عێراق فێری دیموكراسی نابێ..كاندیدەكان پۆستەری یەكتر لێ دەكەنەوە

:: AM:11:36:17/04/2018 ‌


 بۆ رۆژی سێیەم بەدوای یەك دیاردەی دڕاندن، سووتاندن و دزینی وێنەی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەردەوامی هەیە، پۆلیسیش ناتوانێت ئەو كەسانە بگرێت بەو كارە هەڵدەستن كە هێرش دەكەنە سەر بانگەشەی هەڵبژاردنی لیست و قەوارەكان. رێكخراوێكی پێوەنداریش بە كاروباری هەڵبژاردن دەڵێ، زیاتر لە سێ ملیۆن پۆستەری هەڵبژاردن لە تەواوی شارەكانی عێراق بڵاو بوونەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 16ی نیسان، چوارەمین رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنە لە عێراق و دوای بڵاوكردنەوەی سەدان هەزار پۆستەر لەلایەن كاندیدەكانەوە لە شارەكانی عێراق، هەڵمەتێكی دڕاندن و سووتاندن و دزینی پۆستەر و وێنەی كاندیدەكان دەستی پێ كردووە و خەریكە دەبێتە دیاردە، تا ئێستەش پۆلیس هیچ كەسێكی لەسەر هێرشكردنە سەر پۆستەری كاندیدەكان نەگرتووە.

بەرپرسێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراقی دەڵێ، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان داوای هاوكاری لێ كردوون بۆ رێگرتن لەو دیاردەیە و تا ئێستە زیاتر لە هەزار كاندید لە سەرانسەری پارێزگاكانی عێراق سكاڵایان لای كۆمسیۆن تۆمار كردووە، ئەم دیاردەیەش خەریكە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق كە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت و قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، لە هەڵبژاردنی رابردوو دڕاندنی پۆستەر دژ بەلایەنێكی دیاركراو هەبوو، بەڵام وەك ئەمجارە بە بەربڵاوی نەبووە. لەگەڵ ئەمەشدا ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆ رەتی دەكاتەوە ئەوەی روو دەدات كارێكی بەرنامە بۆ دابڕێژراو بێت، بەڵكو دەڵێ ئەوەی روو دەدات پەرچەكرداری نیگەرانی خەڵكە كە ئەم هەڵبژاردنەش هیچ لە دۆخەكە ناگۆڕێت.

لەسەر ئەو پرسە ئەحمەد سەعدی ئەندامی رێكخراوی "بەغداد مەدەنیە" كە یەكێكە لەو رێكخراوانەی چاودێری هەڵبژاردن دەكات، دەڵێ زۆرینەی دەستدرێژییەكان خۆی لە دڕاندن یان لێكردنەوەی پۆستەرەكان دەبینێتەوە و چوارچێوەی وێنەكەش دەدزن، لەمەشدا خەڵكی هەژاری گەڕەكە هەژارنشینەكان تۆمەتبار دەكرێن بە دزینی چوارچێوەی پۆستەرەكان.

ئەوەشی خستەڕوو كە دڕاندنی پۆستەرەكان، دەتوانین بڵێین پەرچەكرداری تووڕەیی خەڵكە، بەڵام دزین و سووتاندن پێ دەچێ بە بەرنامە بێت و دەستێكی لە پشتەوە هەبێت.

ئەحمەد گوتی، "دیاردەكە بە سووتاندن و دڕاندن و دزی كۆتای نەهاتووە، بەڵكو لەسەر هەندێك لە پۆستەرەكان نووسین هەیە، وەك دروشمەكانی ئێستەت هەمان دروشمی 10 ساڵ پێش ئێستەیە، یان درۆ دەكەی و باوەڕی پێ مەكەن، یان عێراق باشە ئەگەر ئێوە بڕۆن و وازمان لێ بێنن، یان ئەگەر پەرلەمانتاری بێ مووچە و دەستكەوت بووایە نەتاندەكرد..".

