شاندێكی حكوومەتی هەرێم لەگەڵ ئەردۆغان كۆبوونەوە

:: PM:04:11:16/04/2018 ‌
بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەی جیهانیی ئیدارەدانی كارسازی، شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە توركیان و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە كۆ دەبنەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 16ی نیسان/ ئەپریل، لە شاری ئیستانبوڵی توركیا، كۆنگرەی جیهانیی ئیدارەدانی كارسازیی 2018 بە بەشداری شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی پێ كرد و لە كۆنگرەكەدا سێ‌ هەزار كەس لە 170 وڵاتەوە بەشدارییان كردووە و تا 19ی ئەم مانگەیش كۆنگرەكە بەردەوام دەبێت.

بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی هەرێم، شاندی حكوومەت كە پێكهاتوون لە عەلی سندی وەزیری پلاندانان، عەبدولسەلام هەركی بەرپرسی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا، شیروان ئەسعد قادر بریكاری وەزارەتی پلاندانان، زاگرۆس فەتاح بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆژەكانی وەزارەتی پلاندانان و سیروان محەمەد سەرۆكی دەستەی ئامار لە توركیان و بەشدارن لەو كۆنگرەیەدا.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، شاندی هەرێمی كوردستان بە فەرمی لەلایەن وەزارەتی ئابووریی توركیاوە بۆ بەشداریكردن لەو كۆنگرەیە بانگێشت كراون.

لە ڕۆژی یەكەمی كۆنگرەكەدا عەلی سندی لەگەڵ نیهات زەیبەكچی وەزیری ئابووریی توركیا، كۆ بووەتەوە و گفتوگۆیان لەبارەی چۆنیەتیی پەرەپێدانی پێوەندییە ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەشەكانی تری عێراق لەگەڵ توركیا كردووە. هەروەها ژمارەیەك كۆبوونەوەی تر لەگەڵ بەشداربووانی كۆنگرەكە ئەنجام دراون.

بەپێی زانیارییەكان لەو كۆنگرەیەدا رەجەب تەیب ئەردۆ‌غانی سەرۆك كۆماری توركیا گوتارێكی پێشكەش كردووە و دواتر لەگەڵ شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆ بووەتەوە.






وشە - سه‌رخێڵ هاشم