حكوومەتی تەوافق و زۆرینە گڕ لە نێو ماڵی شیعە به‌رده‌دات

:: AM:10:15:19/03/2018 ‌


دوای كۆتایی هاتنی ململانێی پێكهێنانی هاوپەیمانیەتییەكان و پەسندكردنی ناوی كاندیدەكان لە كۆمسیۆنی باڵا و دەستنیشانكردنی وادەی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن، ئاماژەكانی دابەشبوونێكی تر لەنێو ماڵی شیعەكاندا بە تایبەت لە نێوان مالیكی و عەبادی سەرهەڵدەدات لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو، مالیكی لە ئێستەوە بانگەشە بۆ حكوومەتی زۆرینەی سیاسی دەكات و عەبادیش داوای سازانی نیشتمانی دەكات. هەموو ئاماژەكانیش لە كوردستان و لای هێزە سوننەكان بە ئاڕاستەی سازانی نیشتمانی دەچن كە لە سێ خولی رابردوو حكوومەتدا پێڕەوی لێ كراوە و لە دەستووریشدا وەك بنەما چەسپاوە.

دەتوانین ئەم هەفتەیە ناوی بنێین بە هەفتەی وەڵام و وەڵامدانەوە لە نێوان نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسڕ و سەرۆك وەزیرانی عێراق. عەبادی لە گوتارێكیدا لە كۆنگرەی ئەكادیمیستەكان لە بەغدا وەستانەوەی دژی حكوومەتی زۆرینەی سیاسی راگەیاند ئەگەر لەسەر بنەمای مەزەوی بێت و مەبەست لێی دوورخستنەوەی كەسانی تر و بەكارهێنانی پۆستەكان بێت بۆ وەرگرتنی ئیمتیازاتی سیاسی زیاتر.

قسەكانی عەبادی لە كاتێكدایە پێشتر نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا پڕۆژەی زۆرینەی سیاسی راگەیاندبوو، ئەمەش وای لە عەبادی كرد زیاتر پێداگیر بێت لەسەر حكوومەتی سازانی نیشتمانی كە هەموو لایەنەكان تێیدا بەشدار بن، عەبادی گوتی، پێویستە بە دوای ڕێگەیەكی راست بڕۆین و حكوومەت لە پشك پشكێنە دووربخەینەوە كە بووەتە هۆی پەكخستنی ئاوەدانكردنەوە و خزمەتگوزارییەكان، بەڵام نابێت لەمەدا دوورخستنەوەی كەسانی تر بە ئامانج بگیردرێت.


قسەكانی عەبادی و مالیكی لەسەر حكوومەتی تەوافقی و زۆرینەی سیاسی لە كاتێكدایە دوای ڕزگاری عێراق لە 2003، ئەمەریكییەكان بیرۆكەی حكوومەتی تەوافقی سیاسییان هێنایە پێشەوە و پاشان لە دەستووردا لە مادەی 76 جێگیر كرا كە حكوومەت لەلایەن براوەی هەڵبژاردن پێكدەهێنرێت و پێكهاتەكانی تریش بە یەكسانی بەشداری لە پڕۆسەی سیاسی و حكوومەت دەكەن.

لە هەڵبژاردنی 2009، دادگای دەستووری لە بەرژەوەندی نووری مالیكی شڕۆڤەی ئەو مادەیەی دەستووری كرد كە براوەی هەڵبژاردنی گۆڕی بە لیستی گەورەی ناو پەرلەمان، بەمەش پۆستی سەرۆك وەزیران بە دیوێك لە دیوەكان لەسەر پێكهاتەی شیعە تاپۆ كرد بەوەی زۆرینەی رەهای دانیشتووانی عێراق پێكدەهێنن.

لە حكوومەتی تەوافقی، پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ شیعە، سەرۆك كۆمار بۆ كورد و سەرۆك پەرلەمان بۆ سوننە یەكلا كرایەوە، جێگرانی هەرسێ پۆستەكەش لە دوو پێكهاتەكەی تر دەبن. بۆ وەزیرەكانیش، حەوت وەزیر بۆ شیعە، شەش بۆ سوننە، چوار بۆ كورد، مەسیحی و توركمانیش یەكەو وەزیرێكیان دەبێت، هەمان دابەشكردن بۆ دەستە و فەرمانگە سەربەخۆكانیش جێبەجێ كران.

حوسێن فازڵ ئەندامی ئەنجوومەنی حوكم كە یەكەمین ئەنجومەن بوو دوای ڕزگاری عێراق پێكهێنرا لە ساڵی 2003، دەڵێ پڕۆسەی سیاسی عێراق و بنەمای تەوافق پێشنیازێكی ئەمەریكییەكان بوو تا ئێستەش پێڕەوی لێ دەكرێت.

زیاتر گوتی، ئەو جۆرە حوكمڕانییە ڕێگرە لە دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز، هەموو پێكهاتە و هێزەكان وەزیریان لە كابینەی حكوومەت هەیە، ئەمەش وایكردووە هەوڵەكانی حكوومەت سنووردار بن. حوسێن فازڵ  بۆ "عەرەبی جەدید" گوتی، بەردەوام بوونی حكوومەتی تەوافقی بەها بۆ هەڵبژاردنیش ناهێڵێتەوە ئەگەر دیسان پۆستەكان بەسەر سێ پێكهاتەكە دابەش بكرێتەوە.

