بەوێنە.. نەهامەتی كورد لە عەفرین دووبارە دەبێتەوە

:: PM:11:26:17/03/2018 ‌

هەڵمەتە سەربازییەكەی سوپای توركیا بۆ سەر عەفرین كە لە 20ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ دەستی پێ كردووە بەسەختی بەردەوامە و لە كۆتایی هەفتەی رابردوو ئەوان گەمارۆی زۆرینەی شارەكەیان داوە و ئاو كارەبا و پێوەندیان لەسەر بڕیوە و خۆراك و دەرمانیش بەرەو نەمان دەچێت، هاوكات بەشێك لە هاووڵاتییان بەهۆی سەختیی بۆردومانەكانی ئاسمانی و زەوینی سوپای توركیا بەرەو دەرەوەی شارەكە هەڵدێن و ئەوەیشی ماوە داوای بەهاناچوون لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات.
 
روانگەی مافی مرۆڤی سووریا ئاماژە دەكات كە لە شەوی چوارشەمی هەفتەی ڕابردووەوە تا شەوی هەینی، زیاتر لە 150 هەزار هاووڵاتی لە شاری عەفرینەوە لە ترسی بۆردمانی تۆپخانە و فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا هەڵاتوون و ئاوارەی ناوچەكانی تر بوون.

زیاتر دەڵێت، شەڕ لە نێوان توركیا و هاوپەیمانەكانی لەگەڵ هێزەكانی یەپەگە لە دۆخێكی سەخت و قوڕسدایە، هێزەكانی توركیا و هاوپەیمانەكانی دەیانەوێ گەمارۆكانی شاری عەفرین چڕتر بكەنەوە و بچنە ناو شارەكەوە.

ئاماژەی كرد، خەڵكی سڤیل لە دۆخێكی زۆر خراپدان و ئەوان بەرەو باشوور هەڵدێن و دەیانەوێ بگەنە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی رژێمی ئەسەد، بۆ ئەوەی لە دەست بۆردمانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا رزگاریان بێت.


سەرچاوە: سكای نیوز
















وشە - مه‌حموود ئیسماعیل