شكستەكانی سەرۆك وەزیرانی ئێستەی عێڕاق و داهاتوو


پێدەچێت پێشكەوتنە كاتییەكەی عێڕاق پێچەوانە بێتەوە لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی وڵاتەكە و كاریگەری ئێران و ستراتیجیە نێودەوڵەتییەكان.

12ی ئایاری ئەمساڵ، عێڕاق یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی خۆی دوای نەمانی داعش ئەنجام دەدات، دوای ناسەقامگیریی دۆخی سیاسی و سەربازی وڵات بەهۆی شەڕە یەك لەدوای یەكەكان، هەڵبژاردنەكانی ئەمساڵ هیوایەك دەبن بۆ گەلی عێڕاق و گێڕانەوەی دیموكراسی و ئاسایش بۆ وڵاتەكە.

چاوەڕوان دەكرێت كە دەنگدەران دووبارە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی ئێستەی عێڕاق، هەڵبژێرنەوە بۆ خزمەتكردن و پاككردنەوەی وڵاتەكەیان لە تیرۆر. بەڵام ناوبانگی عەبادی بە نەرێنی كاریگەر دەبێت بەهۆی تێكەڵبوون و یەكگرتنی لەگەڵ میلیشیا شیعەكانی عێڕاق كە بۆ ڕووبەرووبوونەوە داعش لە سێ ساڵی ڕابردوو دروست بوون، كە ئەمەیش بە شكانەوە بۆ پۆستەكەیی و دڵسۆزیی بۆ وڵاتەكەی دادەنرێت.

هێزەكانی حەشدی شەعبی كە لەلایەن ئیرانەوە سەركردایەتی دەكرێن، تۆڕێكن لە 63 گرووپی شیعە مەزهەب پێكهاتوونە، بەهۆی ستراتیجییە بەهێزەكەیان و پشتگیری ئێرانەوە توانیان لە سنووری نێوان ئێران و عێڕاق تا سنووری سووریا و لبنان بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیان، ئەمەیش ناكۆكی لەنێوان عەرەب و كورد و هەموو ئەوانەی لەنێوانیان دایە، دروست كرد و وای كرد ترس بچێتە دڵیانەوە بەوەی كە دوای سەركەوتنەكانیان لەم ناوچانە شەرعیەتیان پێ دەدرێت بەشدار بن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووی عێڕاق.

ئەمەیش هۆی ترسەكە بوو، چونكە حەشدی شەعبی بۆ بە دەستهێنانی ئامانجەكانی پەنا دەباتە بەر توندوتیژی و هەموو ڕێیەكی نەخوازراو، هەروەها كەتیبەكانی حزبوڵا كە یەكێكە لە گرووپەكانی سەر بە گرووپی حزبوڵای لبنانە و هەمان ئامانجی حەشدی شەعبی هەیە، ئەمانە فشار دەخەنە سەر بەرپرسانی بەغدا بۆ پچڕینی هەموو پێوەندییەك لەگەڵ كورد و ڕێ نەدان بە كوردستان بۆ وەرگرتنی سەربەخۆیی و بوونە دەوڵەت، هەروەها وەستاندنی هەموو پێوەندییەكی نێوان عێراق و ئەمەریكا، بۆیە سەركردایەتیكردنیان لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە زۆر هەڵەیە.

دوای سەركەوتن بەسەر داعش، ئەم گرووپانە پڕوپاگەندەی ئەوەیان بڵاو كردەوە كە ئەمەریكا هێزە سەربازییەكەی خۆی پاشەكشە پێ دەكات و لەلایەكی ترەوە هەڕەشەیان لە واشنتن دەكرد بە توندوتیژی بۆ پاشەكشە پێكردنی هێزەكانی لە عێراق، ئەمەیش ئاماژەیەكی گەورەیە كە ئێران و هاوپەیمانانی دەست بەسەر سیاسەت و باری تەناهی عێراقدا دەگرن.

