یەكێتی لە ساڵرۆژی ئەنفال موستەشارێكی بەعسی ڕزگار كرد

:: PM:02:47:15/04/2018 ‌
یەكێتی تۆمەتبارێكی تری ئەنفال لە سنووری چەمچەماڵ ئازاد دەكات، لەكاتێكدا ئەو تۆمەتبارە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق داواكراوە و كەسوكاری ئەنفالكراوانیش نیگەرانن و ڕای دەگەیەنن، پێویستە وردەكاری ئازادكردنەكەی بخرێتە ڕوو.

ئەمڕۆ یەكشەم 15ی نیسان/ ئەپریل، پێشڕەو رەشید سەرپەرشتیاری كۆمەڵەی داكۆكیكار لەماف و قوربانیانیی ئەنفال لە گەرمیان بە "وشە"ی راگەیاند، دوای 20 ساڵ لە تاوانی ئەنفال لە بری جێبەجێكردنی داخوازی كەسوكاری ئەنفالكراوان زیاتر كارئاسانی بۆ ئازادكردنی تاوانباران و جاش و موستەشارەكان دەكرێ.

زیاتر گوتی، زۆر نیگەرانین لەوەی موستەشارێكی تۆمەتبار بە تاوانی ئەنفال كە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق بڕیاری گرتنی دابوو بەناوی "سەید مەجنوون" كە پێشتر لە سنووری گەرمیان و چەمچەماڵ گیرابوو، بەڵام لەلایەن هێزەكانی ئەو حزبە و دادگای سلێمانییەوە ئەو تۆمەتبارە ئازاد كراوە.

دووپاتی كردەوە كە هیچ یاسا و لێبوردنێك رێ بە ئازادكردنی جاش و موستەشارەكان نادات، بەڵام یەكێتی بە پشتبەستن بە هەندێك كاری تر ئەو موستەشارەی ئازاد كردووە.

سەرپەرشتیاری ئەو رێكخراوەی ئەنفال ئاماژەی بەوەیش كرد كە كەسوكاری ئەنفالكراون داوای وردەكاری ئازادكردنی ئەو موستەشارە دەكەن، بەڵام لە بەرنامەی كار و یاداشتی رێكخراوەكانی ئەنفال لەمساڵدا ئەو پرسە نەخراوەتەوە ڕوو.

هاوكات سەرچاوەیەكی تایبەت بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە كرد، بەر لە سێ‌ مانگ "سەید مەجنوون" ئازاد كراوە و ئەوەیش كراوەتە بیانوو كە ناوی سەید مەجنوون لەگەڵ ناوی تاوانباری تری دادگای باڵای تاوانەكان هاوشێوە بووە، بۆیە گیراوە.

لەسەر پرسی گرتنی تاهیر عوسمان و سەید مەجنوون و دواتر ئازادكردنی یەكێكیان هیچ دەزگەیەكی تەناهیی ئامادە نەبوو لێدوان بدات.
 
سەید مەجنوون نازناوی بەعس بووە بەموستەشارێكی بەشداری ئەنفال كە بە نەتەوە كوردە و خەڵكی سنووری چەمچەماڵە، دادگای باڵای تاوانەكانیش بەهەمان ناوەوە داوای دادگاییكردنی كردووە و پاش گرتنی دوو ساڵ پێش ئێستە لەگەڵ موستەشارێكی تر بەناوی تاهیر وەسمان گیراوە كە هێشتا ئەویان ئازاد نەكراوە.

یەكێتی لە ئازادكردنی تۆمەتبارانی ئەنفال و تۆمەتبارانی كیمیابارانی هەڵەبجە یەكەمجاری نییە و پێشتریش بە بڕیاری جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی ئەو حزبە لە ساڵی 2007 فڕۆكەوانەكەی كیمیابارانی هەڵەبجەی ئازاد كرد.

گەرمیان / سەبری هۆرینی




وشە - سه‌رخێڵ هاشم