 ئەحمەد ئەبو حەسنە دانیشتووی شاری سەدر دەڵێ، تا ئێستە سێ پۆستەری دڕاندووە تا خەڵك بە دروشمەكانی كاندیدەكان هەڵنەخەڵەتێنرێن. گوتی "تەمەنم 36 ساڵە هێشتا هاوسەرگیریم نەكردووە و هیچ كارێكیشم دەست نەكەوتووە، لە خانوویەكدا دەژیم كە رووبەرەكەی تەنیا 50 مەترە كە خێزانەكەمان 12 كەسین. لە هەڵبژاردنەكانی 2006 و 2010 و 2014 هیچمان دەست نەكەوت، كەواتە ئێمە وەها بێ خاوەنین كە ئەوان هەڵبژێرین و بە دروشمەكانیان باوەڕ بكەین؟"، گوتی "بڕیارم داوە وێنە و پۆستەری هەموو ئەو كاندیدانە بدڕێنم كە دەكەونە بەرچاوم".
 
یەكێك لە كاندیدەكانی هاوپەیمانی "سائرون" لە پارێزگای بابل دەڵێ، دوای لێكۆڵینەوە بۆی دەركەوتووە یەكێك لە ئاسنگرەكان كە خۆی چوارچێوەی 200 پۆستەری بۆ دروست كردووم، كوڕی خوشكی ناردووە بۆ سووتاندنی پۆستەرەكان و دزینی چوارچێوەكان تا جارێكی تر بە ناچاری سەردانی بكەمەوە و چوارچێوە ئاسنەكەی لێ بكڕمەوە. گوتی "لەسەر ئەمە لای پۆلیس سكاڵام لە دژ تۆمار كردووە".

 چالاكان دەڵێن دڕاندن و سووتاندن و دزینی وێنە و پۆستەری كاندیدەكان سێ رەهەندی هەیە، یەكێك لەوان نیگەرانی و تووڕەیی خەڵكە و دووەمیش بەشێكیان ئاسنی چوارچێوەكە دەدزن و ئەوەی تریشیان ركابەرایەتی و ململانێی سیاسیی نێوان كاندیدەكان خۆیانە.

 مەیسەم حیاوی چالاكی كۆمەڵگەی مەدەنی دەڵێ، لەگەڵ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن،  سووتاندن و دزین و دڕاندنی پۆستەرەكان دەستی پێ كردووە لە هەموو شارەكانی عێراق بەبێ جیاوازی، ئەوانەی ئەو كارەش ئەنجام دەدەن بەشی زۆریان هاووڵاتییانی ناڕازین لە رەوشی وڵات و بێهیوا بوونە.

حەیاوی كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە گوتی، "بەشێك لە سووتاندن و دڕاندن و دزینی پۆستەرەكان لەلایەن كاندید و هەوادارانیان ئەنجام دەدرێت وەك بەشێك لە ململانێیەكی ناشەریفانە دژ بە یەكتر، بەڵام ترسەكە لێرەدا ئەوەیە كە شەقامی عێراق لەسەر ئەو دیاردەیە بەردەوام بێت و شەڕ لە نێوان لیست و حزب و كاندیدەكانی لێ بكەوێتەوە بە تایبەت كاتێك هەموو حزبەكان باڵی چەكداریان هەیە و چەكیشیان بە دەستە"، گوتی "ئەوانەی پۆستەرەكان دەدزن، پێویستیان بە ئاسنەكەی هەیە بۆ فرۆشتنەوەی كە نرخەكەی لە بازاڕ دەگاتە 10 هەزار دینار بۆ هەر چوارچێوەیەك".

هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لە 12ی مانگی داهاتوو ئەنجام دەدرێت، 206 لیست و هاوپەیمانی و حزب بە زیاتر لە حەوت هەزار كاندید بەشداری تێدا دەكەن و كێبەركێ لەسەر بەدەستهێنانی 329 كورسیی پەرلەمانی عێراق دەكەن.



وشە - فه‌رمان سادق