پلانێكی تری بەغدا دژی كارمەندانی تەندروستی ئاشكرا دەبێت

:: PM:03:24:19/03/2018 ‌

بەرپرسێكی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی ئاشكرای دەكات، لە پێدانی ئەو هەواڵانە لەسەر مووچە تەنیا تێكدانی دەروونی كارمەندان و تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵگەیە، بۆیە پێویستە حكوومەت ڕوونكردنەوەمان پێبدات.

ئەمڕۆ دووشەم 19ـی ئادار، جەبار محەمەد نەقیبی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی بە "وشە"ـی راگەیاند، ئێمە لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەمان بە وردی باسمان لە كۆمەڵێك بابەت كرد كە بەدرێژایی تەنگژەكانی هەرێمی كوردستان كە زۆرینەیان بەرۆكی ناوەندەكانی تەندروستییان گرتووە، بەڵام كارمەندان بەردەوامن لە كارەكانیان، هەڵوێستەكانیشیان لەپێشەوە پاراستنی بەرژەوەندی كوردستان و خەڵك بووە.

نەقیبی سەندیكای تەندروستی دەڵێت، بەداخەوە چەند مانگێكە شەڕێكی دەروونی زۆر خراپ لەگەڵ تەندروستی و پەروەردە دەكرێت، كە لەلایەن بەغداوە لەبەر گرنگییان مووچەیان بۆ دابین دەكرێت و دەنگۆكان بەجۆرێك بوون، رەوشێكی زۆر خراپی دروستكرد لەسەر كارمەندانمان، چونكە ئومێدی لەسەر چێنرابوو و حكوومەتیش هەڵوێستی نەبوو لەسەر ئەو بابەتەی ئێستە.

جەبار محەمەد ئاشكرای كرد،وەك سەندیكا لەدوای هەڵوێستی توێژەكەی خۆیان دەبن و ئەوەشی راست و دروستە بەغدا بڕیاری داوە پارەكە تەنیا بۆ ئەو دوو وەزارەتە نییە، بەڵام دەبێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی روونكردنەوە بدەن، چونكە ئەگەر ئەو پارەیە بۆ مووچەی تەواوی فەرمانبەران بوو، دەبوو پێشتر روونكردنەوەی بدایە، نەك بەشێوەی كتوپڕ روونكردنەوە بدات، كە دۆخێكی ناجێگیری دەروونی دروستكردووە، بەداخەوە ئامانجیان تەنیا تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی ناو كۆمەڵگەی كوردستانییە و رەخنەو گلەیییەكانیشمان ئاراستەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە.

دوای ئەوەی عێراق لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەڵێنی ناردنی مووچەی سەرجەم وەزارەتەكانی بە هەرێمی كوردستان داو حەیدەر عەبادی خۆی لەلێدوانی دووپاتی لەوە كردەوە كە بەر لە نەورۆز مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەبێ‌ پاشەكەوت دەنێرن، كەچی بە نووسراوێكی فەرمی دەركەوتووە تەنیا بڕی 300 ملیاری ناردووە.




وشە - رامیار جەواد