نەجمەدین كەریم لە كەركووكەوە پەیامێك بۆ خیانەتكارانی 16ـی ئۆكتۆبەر دەنێرێت

:: PM:05:04:20/03/2018 ‌

نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك پەیامێك بۆ خەڵكی كەركووك دەنێرێت و پەیامێكیش بۆ خیانەتكارانی 16ـی ئۆكۆتبەر دەنێرێت و دەڵێت، دۆخی كەركووك تاوەكو سەر بەردەوام نابێت.

ئەمڕۆ سێشەم 20ـی ئادار/ مارس، نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك لە پەیامێكی بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆزەوە لە شارەدێێ‌ پردێی باكووری كەركووك گوتی، پیرۆزبای نەورۆز لە خەڵكی كوردستان و خەڵكی كەركووك دەكەم ئێمە دەبێت یادی شەهیدەكانمان بكرداییەوە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی لە 16ـی ئۆكتۆبەر ڕوویدا بەداخەوە وایكرد خەڵكەكە بە ئازادی ناتوانێت یادی نەورۆز بكاتەوە.

پارێزگاری كەركووك گوتی، ناكرێت دۆخەكە بەو شێوەیە بەردەوام بێت و بەردەوام نابێت، دڵنیاتان دەكەمەوە كەركووك دۆخەی بەو شێوەیە نامێنێت.

نەجمەدین كەریم ئاشكرای كرد ئەوەی لە 16ـی ئۆكتۆبەر كراوە كەركووكی بەو دۆخە گەیاند، بەڵام بە دڵنیاییەوە كەركووك نابێت بەو شێوەیە بمێنێت و نابێت ئێمە بچینە كەركووك بە مۆڵەتی ئەوانە بێت كە كەركووكیان داگیركردووە بەداخەوە ئێستە لە كەركووك خەڵك دەڕفێنن و ماڵ دەسوتێت و خەڵك ئازار دەدرێت.

لەكۆتای پەیامەكەی پارێزگاری كەركووك گوتی، ئێمە لەو یادە دەیڵێینەوە خەڵكی كەركووك ئەو شتانە دەپارێزێت كە كەركووكی پێكەوە ژیانە و خەڵكی كەركووك قبوڵی ناكات ئەو دۆخەی ئێستە هەیە، هەروەها داگیركەران دەبێت ئەوە بزانن خەڵكی كوردستان سەر دەكەوێت.

دوای خیانەتی باڵێكی سەربازی یەكێتی لە 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو كەركووك كەوتە دەست میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كە بووە هۆی ئاوارەبوونی 170 هەزار هاووڵاتی كورد و ڕووخانی 600 خانوو و لە دەستدانی لە %50ـی خاكی كوردستان.



وشە - رامیار جەواد