لە مووسڵ 22 داعش گیران

:: PM:04:54:16/04/2018 ‌
پۆلیسی مووسڵ گرتنی 22 داعش رادەگەیەنێ و دەڵێ گرتنی ئەو داعشانە لە چوارچێوەی هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنین بووە لە رۆژئاوای شارەكە.

ئەمڕۆ دووشەم 16ی نیسان، عەمید روكن حەمەد نامس جبووری سەركردەی پۆلیسی نەینەوا رای گەیاند، بەڕێوەبەرایەتییەكەیان توانیویانە 22 داعش لە گوندی تمارات لە رۆژئاوای مووسڵ بگرن.

روونی كردەوە كە پۆلیسی مووسڵ سەركەوتوو بووە لە بەجێگەیاندنی ئەركەكەی لە هەڵمەتی گەڕان و پشكنین بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەكانی دەستی كەوتووە لەسەر هەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارانی داعش لە گوندەكانی رۆژئاوای مووسڵ.

زیاتر گوتی "هەر لەو هەڵمەتەدا پۆلیس دەستی گرتووە بەسەر تونێلێكی سێ نهۆمی لەژێر زەویدا لە یەكێك لە زنجیرە تەپۆڵكەكانی ناوچەكە كە چەكدارانی داعش بەكاریان هێناوە وەك بارەگای ئیدارەدانی ئۆپراسیۆنەكانیان. هەر لەو هەڵمەتەدا پۆلیس توانیویەتی چوار بۆمبی ئامادەكراو بۆ تەقاندنەوە لەجێی خۆیدا بتەقێنێتەوە".

جێی باسە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە نیوەی دووەمی ساڵی رابردوو سەركەوتنی بەسەر داعش لە عێراق راگەیاند، بەڵام لەماوەی چەند مانگی رابردوو شانە نوستووەكانی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە چەندان كردەی تیرۆریستیان لە باشوور و رۆژئاوای مووسڵ و سەر رێی سەرەكیی كەركووك بەغدا دژ بە هێزەكانی پۆلیسی فیدڕاڵ و سوپا و میلیشیاكانی حەشد ئەنجام داوە.

سەرچاوە/  دیجلە



وشە - فه‌رمان سادق