حكوومه‌تى عێراق بڕیارى ئه‌وه ده‌دات بۆ هه‌ر كچێكى ئێزیدى رزگاربووى ده‌ستى داعش، دوو ملیۆن دینارى پێ بدرێت، زۆر له‌و كچانه ره‌خنه له بڕیاره‌كه ده‌گرن و یه‌كێك له كچه‌كان ده‌ڵێ، "به‌م پاره‌یه چى بكه‌م".
رێكخراوى هیومان رایتس ووچ سه‌رنجى خۆى له سه‌ر بڕیاره‌كه دا و گوتى، "ئه‌مه هه‌نگاوێكى ئه‌رێنییه بۆ كۆمه‌ڵگى ئێزیدى، به‌ڵام ژنان و كچانى رزگاربووى ده‌ستى داعش پێویستیان به پاڵپشتى گه‌وره‌تر هه‌یه بۆ دووباره دروستكردنه‌وه‌ى ژیانیان".
سه‌راب ئه‌لیاس كه یه‌كێكه له چالاكه ژنه‌كانى ئێزیدى له لێدوانێكى رۆژنامه‌وى بۆ سایتى"ارفع صوتك" ده‌ڵێ، "به‌م پاره‌یه چى ده‌كرێت".
سه‌راب له‌سه‌ر قسه‌كانى به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێ، "ئه‌م بڕه پاره‌یه به‌شى چاره‌سه‌رى ئه‌و كێشه ده‌روونییانه ناكات كه كچانه‌ى رفێنراو له لایه‌ن داعشه‌وه به ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنن، ئه‌ى چى له‌باره‌ى كێشه‌كانى تر".
سه‌راب روونى ده‌كاته‌وه ئه‌و كچانه‌ى له ژێر ده‌سه‌ڵاتى داعشدا ژیاون، زیانى ده‌روونى و كۆمه‌ڵایه‌تى و مادییان به‌ركه‌وتووه، بۆیه ده‌ڵێ، "كێشه‌كانمان گه‌وره‌یه و حكوومه‌تى عێراقیش به‌ره‌و پیرمان نایه‌ت".
چیرۆكى مونا وه‌ك نموونه‌یه‌ك
ده‌كرێت لێره‌دا چیرۆكى مونا وه‌ك نموونه‌یه‌ك نیشان بدرێت، "مونا" ناوى خوازراوى كچێكى ئێزیدییه، ئه‌و نموونه‌یه‌كه له كاولكاریى ده‌روونى كه رێكخراوى تیرۆریستى داعش ده‌رهه‌ق به ژنانى ئێزیدى ئه‌نجامى داوه.
تازه ته‌مه‌نى ئه‌و كچه ده‌گات به 21 ساڵ، ئه‌و ناتوانێ بخه‌وێت و ده‌ڵێ، "هه‌ركه چاوه‌كانم ده‌نوقێنم دێوزمه ده‌بینم، بۆیه راده‌چڵه‌كم و ده‌قیژێنم".
چه‌كداره‌كانى تیرۆریستى داعش مونا و چه‌ند ئه‌ندامێكى خێزانه‌كه‌یان رفاند، كاتێك ئه‌وان له یه‌كێك له گه‌ڕه‌كه‌كانى مووسڵ به‌ره‌و شه‌نگال رایان ده‌كرد، ئه‌مه له یه‌كه‌م رۆژى داگیركردنى مووسڵ بوو له‌لایه‌ن چه‌كداره تیرۆریسته‌كانه‌وه.
كچه‌كه رووداوه‌كان ده‌گێڕێته‌وه، ئێسته خۆى و براكه‌ى له شارى دهۆك نیشته‌جێن، مونا ده‌ڵێ، "كاتێك به‌ره‌و ناوچه‌ى دۆمیز ده‌ڕۆیشتین، چه‌كدارانى داعش ئێمه‌یان گرت، ئێمه‌یان له نێوان مردن و بوون به مسوڵمان سه‌رپشك كرد، بۆیه ئێمه به ترسه‌وه بڕیارمان دا ببین به مسوڵمان".
مسوڵمانبوون مونا و خێزانه‌كه‌ى له كوشتن رزگاركرد، به‌ڵام نه‌یتوانى ئه‌وان له‌وه ده‌رباز بكات سه‌رگه‌ردان نه‌بن و نه‌بن به كه‌نیزه.
