بەریتانیا: رێوشوێنی زیاتر لە بەرانبەر رووسیا دەگرینە بەر

:: PM:07:40:17/03/2018 ‌

دوای ئەوەی ئەمڕۆ رووسیا بڕیارێكی هاوشێوەی بەریتانیای دا بە دەركردنی 23 دیپلۆماتكاری ئەو وڵاتە، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا رای گەیاند كە حكوومەتی وڵاتەكەی تاوتوێی هەنگاوەكانی داهاتووی لەدژی رووسیا دەكات بە رێككەوتن لەگەڵ هاوپەیمانەكانی و لە چەند رۆژی داهاتوو ئاشكرا دەبن.

خاتوو تیریزا مای، لە میانەی كۆبوونەوەی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا لە لەندەن و لە دوای راگەیاندنی مۆسكۆ بۆ دەركردنی 23 دیپلۆماتكاری بەریتانیا لە مۆسكۆ، گوتی، بەریتانیا پێشبینی ئەو هەنگاوەی رووسیای دەكرد و روونی كردەوە ئێمە تاوتوێی هەنگاوەكانی داهاتوومان لەدژی رووسیا دەكەین بە رێككەوتن لەگەڵ هاوبەشانمان لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا.

مای زیاتر گوتی، هێرشەكەی 4ی ئەم مانگە بۆ سەر سێرگی سكریپال، سیخوڕی پێشووی دووسەرەی رووسیا لە بەریتانیا پێشێلكارییەكی ئاشكرای یاسای نێودەوڵەتی و رێككەوتننامەی نەهێشتنی چەكی كیمیاییە. 

هەر ئەمڕۆ بەریتانیا رای گەیاندبوو كە ئەنجوومەنی ئاسایش سەرەتای هەفتەی داهاتوو دانیشتنێك بۆ تاوتوێكۆدنی ئەو تەنگژەیە ساز دەكات و وەڵامدانەوەی رووسیا بۆ دەركردنی دیپلۆماسییەكانی لە لەندەن هیچ لە راستی بەرپرسیارەتییەكەی لە رووداوەكە بە ژەهرخواردكردنی سكریپال ناگەیەنێت.

ئەمڕۆ مۆسكۆ زنجیرە سزایەكی لەدژی لەندەن راگەیاند كە هەفتەیەكی بۆ 23 دیپلۆماتكاری بەریتانیا دانا بۆ جێهێشتنی وڵاتەكەی و وەرگرتنەوەی رەزامەندیی دامەزراندنی كردنەوەی كونسوڵخانەی لەندەن لە سان پترسبۆرگی رووسیا و هەڵپەساردنی چالاكیی ئەنجوومەنی كولتووری بەریتانیا لەسەر خاكەكەی.

لەندەن لە 4ی ئادار مۆسكۆی بە هەوڵی كوشتنی سێرگی سكریپال، ئەفسەری پێشووی هەواڵگریی رووسیا (66 ساڵ) و كچەكەی یۆلیا (33 ساڵ) لە ناوچەی سالزبۆری بە بەكارهێنانی گازێكی چەهراوی تۆمەتبار كرد كە تا ئێستە هەردووكیان لە دۆخێ بێهۆشیدا لە نەخۆشخانەن.

سەرچاوە: بەغدا تودەی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل