاتەی بەدوای مافیایەكی مادەی هۆشبەرەوە بوونە و گرتوویانە، 18 پارچە شوێنەواریشی پێ بووە كە هەندێكیان كتێبی گرنگ و پارەی كانزایی بووە.

لە بەیاننامەیەكدا پۆلیسی بەسڕە دەڵێ، ئۆپراسیۆنەكە لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری بووە.

لای خۆیەوە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە راپۆرتێكیدا ئاشكرای كرد كە بارێكی سەگی راهێنراو لەسەر شوێنەوار لە جۆری " K9" رەوانەی عێراق كراون بۆ رێگریكردن لە دزە پێكردن و بە قاچاخبردنی شوێنەوارەكانی عێراق بۆ سووریا و سنووردانانێك بۆ پرۆسەی دزینی شوێنەوارەكانی عێراق.                                                                                                              


وشە - فه‌رمان سادق