دواى گه‌شتێكى درێژ و سه‌خت به حه‌وت قۆناغ، ئه‌و كچه ئێزیدییه گه‌یشته شارى ره‌قه‌ى سووریا، له‌وێ له‌لایه‌ن پیاوێكى رۆژئاواى به ره‌گه‌ز عه‌ره‌ب مایه‌وه كه به پێنج هه‌زار دۆلارى كڕیبوو. ئه‌و پیاوه تیرۆریسته ئه‌میرێكى داعش بوو ناوى ئه‌بو ئوسامه، به پێى قسه‌كانى مونا، ئه‌و ئه‌میره به ئینگلیزى قسه‌ى ده‌كرد و هه‌ندێك جاریش به زمانى عه‌ره‌بى.
دواى ساڵێك له مانه‌وه‌ى مونا له‌گه‌ڵ ئه‌میره‌كه‌ى داعش، له ئه‌نجامی بۆردمانێك ئه‌میره‌كه كوژرا و موناش رایكرد.
مونا به هاوكاری ژنێكى هه‌ڵاتوو و له‌گه‌ڵ یه‌كێك له قاچاخچییه‌كان له به‌رانبه‌ر پێدانى 10 هه‌زار دۆلار گه‌یشته‌وه عێراق.
ئه‌و گه‌شته‌ی مونا ئه‌نجامى داوه، پێویستى به كۆششێكى زۆر هه‌یه بۆ سڕینه‌وه‌ى ئه‌و ئازارانه‌ى له ناخیدا هه‌یه، ئه‌مه‌ش نموونه‌ى هه‌زاران ژنى ئێزیدییه.
هیومان راتیس ووچ له پێگه‌ى فه‌رمى خۆى نووسیویه‌تى، "پاره ته‌نیا لایه‌نێكه بۆ پاڵپشتیكردنى قوربانییانى داعش"، ئه‌م رێكخراوه داوا له ده‌سه‌ڵاتداران ده‌كات بایه‌خ به پرۆگرامێك بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى جیاوازیى ره‌گه‌زیى له به‌رچاو بگرێت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى ده‌ربازیان بووه، ئه‌مه‌ش بۆ تێگه‌یشتن له پێداویستییه‌كانیان، بۆیه رێكخراوى هیومان رایتس وۆچ داوا ده‌كات هاوكاریى پزیشكى و چاودێریى ته‌ندروستى و ده‌روونى پێشكه‌ش بكرێت بۆئه‌وه‌ى ئه‌و ژنانه هێزیان به‌به‌ردابێته‌وه".
" پاره‌كه له هیچ باشتره"
ڤیان ده‌خیل په‌رله‌مانتارى ئێزیدی قسه‌ى سه‌رۆكى لیژنه‌ى قه‌ره‌بووكردنه‌وه له وه‌زاره‌تى كۆچ و كۆچبه‌رانى عێراق ده‌گوازێته‌وه كه گوتوویه‌تى، "ئه‌م پاره‌یه كه‌مه به‌ڵام ئه‌مه تواناى وه‌زاره‌ته‌كه‌یه". ئه‌وه‌یش ده‌ڵێ "وه‌زاره‌ت هه‌وڵ ده‌دات بڕه پاره‌كه بۆ پێنج ملیۆن هه‌زار زیاد بكرێت".
ئه‌م وتانه‌ى ڤیان ده‌خیل دواى كۆبوونه‌وه‌یه‌ك دێت كه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى لیژنه‌ى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى كۆچ و كۆچبه‌رانى عێراق ئه‌نجامى داوه.ڤیان ده‌خیل دووپاتى ده‌كاته‌وه ئه‌م بڕه پاره‌یه‌ى بۆ كچانى ئێزیدى ته‌رخان كراوه، دوای داوایه‌كى زۆر هاتووه، "ئه‌مه‌ش بۆ چاكتركردنى بارودۆخى رزگاربووانى ده‌ستى داعشه كه چه‌ندان كێشه‌ى ده‌روونیى گه‌وره‌یان هه‌یه".
ڤیان هیوا ده‌خوازى له داهاتوودا پاڵپشتى تر به كچانى ئێزیدى بدرێت و ده‌ڵێ، "قسه‌مان له‌گه‌ڵ لیژنه‌كه كردووه‌ته‌وه پرۆگرامێكى چڕ‌وپڕیان هه‌یه كه كچانى ئێزدیش ده‌گرێته‌وه".
وه‌ك ئاشكراى ده‌كات پرۆگرامه‌كه ئاماده‌كاریى ده‌روونى و پڕۆژه‌ى بچووكى داهات له‌خۆده‌گرێت كه هاوكارى ئه‌و كچانه ده‌كات به‌شێك له ته‌نگژه ده‌روونییه‌كانیان تێپه‌ڕێنن.
ئه‌و كچانه‌ى تا ئێسته رزگاریان بووه و دۆزراونه‌ته‌وه، سێ هه‌زار و 400 كچى ئێزیدین، ئه‌مه‌ش به‌پێى زانیارییه‌كانى ڤیان ده‌خیل.