بۆردمانكردنی ئەسەد...ترازان لە نێوان شیعەكانی عێراق دروست دەكات

:: AM:11:17:16/04/2018 ‌
دوای وەشانی گورزە سەربازییەكە بۆ سەر سووریا، كێشە دەكەوێتە نێوان عەبادی و وەزیری دەرەوەی عێراق و زۆر لە سەركردە شیعییەكان. ئیبراهیم جەعفەری لە 24 سەعاتدا سێ بەیاننامە بێ راوێژ بە سەرۆك وەزیران دەردەكات و هەڵوێستیش دژ بە ئەمەریكا و بەریتانیا و فڕەنسا وەردەگرێت، ئەمەش نیگەرانی توندی لای عەبادی لێ كەوتەوە و بەهۆیەوە كێشەكانی ناو حكوومەت قووڵتر بوونەتەوە.

بەرپرسێكی باڵای عێراقی ئاشكرای دەكات، بەهۆی هێرشە مووشەكییەكەی ئەمەریكا، بەریتانیا و فڕەنسا لە پێگە و دامەزراوەكانی سووریا لە شەوی شەمووی رابردوو، ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق هەڵوێستێكی پێچەوانەی حكوومەتەكەی عەبادی دژ بە هێرشەكە وەرگرت، ئەمەش ناكۆكییەكانی نێوانیانی قووڵتر كردەوە كە هاوكاتە لەگەڵ كۆتاهاتنی تەمەنی حكوومەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

 هەڵوێستەكەی جەعفەری وەك سەركردەیەكی شیعی عێراقی نوێ نییە، پێشتریش موقتەدا سەدر و سەركردەی میلیشیا شیعییەكان هەڵوێستی توندتریان دژ بە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر رژێمی ئەسەد راگەیاندووە. سەدر رای گەیاندبوو كە دەستەوەستان نابن ئەگەر هێرش بكرێتە سەر مەزارگە و شوێنە پیرۆزییەكانی شیعە لە سووریا، هاوكات سەركردەی میلیشیاكانی شیعەش ئامادەیییان نیشان دا بۆ پشتگیریكردنی رژێمی سووریا.

هەڵوێستەكان لە كاتێكدایە ماوەی سێ رۆژە شاندێكی حكوومەتی سووریا لە بەغدایە و چاوی كەوتووە بە سەركردە سیاسی و میلیشیاكانی عێراق لە بەغدا و نەجەف.

سەرچاوەیەك لە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراقی ئاشكرای دەكات، بەهۆی هەڵوێستەكەی جەعفەری كە بێ گەڕانەوە و راوێژ بووە بە عەبادی، نیگەرانی توندی لای عەبادی دروست كردووە و پێی وایە هەڵوێستەكە زۆر مەترسیدارە بۆ سەر عێراق.

 ئەو سەرچاوەیە كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، ئاماژە بە دوا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە كە عەبادی لەوێدا داوای لە وەزیرەكانی كابینەكەی كردووە خۆیان بە دوور بگرن لە هەر هەڵوێستێكی نەرێنی یان ئەرێنی لەسەر گورز وەشاندنەكەی ئەمەریكا بۆ سەر سووریا و بەهیچ شێوەیەك دەستوەردان نەكەن. گوتی "عەبادی لە كۆبوونەوەكە بە وەزیرەكانی گوتووە هەنگاوەكانی عێراق دەبێت زۆر بە هۆشیارییەوە بێت بۆ گەرەنتی پاراستنی عێراق و زیان نەگەیاندن بەهەر لایەنێكی كێشەی سووریا".
 
ئەو سەرچاوە باڵایەی نووسینگەی عەبادی ئاشكرای كرد، لە كۆبوونەوەكەدا عەبادی بڕیاری بە بڵاوەپێكردنی هێزی سەربازیی زیاتری كردووە لەسەر سنووری هاوبەش لەگەڵ سووریا بۆ رێگریكردن لە فراوانبوونی هێرشەكە و كاریگەری دانان لەسەر عێراق". گوتی "بەڵام جەعفەری بۆ هۆكاری سیاسی و هەڵبژاردن ئەو هەڵوێستەی راگەیاندووە".

سەرچاوەكە روونی كردەوە كە عەبادی شكستی هێنا لە كۆنتڕۆڵكردنی گروپە چەكدارە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كە لێدوان لەسەر پرسەكە نەدەن، بەڵام سەركردەكانی میلیشیا شیعەكان هەڕەشەی توندیان لە ئەمەریكا و هێزی ئەمەریكا لە عێراق كرد. گوتی "عەبادی پێوەندی پێوە كردوون كە پێویستە واز لەو لێدوانانە بهێنن و لە عێراق 37 ملیۆن كەس هەیە مافی ئەوەیان هەیە بە ئارامی ژیان ببەنەسەر و چیتر جەنگ روو نەدات".
 
نیگەرانییەكانی عەبادی لە كاتێكدایە كە ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوە لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكی دەست "وشە" كەوتووە، رای گەیاند ئەگەر گورزی سەربازی لە سووریا بدرێت، ئەوا زیانێكی گەورەیە و لێدانێكی كوێرانەیە.

وەزارەتی دەرەوە بەوە نەوەستا و دوای هێرشەكەش بەیاننامەیەكی تری دەركرد و رای گەیاند هێرشەكە دەرفەتێكی نوێیە تا تیرۆریستان بڵاو ببنەوە،  ئەوەشی رووی داوە كارێكی مەترسیدارە و رەنگدانەوەی خراپی بەسەر هاووڵاتییان دەبێت.

جەعفەری داوای لە لووتكەی عەرەبی كرد كە دوێنێ لە سعوودیە دەستی بەكارەكانی كرد، هەڵوێستێكی روون لەسەر ئەو "پێشوەچوونە مەترسیدارە" دەرببڕێت.

دوێنێ یەكشەم وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەیاننامەی سێیەمی لەماوەی كەمتر لە 24 سەعات دەركرد، لەو بەیاننامەیەدا ئاماژە بە پێوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان جەعفەری لەگەڵ جۆن سولیفان كاربەڕێكەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كرد لەسەر رووداوەكانی ئەمدواییەی سووریا.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە كە ئەمەریكا روونكردنەوەی لەسەر كردە سەربازییەكەی سووریا بە عێراق داوە، كە تەنیا سێ دامەزراوەی تایبەت بە دروستكردنی چەكی كیمیایی كردووەتە ئامانج.

ئیبراهیم جەعفەری لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بە كۆمەڵێك خاڵ كردووە وەك روانگەی عێراق بۆ چارەسەری كێشەی سووریا، كە دەبێت تەنگژەی سووریا بە سیاسی چارەسەر بكرێت. هەروەها عێراق دژی بەرهەمهێنانی چەكی كیمیاییە لەلایەن هەر لایەنێكەوە بێت بەو پێیەی خەڵكی عێراق پێشتر ئازاری بەدەست ئەو چەكەوە بینیوە.

شەوی شەموو 14ی نیسان، ئەمەریكا و بەریتانیا و فڕەنسا بە زیاتر لە 103 مووشەك هێرشیان كردە سەر چەندان دامەزراوەی دروستكردنی چەكی كیمیایی رژێمی بەشاڕ ئەسەد، بۆ رۆژی دواتریش لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پڕۆژە بڕیارێكیان پێشكەش كرد بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی سووریا بە رێی دیپلۆماسی و سیاسی لە چوارچێوەی بڕیاری نەتەوە یەكگرتووەكان.



وشە - فه‌رمان سادق