دڵەڕاوكێی بەردەوام بۆ ناوچە كێشە لەسەرەكانی وەكو مووسڵ، هۆیەكی ترە بۆ ناسەقامگیریی وڵات، كەمینە نەتەوەكانی وەك ئێزیدییەكان دانیشتووی ئەم ناوچەیەن، بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ رووبەڕووی ئەشكەنجەی مامەڵەی مرۆیی و جیاوازی و پەراوێزخستن بوونەتەوە، بەرگریان لە هەموو نا دادپەروەریەكان كرد تەنانەت جینۆسایدكردنیان لە مانگی ئابی ساڵی 2014، ئەمەیش وای كرد كە كۆمەڵگەكەیان جیاببنەوە لە كورد و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەوڵەتی عێراق و دروستبوونی ناسەقامگیریی ناوچەكەی لێ كەوتەوە.

ئەگەر ئێزیدییەكان دووبارە بیانەوێت بگەڕێنەوە، ئەمە دەبێتە هەڕەشەیەك بۆ سەر بازرگانی سەرەكی وڵات و سەقامگیریی سیاسی و بەرنامەی كاری مرۆیی لە باكور و ڕۆژئاوای عێڕاق. 

ناتوانین بڵێن كە ئەمشەڕ و كێشەیەی ئێستە لە عێراق هەیە نوێ بێت، بەڵكو لە سەردەمی فەرمانڕەوایی سەدام حوسێنیش بە درێژایی 24 ساڵی دەسەڵاتداری، شیعە لە ژێردەسەڵاتی سوننە بوو، دوای ڕووخاندنی سەدام و هاتنە سەر حوكمی سەرۆك وەزیرانی عێڕاق نووری مالیكی، هەموو بەرنامەیەكی شەرعی عێڕاقی گۆڕی.

لە ساڵی 2011، دوای شۆڕشی عەرەبی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا هەڵگیرسا، گرووپەكانی وەكو قاعیدە و داعش ئەم هەلەیان قۆستەوە بۆ دەست بەسەرداگرتنی كۆمەڵگە سونییەكان و گەیشتن بە ئامانجە تایبەتییەكانی خۆیان.

ئەم ئەڵقە بۆشەی لە عێڕاق هەیە وا دەكات بارودۆخی سیاسی و سەربازی لە وڵات تێكبچێت و بوار خۆش بكات بۆ ئێران و دەستبەسەرداگرتنی تەواوی دەسەڵاتی عێڕاق لەلایەن ئێرانەوە، هەربۆیە ئەمەریكا پێویستی بە هاوپەیمانیەتی دەبێت لە عێراق بۆ هاوكاریكردن و گەیشتن بە سەقامگیری وڵات، سەرەڕای ئەوەی ئێستە ئەمەریكا لە عێڕاق كار لەسەر دیموكراسی و مافی مرۆڤ ناكات بە هۆی دەستكەوتە كاتییەكان، ئەمەریكا دەڵێت ئەو كۆمەڵگەیەی كە سەقامگیری تێدا نییە، هەڕەشەیە بۆ تێكدانی دۆخی ئاسایش و كەوتنەوەی توندوتیژی بۆ ئەمەریكا.

بۆیە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمەریكا كار لەسەر بەهێزكردنی هێزی سەربازی و ئاسایشی عێراق بكەن، جیا لە پشتگیریكردنی پارتێكی دیاریكراو، جیاوازییەكانی ئاین و مەزهەب هەمیشە ڕێگر بوونە لە بەرەو پێشبردنی ژینگەی سیاسی  عێراقێكی یەكگرتوو.

ئیماڵی ڕید، توێژەرێكی ئەمەریكییە لە بواری پەروەردە و یارمەتییە مرۆییەكان لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڕێكخراوی IDP لە كەمپەكانی باجید كەندالا كاری كردووە و بەمدواییانە گەڕایەوە ئەمەریكا.        

سەرچاوە: میریۆن ویست 

پەیام محەمەد



وشە - تایبه‌ت


PM:05:37:18/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 603 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