قسەكانی ئەو واقیعە ناگۆڕێت
فەرماندەیەكی حەشدی شەعبی: لاهوور كەركووكی پێشكەشی ئێمە كرد

:: PM:02:07:24/03/2018 ‌
فەرماندەیەكی حەشدی شەعبی هێرش دەكاتە سەر لاهوور جەنگی لەسەر ئەو قسانەی لە كەركووك كردی. بە لاهوور دەڵێ، ئەو قسانەت هیچ لەو واقیعە ناگۆڕن كە تۆ هاوكارمان بووی تا كەركووكی پیرۆز بگرین و كۆنتڕۆڵی بكەینەوە.

دوای ئەوەی لە 20ی ئەم مانگە لاهوور جەنگی لە كەركووك بە زمانێكی دوور لە ئەتەكێتی سیاسی قسەی كرد، ئەو قسانەی بە توندی لەلایەن میلیشیاكان و پارێزگارە عەرەبەكەی كەركووك ڕەت كرایەوە و میلیشیاكان بەڵێنیان دا، لاهوور بگەڕێتەوە كەركووك ڕووبەڕووی دەبنەوە و قاچەكانی دەشكێنن، بەڵام لاهوور بێدەنگە و هیچ وەڵامێكی بەرانبەر ئەو میلیشیایانە نییە، كە دووپات لە شكاندنی دەست و قاچی دەكەن و بە زماندرێژ ناوی دەبەن.

ئەبو ڕەزا نەجاڕ بەرپرسی میحوەری باكوری كەركووك میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئێمە حیساب بۆ قسەی كەسانێك ناكەین كە خاكیان فرۆشتووە و دۆڕاندوویانە، ئەو جنێوانەی ئەو كەسە گوتی لە كەركووك قسەی ژنانە، ئەگەر خاوەن هەڵوێست بووایە، بەخێرایی كەركووكی جێ نەدەهێشت، ئەوكات ئێمە دەمانزانی چی پێ دەكەین و چارەمان دەكرد.

زیاتر گوتی، لاهوور بە پاڕانەوە لە سێ دەزگەی تەناهی جیاجیا لە بەغدا، ئینجا ڕەزامەندی وەرگرت تا ڕێی بدەین بێتە ناو كەركووك، بەڵام ئیتر ئەوەیشی نەما و بێتەوە لە كەركووك قسەی زل بكات.

لە كۆتای قسەكانی ئاماژەی دا، جیا لەوەیش ئێمە زۆر گرنگی بەو قسانەی ئەو نادەین، چونكە بەهاوكاری لاهوور توانیمان كەركووكی پیرۆز بگرینەوە و ئیتر ئەو قسانەی هیچ لە واقیعەكە ناگۆڕێ و هیچ كاریگەریشی نابێت.

لاهوور جەنگی لە ئێوارەی 20ی ئەم مانگە دوای ئەوەی تكا و ڕەزامەندی سێ لایەنی تەناهی بەغدای وەرگرت، ئینجا ڕێی درا بۆ ماوەی دوو سەعات بچێتە كەركووك، لەوێ بەزمانی جنێو قسەی كرد و بە گەنجانی كەركووكی گوت، كە ئەو ناڕواتەوە و كەركووك دەپارێزێ، بەڵام دوای سەعاتێك لەو قسانەی كەركووكی جێ هێشت و گەنجانی كەركووكی لە بەردەم سووكایەتی و ئەشكەنجەی هێزەكانی عێراق تەنیا هێشتەوە، هاوكات لەبارەی ئەو جنێوانەی بە ڕاكان سەعیدی پارێزگارە عەرەبەكەی كەركووكی دا، كە لە ئەنجامی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر بووە پارێزگار، راكان سەعید لە میدیاكان دووپاتی كردەوە، سكاڵای لەسەر تۆمار دەكات و ڕێیشی پێ نادەن جارێكی تر بگەڕێتەوە كەركووك. گوتەبێژی میلیشیاكانی حەشدی شەعبیش لە خورماتوو گوتی، كە لاهوور بگەڕێتەوە كەركووك زمانی دەبڕین.

لاهوور جەنگی یەكێكە لەو گرووپە هەرزە و كاڵفامەی كە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریان ئەنجام دا و لە بەرانبەر بە قاچاخبردنی نەوتی كەركووك، شارەكەیان بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی فرۆشت و بوون بە كەواسووری بەر لەشكری دوژمن.


وشە - محەمەد میران