فڕەنسا 50 ملیۆن یۆرۆ هاوكاری سووریا دەكات

:: AM:09:33:17/04/2018 ‌
سەرۆكی فڕەنسا ئیمانوێل ماكرۆن ئاشكرای كرد، پاریس بە بڕی 50 ملیۆن یۆرۆ دەكاتە 61 ملیۆن دۆلار پكشداری لە گەیاندنی هاوكاری مرۆیی بە پەلە بۆ خەڵكی لێقەوماوی سووریا دەكات، ئەمەیش دوای كۆبوونەوەی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی بواری مرۆیی لە پاریس هات، بە ئامانجی كۆكردنەوەی كۆمەك و گەیاندنی بۆ خەڵكی سووریا ئەنجامیان دا.

ماكرۆن لە ئەكاونتی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوی كردەوە، ئێوارەی دووشەم ڕێكخراوە ناحكوومییەكان لە پاریس كۆبوونەوە، بۆ هاوكاریكردنی خەڵكی سووریا، فڕەنسا لەوبارەوە پرۆگرامێكی بە پەلەی فریاكەوتنی هەیە و بە بڕی 50 ملیۆن یۆرۆ كۆمەكی مرۆیی دەگەیەنێتە خەڵكی لێقەوماوی سووریا.

لەلایەكی ترەوە نووسینگەی سەرۆكی فڕەنسا ئاشكرای كرد، ئەو بڕە پارەیە بە ڕێكخراوە ناحكوومییەكان و ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەدرێ، كە ئێستە لە سووریا كار دەكەن و كۆمەكی خەڵكی لێقەوماو دەكەن.

لە دیدارەكە زیاتر 20 ڕێكخراوی ناحكوومی لەگەڵ ماكرۆن لە كۆشكی ئەلیزێ كۆبوونەوە، كە لە نێویاندا ئەكیش ئەید و خاچی سوور بوونیان هەبوو.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە سووریا زیاتر لە 13 ملیۆن كەس پێویستیان بە هاوكاری بە پەلەیە، لە ناویاندا شەش ملیۆنیان منداڵن و لە دۆخێكی زۆر خراپدا دەژین.

لە دوای سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەكان لە سووریا لە 2011ەوە تا ئێستە، ئامارەكان دەریانخستووە نزیكەی 500 هەزار كەس كوژراون و 12 ملیۆن كەس ئاوارە بوون و خەڵكی سڤیلیش لەلایەن هێزەكانی ڕژێمی ئەسەد 400 جار بە گازی كیمیایی بۆردمان كراون.


وشە - باز ئه‌حمه‌د