كاندیدێكی لیستەكەی بەرهەم ساڵح لە هەولێر كشایەوە

:: PM:05:53:16/04/2018 ‌
كاندیدێكی لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكرێت لە سنووری برادۆست كشانەوەی خۆی ڕاگەیاند.

سەرچاوەیەكی تایبەت بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ دووشەم 16ی نیسان/ ئەپریل، فەیسەڵ كەریم خان برادۆستی لە لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كشاوەتەوە.

هاوكات پەیامنێری "وشە" لە شارۆكەی سۆران لە زاری یەكێك لە كەسە نزیكەكانی فەیسەڵ كەریم خان ڕای گەیاند، كشانەوەی ئەو كاندیدەی هاوپەیمانی لەسەر خواستی خۆی بووە و ژمارە چواریشی لە لیستەكەی بەرهەم ساڵح پێ دراوە.

كەریم خان برادۆستی یەكێك بووە لە كەسایەتییە ناسراوەكانی دەڤەری برادۆست و منداڵەكانی لە هەولێر نیشتەجێبوون و سەرقاڵی كاری بازرگانین و پێوەندییەكی نزیكیان لەگەڵ یەكێتی و پارتی هەیە.

لە 12ی ئایار هەڵبژاردنەكانی عێراق بەرێوە دەچێت كە لە هەرێمی كوردستان سێ‌ ملیۆن و 144 هەزار و 730 دەنگدەر هەن و 25 قەوارە بەشدارن لە چوارچێوەی 19 حزب و چوار هاوپەیمانی‌ و دوو كاندیدی‌ تاك، هاوكات 357 كاندید نێرن و 146 كاندید ڕەگەزی مێن كە كێبڕكێ‌ لەسەر 46 كورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەن.






وشە - سه‌رخێڵ هاشم