ئاماژەی دا، بەردەوامی حكوومەتی تەوافقی ڕێگرە لە سەرهەڵدانی  حزبی مەدەنی كە لەسەر هیچ مەزەو  و پێكهاتەیەك ئەژمار ناكرێن، ئەگەرچی هەمووان داوا دەكەن حزبی زۆرینە رابسپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكوومەت، بەڵام دۆخی عێراق ئەوە ناخوازێت و جیاوازە، چونكە زۆرینەی حزبەكان لە بنەڕەتدا مەزەوین ئەمەش مەترسییەكی گەورە دروست دەكات.

 ئەحمەد خالیدی شارەزای سیاسی عێراقی پێی وایە حكوومەتی زۆرینەی سیاسی داواكاری شەقامی عێراقییە، بەڵام ترسەكە لێرە ئەوەیە كە بەناوی حكوومەتی زۆرینەی سیاسی عێراق بەرەو كارەساتێكی گەورە هەنگاو بهاوێژێت، چونكە ئەو حزبانەی داوای حكوومەتی زۆرینەی سیاسی دەكەن سەر بە ئێرانن، لەوانە حزبی دەعوە و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، حزبی فەزیڵە و بەدر و سادقون و گروپە میلیشیاكانی حەشد كە هاوپەیمانی فەتحیان پێكهێناوە.

خالیدی ڕوونی كردەوە كە تێگەیشتنی ئەو حزبانە بۆ حكوومەتی زۆرینەی سیاسی، روونتر ئەوەیە حكوومەتی زۆرینەی شیعەیە، ئەمەش وادەكات قەوارەیەكی گەورە حكوومەت پێكدەهێنێ بێ بەشداری  پێكهاتەكانی تر، ئەگەر حزبی تێكەڵاو هەبووایە لە ڕووی فكری و مەزەویییەوە ئەوا حكوومەتی زۆرینەی سیاسی كارێكی باش دەبوو، بەڵام راستییەكەی ئەوەیە هیچ حزبێك لە عێراق شایانی ئەوە نییە پێی بگوترێ حزبی نیشتمانی، هەر هەموویان مەزەوین و تەنانەت لەسەر بنەمای مەزەویش دەنگ دەهێنێت، بەو مانایەی مەزەوی بوون بووەتە بەرگێك و پۆشیویانە.

 هێمای بۆ ئەوەیش كرد، بۆچوونێكی تر هەیە ڕەنگە گونجاوتر بێت، ئەویش حكوومەتێكی تەكنۆكرات دابمەزرێنرێت و دەستەی دەستپاكیش ئازاد بێت و هیچ گوشارێكی لەسەر نەبێت و دەست بكرێت بە چاكسازی لە چوار ساڵی داهاتوو.

عەبدولكەریم عەبتان پەرلەمانتاری سوننە، دەڵێ ئەوانەی داوای حكوومەتی زۆرینەی سیاسی دەكەن هەر ئەوانیش لە ساڵی 2010 ئەو خەونەیان لەبار برد و كوشتییان. وەك ئاماژەیەك بۆ سەركەوتنی لیستی عێراقییە لە هەڵبژاردنی 2010 بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەللاوی، دواتر دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نووری مالیكی پەنای بردە بەر دادگای دەستووری بۆ شڕۆڤەكردنی مادەی 76ی دەستوور، دادگاش لە بەرژەوەندی مالیكی شڕۆڤەی دەستووری كرد كە ئەو لیستە حكوومەت پێكدەهێنێت كە زۆرینەی ناو پەرلەمان بێت نەك براوەی هەڵبژاردن، بەو شڕۆڤەیە دادگا بزمارێكی گەورەی كوتا لە حكوومەتی زۆرینە كە حكوومەتێكی نیشتمانی بێت، جگە لەمەش بۆ ئەبەد پۆستی سەرۆك وەزیرانی بەسەر پێكهاتەی شیعە تاپۆ كرد.

عەبتان گوتی، كاتێك بیر لە ئێستەی عێراق دەكەیتەوە، تێدەگەی پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكوومەتی عێراقی زۆر قورس دەبێت بە بەراورد بە كابینەكانی پێش خۆی، چونكە هیچ لیست و هاوپەیمانیەتییەك ناتوانێت زۆرینەی رەهای دەنگەكان بەدەست بهێنێت كە لە هەڵبژاردنی رابردوو بە دەستی هێنا بوو.

حاكم جاسم محەمەد جەعفەر پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە كە بۆ "عەرەبی جەدید" قسەی كردووە ئاماژە بەوە دەكات، هەمووان دەزانن كە حكوومەتی تەوافقی شكستی خواردووە و كەس پێی رازی نییە و نەیتوانیوە ئامانجەكانی خۆیشی بهێنیتە دی، تەنانەت هەموو لایەنەكانیش گلەییان لە حكوومەتەكانی هەیە، بۆیە باشتر ئەوەیە حكوومەتی زۆرینەی سیاسی پێكبهرێنرێت كە ئەمە جەوهەری دیموكراسییە، زۆرینە حوكم دەكات و ئەوەی تریش دەبێتە ئۆپۆزسیۆن و گەندەڵیی و كەموكوڕییەكانی بەدەر دەخات.

زیاتر گوتی،  حكوومەتی زۆرینەی سیاسی بە مانای حكوومەتی یەك پێكهاتە نا، بەڵكو زۆرینەی سیاسی بە مانای زۆرینەی عێراقی كە لە هەموو پێكهاتەكان تێیدا بەشدار بن، بە مانایەكی تر چەند حزبێك لە شیعە و سوننە و كورد بەشداری لە حكوومەتەكە بكەن و ئەوانی تریش ئۆپۆزسیۆن بن.




وشە - فه‌رمان سادق