باوكێكی كورد لەبەر بڕوانامە دوو جار ژیانی كچەكەی تێك دەدا

:: PM:03:07:12/04/2018 ‌
"ئاشنا" ماوەی پێنج ساڵ پێوەندی لەگەڵ "دیار" هەبووە، بەڵام لەبەرئەوەی دیار خاوەن بڕوانامە نەبووە، ماڵی باوكی ئاشنا ڕازی نەبوون كچەكەیانی پێ بدەن بەو پاساوەی 26 ساڵ كچیان پەروەردە كردووە تا بووە بە ئەندازیار، بۆ ئەوەی نەیدەن بە نەخوێندەوار. دوای ئەوەی شەش جار دیار دەچێتە داخوازی و بێهیوا دەبێت لەو هاوسەرگیررە، كچێكی تر دەكات بە هاوسەری و ئاشنایش دووجار ژیانی تێك دەچێت.

دیار دووكانی ئامێری ئەلیكترۆنیاتی هەیە، بەهۆی كڕینی كەلوپەلی زانكۆوە لەگەڵ ئاشنا یەكتر دەناسن، دوای ماوەیەك دەبن بە هاوڕێ. بەگوتەی ئاشنا، ئەوكاتە لە بەشەناوخۆیی بووە دیار جێی هەموو كەسی بۆ گرتووەتەوە زۆر هاوكاری بووە. لەوەش زیاتر دەڵێ "هەر شتێك بۆ كچێك پێویست بێت بە زیادەوە بۆی دەكردم، تا ئەو ئاستەی گۆمانم دەكرد ماڵێ ئەوان منیان نەوێت بەهۆی ئەوەی كوڕەكەیان زۆرباش بوو، بەڵام پێچەوانەكەی رووی دا كە هەرگیز بیرم بۆ ئەوە نەچووبوو، ماڵی ئێمە ڕازی نەبن و بەو شێوەیە ژیانم وێران بكەن".

ئاشنا وردەكاری زیاتر لەبارەی پێوەندی خۆی و دیار بۆ "وشە" ئاشكرا دەكات كە بەهۆی بڕیارێكی ماڵی باوكیەوە تەواوی ژیانی گۆڕاوە. زیاتر گوتی "دایك و باوكم بەناوی ئەوەی لەبەر داهاتووی من بە دیارم نادەن، ژیانیان تاڵ كردم و بێبەشیش بوون لە ژیان لەگەڵ كوڕێك كە لە هەموو كەس باشتر بوو بۆم و لە نەبوونی ئەواندا هەزاران جار پاراستوومی، بەڵام ئەوەیان نەدی و تەنیا چاویان لە بڕوانامە و پلە و پۆست بوو".

دوای ئەوەی ئاشنا زانكۆ تەواو دەكات، لەگەڵ دیار پلانی هاوسەرگیری دادەنێن، كاتێك ماڵی دیار یەكەم جار دەچنە داوای، پێیان دەڵێن وەڵامتان دەدەینەوە. دواتر بە كچەكەیان دەڵێن ئاگاداریان بكە نەیەنەوە بەر دەرگامان، بێ ئەوەی هۆی رەتكردنەوەی ئاشكرا بكەن، بەڵام خۆشەویستییەكە دیار ماندوو ناكات و چەندان جار دەچێتەوە داخوازی ئاشنا، بەڵام دواجار باوكی ڕاستەوخۆ بە روویاندا دەدات كە "كچەكەم ئەندازیارە و ئەو هەموو ساڵە ڕەنجم لەگەڵی كێشاوە بۆ ئەوەم نەبووە بیدەم بە نەخوێندەوارێك و بۆ ئەوەی كوڕەكەتان خۆشبەخت بێت بڕۆن كچێكی ماڵی بۆ مارە بكەن، چونكە كچی خۆم بە ئەندازیار یان پزیشك دەدەم".

ئاشنا باس لە كاردانەوەی دیار دەكات لە دوای ئەو وەڵامە سەختەی پێی دراوە، لەوكاتەی ئاشنا بەرەو ڕووی ماڵ دەوەستێت و دەڵێ حاشاتان لێدەكەم و دەچم هاوسەرگیری لەگەڵ دیار دەكەم چونكە لە هەموو كەس باشترە بۆم و ئێوەش ڕۆژێك دێت پەشیمان دەبنەوە، بەڵام دیار ڕازی نەبوو بەهەموو جۆرێك ئەوەی ڕەت كردەوە و گوتی "تۆ تاقانەی دایك و باوكتی و من قەت ڕێگە بەوە نادەم ئەو هەڵە گەورەیە بكەیت".
"ئیتر بە ناچاری جیا بووینەوە، دوای ماوەیەك منیان دا بە ئەندازیارێكی ناخ بەتاڵ، دیار بۆ خۆی هاوسەرگیری لەگەڵ كچێكی پارێزەر كرد، ئەوان ئێستە بە ئاسوودەی دەژین، بەڵام من لە دۆزەخ، دڵنیام ئاسوودەن چونكە دیار نموونەیترین پیاوە و بێگومان لەوەی هاوسەری هەر ژنێك بێت دەیكات بە شا ژن" ئەمە گوتەی ئاشنایە.

ئەو كچە تاقانە، لەگەڵ ئەو كوڕەی ماڵەوە بۆی هەڵدەبژێرن هاوسەرگیری دەكات، بەڵام تەنیا شەش مانگ لای دەبێت و جیا دەبنەوە. ئاشنا ددان بەوەدا دەنێت كە ئێستە و ئەو كاتەیشی ژنی ئەندازیار عبدوڵا بووە هەر دیاری خۆشویستووە، بەڵام دڵنیایی دەدات كە هەمیشە هەوڵی داوە ژنێكی باش بێت و ئەوەی كۆتای بەو هاوسەرگیریە هێناوە، بەگوتەی ئاشنا "بەتاڵی ناخی عبدوڵا بوو".

لەبارەی هۆكارەكەی روونی دەكاتەوە "عبدوڵا دوای هاوسەرگیری هەموو ئازادیەكی زەوت كردم دەوت دەبێت لە ماڵەوە خزمەتی من و دایكم بكەی و تەنیا لەگەڵ خۆم بۆت هەیە بچیتە دەرەوە و هەزار و یەك شتی تر، كە بە بڕوای دایك و باوكم نەخوێندەوار ئەو بۆچوونانەی هەیە بەرانبەر ژن، لە كاتێكدا هاوسەری من ئەندازیار بوو".

ئاشنا كە بە گریان و بە دەم هەنسكەوە دوا قسەكانی بۆ "وشە" دەكرد، گوتی "نازانم نەریت بوو یا ترس لە قسەی خەڵك یان ترسێكی دڵسۆزانە لە داهاتووی من، یاخۆ دواكەوتووی فكری دایك و باوكم، بەڵام هەركامیان بێت یان هەموویان بێت بەكەیەوە، تازە قیمەتی نەما و ژیانی منیان تێك دا، من جارێك بە وازهێنانم لە دیار وێران بووم، جارێك كە بە زۆر بەشوو درام و ژیانم تاڵ بوو، بۆیە ئێستە كە لە ماڵی باوكم دەژیم دەزانم پەشیمانن لەو هەڵەیە، بەڵام دادی من و دایك و باوكیشم نادات، تەنیا ئەو یادگارییانەم بۆ ماوەتەوە كە لە ماوەی پێنج ساڵ خۆشەویستی دیار بوون بە سەرمایەی ژیانم".

وشە/ ئیڤان عەبدولڕەحمان


وشە - وشه‌