هەر كەس بە حەشدی شەعبی بڵێ میلیشیا دەگیرێت

:: PM:04:08:27/11/2016 ‌

ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد، دوای دەرچوونی یاسای دەستەی حەشدی شەعبی، هەر كەس و لایەن و دامەزراوەیەكی میدیایی ناوی حەشدی شەعبی بە میلیشیا ناو ببات، ئەوا لە ژێر چەتری یاسای عێراقیدا لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەكرێت.

مۆفەق روبەیعی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كرد،  هەر كەس و دامەزراوەیەكی میدیایی عێراق و عەرەبی و بیانی ناوی هێزەكانی حەشدی شەعبی بە خراپ ببات، لە نێویاندا ناوبردنیان بە "میلیشیا" دەچێتە بەردەم یاسای عێراق و بەگوێرەی یاساكان لێپێچنەوەی لەگەڵ دەكرێ و سزا دەدرێ.

هەروەها گوتی، حەشدی شەعبی و هێزە تەناهییەكان بە تەواوی پێكهاتەكانیانەوە نوێنەرایەتی عێراق دەكەن، ئەگەر ئەوان خراپ ناویان ببرێ، واتە عێراقییەكان خراپن، یاساش دەتوانێ عێراقییەكان بپارێزی لە بەخراپ ناوبردنیان لە ناوخۆ و ناوچەكەدا.

ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی مالیكی پیرۆزی بە یاسای حەشدی شەعبی دەدا و گوتی، یاسای حەشدی شەعبی تاكە یاسایە بەشێوەیەكی دیموكراتی و بە بەكارهێنانی شێوازی زۆرینەی سیاسی دەنگی لەسەر دراوە، دوور لە رێككەوتنی سیاسی و تایفی و پێكهاتەكانی عێراق.

دوێنێ شەموو پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێكی ئاساییدا، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران دەنگی لەسەر پڕۆژە یاسای دەستەی حەشدی شەعبی دا و یاساكە بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتارانەوە پەسەند كرا.

میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە 17 گرووپی جیاجیای میلیشیاكانی شیعە پێك هاتووە، لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 دوای فتوایەكی عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكانی عێراق دژی تیرۆریستانی داعش دەستیان بە جموجۆڵ كرد و دواتریش لە ژێر ناوی حەشدی شەعبی كۆ كرانەوە.

ئەو گرووپە میلیشیایییە دەستیان هەبووە لە دزین و تاڵانكردنی ماڵی هاووڵاتییانی شاری تكریت و وێرانكردنی 250 مزگەوتی سوننەكان لە ناوچەكانی دیالە و هەروەها لە فەلووجە هاووڵاتییانی سڤیلی سوننەیان بۆردمان كردووە و ئەمڕۆش دەستیان بە بۆردمانكردنی گەڕەكەكانی باشووری تەلەعفەر كردووە كە دەكەوێتە رۆژئاوای مووسڵ و ژمارەیەكی زۆر خەڵكی مەدەنی تێدایە.

سەرچاوە/غەدپرێس.


وشە - باز ئه‌حمه‌د